فۆکۆ یاما بۆ رووداو: پێویستە لە کوردستان دەوڵەتی خۆتان هەبێت
رووداو دیجیتاڵ
فۆکۆ یاما، بیرمەندی بەنێوبانگی ئەمریکی رایدەگەیێنێت، دەبێت لە هەرێمێکی وەک کوردستان ناوەندەکانی وەک دەستەی دەستپاکی هێزیان پێبدرێت و سیاسییەکان دەسەڵاتی تەواویان پێبدەن، نەک دەستبخەنە نێو کاروبارەکانیانەوە، بەو شێوەیە دەتوانن رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە.
فۆکۆ یاما، سیاسەتڤان و نووسەری ئەمریکی لە کۆڕبەندێکی تایبەت لە واشنتن لەبارەی گەڕاندنەوەی متمانەی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی قسەی بۆ رووداو کرد. ئەو پێی وایە، یەکێک لە رێگە هەرە کاریگەرەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە کوردستان ئەوەیە کە "دەوڵەتێکی خۆتان لە کوردستان هەبێت،" لە بوونی دەوڵەتیش مەبەستی لە خەڵکە، "خەڵکانێک پڕ لە زانست و بەهرە کە ئێمە پێی دەڵێین توانای دەوڵەت، ئەو خەڵکانەش نابێت بەشێکبن لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بەڵکو خەڵکانێکی تەکنۆکراتبن و پێویستە لەسەر بنچینەی بەهرە و تواناکانیان وەربگیرێن، زانیارییان هەبێت کە چۆن بتوانن دامەزراوەیەکی دەوڵەت بەشێوەیەکی کاریگەرانە بەڕێوەببەن."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فۆکۆ یاما
رووداو: زۆر سوپاس کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمەدایت، پرسیارەکەم ئەوەیە هەرێمێکی وەک هەرێمی کوردستان لەنێو دەوڵەتی عێراقدا، چۆن دەتوانێت بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە کە خۆت دەزانی گەندەڵی هەموو شوێنێکی گرتووەتەوە؟
فۆکۆ یاما: پێموایە یەکێک لە رێگە هەرە کاریگەرەکان ئەوەیە کە دەوڵەتێکی خۆتان لە کوردستان هەبێت، لە دەوڵەت مەبەستم لە خەڵکە، خەڵکانێک پڕ لە زانست و بەهرە، کە ئێمە پێی دەڵێین توانای دەوڵەت، ئەو خەڵکانەش نابێت بەشێکبن لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بەڵکو خەڵکانێکی تەکنۆکراتبن و پێویستە لەسەر بنچینەی بەهرە و تواناکانیان وەربگیرێن، زانیارییان هەبێت کە چۆن بتوانن دامەزراوەیەکی دەوڵەت بەشێوەیەکی کاریگەرانە بەڕێوەببەن کە پێموایە ئەمە شوێنی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە سیاسییەکان کەسانێکی سەر بە خۆیان دادەنێن، ئەمەش لەو شوێنانەی وەک کوردستان هەن.''
رووداو: هەرێمی کوردستان دەستەی دەستپاکی هەیە، بەڵام پێتوایە هەبوونی دەستەیەک بەسە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمێکی وەک هەرێمی کوردستانی عێراق؟
فۆکۆ یاما: ئەمە دەگەڕێتەوە سەر سیاسییەکان، دەتوانیت دەستەیەکت هەبێت، بەڵام ئەگەر هێزی راستەقینەی نەبێت تاوەکو خەڵک رووبەڕووی بەرپرسیارییەتی بکاتەوە، هەبوونی دەستەکە زۆر کاریگەر نابێت، زۆربەی کاتیش سیاسییە خاوەن دەسەڵاتەکان نایانەوێت ئەو جۆرە دەستانە دەسەڵاتیان هەبێت، بۆیەش دەسەڵاتی دادوەرییان پێنادەن و دەبێت پەناببەیتە لای داواکاری گشتی کە رەنگە ئەمەش ئەوانەی دەتەوێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکەیت دۆستی سیاسییەکان بن و ئەمەش وابکات سزایەکی سووک یان شتێکی لەم جۆرەیان بۆ دابندرێت، بۆیە ئەمە دەگەڕێتەوە سەر ئەو هاوسەنگییە سیاسییەی لەنێو خودی وڵاتەکەدا هەیە.'
رووداو: باشترین رێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی چییە، لە خوارەوە بۆسەرەوە یانیش لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەستپێبکرێت باشە، هەرێمەکان و وڵاتەکانی وەک عێراق چۆن دەتوانن رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە و بنەبڕی بکەن؟
فۆکۆ یاما: پێموایە دەبێت لە هەردوولایەوە بێت، لە خوارەوە دەستپێبکەیت کە رەنگە هەندێک خەڵک هەبن بێزاربووبن لە گەندەڵی و هەروەها لە سەرەوەش سەرکردایەتییەکت هەبێت بۆ ئەم بێزارییە، کاتێکیش ئەم دووانەش یەکدەگرن، ئەوکاتە پێموایە کاریگەردەبن.'
رووداو: دڵنیام لە دۆخی ئێستای عێراق ئاگاداریت، گرووپ و لایەنی جیاوازی هەن، گرووپی لێییە لەژێر کاریگەریی وڵاتانی دیکەدان، تاوەکو چ ئاستێک گەشبینیت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق؟
فۆکۆ یاما: پێموانییە بەرەوپێشچوونی باش لەو بوارەدا بکرێت، چونکە هەندێک لایەنی سیاسی لە عێراق دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری دەدەن بە هەندێک گرووپ کە چۆن بیانەوێت گەندەڵی بکەن، بەڵام پێموانییە لە کوردستان پێویستان بەوەبێت زۆر سەرنج بخەنە سەر ئەمە، بەڵکو دەبێت سەرنجتان لەسەر دامەزراوەکانی خۆتان و توانای خۆبەڕێوەبردنی خۆتان هەبێت.
رووداو: ئەی تاوەکو چەند پشتیوانی لەوە دەکەیت کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرەنگاری گەندەڵی ببنەوە و رۆڵیان هەبێت و بەشداربن لە کۆڕبەند و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی هاوشێوەی ئەم کۆنفرانسە و لە شوێنەکانی دیکەش؟
فۆکۆ یاما: پێموایە زۆر گرنگە، خۆت دەزانی کوردستان دەوڵەتی خۆی نییە، بەڵام گرنگە کە خەڵکتان هەیە لە رێکخراوی بانکی جیهانی، پێموایە ئەوان هاوکاری زۆرتان پێشکێش دەکەن.
رووداو: زۆر سوپاس، سوپاس کە میوانی رووداو بوویت
فۆکۆ یاما: سوپاس بۆ ئێوەش