وەزیری نەوتی عێراق: پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. دەشڵێت، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەریی "ئەرێنی" لەسەر جێگیرکردنی نرخی نەوت هەبووە و "بە خێر شکاوەتەوە بۆ عێراق."
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی: نزیکەی 475 بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوت هەیە کە راگیراوە و راوەستاوە لەوەی بگاتە بازاڕەکانی جیهان، بێگومان ئەمە کاریگەری ئەرێنی هەبوو لەسەر سەقامگیری و بەرزبوونەوەی نرخ.
وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت: دەستووری عێراق رێگە بە گرێبەستی هاوبەش نادات، ئەو گرێبەستانەش کە لە هەرێمی کوردستان کراون وا نازانم کە بە مانای وشەکە گرێبەستی هاوبەشی بن، لە رێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە پێداچوونەوە بە گرێبەستەکاندا دەکرێت.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق
رووداو: با لە هەڵوێستی عێراقەوە دەستپێبکەین سەبارەت بە بازاڕە جیهانییەکانی نەوت. مانگی رابردوو بڕیاری کەمکردنەوەی 1.6 ملیۆن بەرمیل نەوت درا، ئاستەکە بۆ ئەم مانگە چۆنە؟
حەیان عەبدولغەنی: وەکو دەزانن، دوایین کەمکردنەوەی بەرهەمەکان خۆویستانە بووە و ناچاری نەبوو بۆ وڵاتانی ئۆپێک. پەیوەندی و پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ برایان لە ئۆپێک کرا، لە وەزیرانی نەوت و وزەی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس رێککەوتن کرا، چونکە داڕمان هەبوو لە نرخی نەوت و نرخ بۆ ئاستێک دابەزی کە کاریگەری هەبوو لەسەر ئابووریی ئەم وڵاتانە، بۆیە ئامانج لەم بڕیارە، راگرتنی ئەم تێکچوونەی نرخەکان بوو، لەگەڵ گەرەنتیکردنی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، بۆ ئەوەی هیچ جۆرە قەیرانێکی وزە لەم بوارەدا دروست نەبێت.
رووداو: نیازتان هەیە وا بهێڵدرێتەوە؟
حەیان عەبدولغەنی: پەنا بەخوا، ئاماژە سەرەتاییەکان ئەوەیە کە هەوڵدەدەین پابەندبین بەم کەمکردنەوەیە، چونکە کەمکردنەوەی یەکەم لە سەرەتای ئەمساڵدا بوو. کەمکردنەوەی دووەمیش لە سەرەتای مانگی ئایار کرا و جێبەجێکرا، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، ئەمە واتای ئەوەیە ئێمە وەک عێراق پشکمان ئەوە بوو، سەرەتا 211 هەزار بەرمیلمان کەمکردەوە. بۆ جاری دووەمیش نزیکەی 210 هەزار بەرمیلی دیکەمان کەمکردەوە.
رووداو: وەزیری وزەی سعودیە، شازادە عەبدولعەزیر بن سەلمان گوتی: "گرەو لەسەر دابەزینی نرخی نەوت مەکەن"، پێتانوایە نەوت نرخەکانی ئێستای دەپارێزێت؟
حەیان عەبدولغەنی: پەنا بەخوا، ئاماژەکانمان بەو ئاڕاستەیەن کە نرخەکان لەم ئاستانەدا جێگیر و سەقامگیر دەبن. رەنگە لە چەند مانگی داهاتوودا بەرەو هەڵکشانیش بچێت.
رووداو: لە چ نرخێکدا بە دیاریکراوی، ئۆپێک بەرەو ئاڕاستەی وەرگرتنی رێکاری جیدی دەچێت بۆ کەمکردنەوەی بەرهەم، بۆ پاراستنی نرخەکان؟
حەیان عەبدولغەنی: وەک دەزانن، نرخە باوەکان ئێستا لە سەرووی 70 دۆلارەوەیە و بەدیاریکراوی لەنێوان 73-74 دۆلاردایە. لە هەندێک رۆژدا گەیشتە کەمێک سەرووی ئەو نرخەش، ئێمە پابەندین بەو ئاستانە لە نرخەکان، ئامانجەکە و ئەو ئاستەی هیوای بۆ دەخوازین ئەوەیە کە نرخەکان بگەن، یان سەقامگیربن لە دەوروبەری 80 دۆلار.
رووداو: واتا عێراق بە تەواوی ئاسوودە نییە بە نرخەکانی ئێستا؟
حەیان عەبدولغەنی: نەخێر، تۆ دەزانیت بۆ ئێمە وەکو عێراق، ئەو داهاتانەی لە هەناردەی نەوتەوە دێت زیاتر لە 95٪ی داهاتەکانی دەوڵەتی عێراق پێکدێنێت، بۆیە بێگومان ئێمە هیوای زیادبوونی ئەم نرخانە دەخوازین بۆ زیادکردنی داهاتەکانی دەوڵەتی عێراق.
رووداو: چ نرخێکی نەوت بە دیاریکراوی بۆ عێراق نرخێکی مەترسیدارە لە رووی ئابوورییەوە؟
حەیان عەبدولغەنی: ئێمە وەکو دەزانن، بودجەی عێراق لەسەر نرخی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بونیادنراوە، کەواتە 70 دۆلار یەکلاکەرەوەیە.
رووداو: کەواتە هێڵی سەقامگیری ئابووریی عێراق لەسەر 70 دۆلارە بۆ بەرمیلێک بۆ نەوت؟
حەیان عەبدولغەنی: بەڵێ، خۆی 70 دۆلارە و هێشتا کورتهێنان هەیە لە داهاتەکان و ئێستا دەبێت پاڵپشتی هەبێت بۆ ئەمە.
رووداو: بەهۆی راوەستانی هەناردەکردن لە هەرێمی کوردستانەوە، عێراق نەیتوانی بەگوێرەی ئەو پشکەی لە ئۆپێک بۆی دەستنیشان کراوە نەوت هەناردە بکات، راوەستانی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە، چۆن کاریگەری کردە سەر بازاڕەکانی جیهان؟
حەیان عەبدولغەنی: بێگومان، نزیکەی 475 بۆ 500 هەزار بەرمیل لە نەوت هەیە، کە راگیراوە و با بڵێین راوەستاوە لەوەی بگاتە بازاڕەکانی جیهان، بێگومان ئەمە کاریگەری ئەرێنی هەبوو لەسەر سەقامگیری نرخ و هەروەها زیادکردنی ئەم نرخانە، بەڵام سەبارەت بە عێراق لە بنەڕەتدا داواکاری هەبوون لەسەر پشکی عێراق، چونکە عێراق لە ماوەی رابردوودا پێشێلی ئەو پشکەی کردبوو، کە بۆی دەستنیشان کرابوو، بۆیە سوودمان لەم کەمکردنەوەیە بینی بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی، کە لە عێراق داواکرابوو.
رووداو: کەواتە بە خێر شکایەوە بۆ عێراق؟
حەیان عەبدولغەنی: پەنا بە خودا، عێراق پابەندییەکانی جێبەجێکرد لەبارەی ئەو پشکەی بۆ دەستنیشان کراوە لە ئۆپێک.
رووداو: بەهۆی نەبوونی هەناردە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان، عێراق ناتوانێت بگاتە ئەو پشکەی بۆ دیاریکراوە، کورتهێنان هەیە، ئەمە کاریگەری هەیە لەسەر عێراق لە ئۆپێک؟
حەیان عەبدولغەنی: نەخێر بێگومان کاریگەری نابێت لەسەر هەڵوێستی عێراق لەنێو ئۆپێک، ئەو بە شەشی کە عێراق ناتوانێت بەرهەمی بهێنێت، پەنا بەخودا لە رۆژانی داهاتوودا دەتوانێت بەرهەمی بهێنێت.
رووداو: وەکو قەرەبوو؟
حەیان عەبدولغەنی: وەکو قەرەبوو پەنا بەخودا
رووداو: لە چ کێڵگەیەکەوە؟
حەیان عەبدولغەنی: راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێم و لە کەرکووکەوە بەردەوام نابێت، دانوستاندن لەگەڵ لایەنی تورکی هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە، پەنا بەخودا هیوادارین، بەم نزیکانە پێشوازی لە شاندێکی لایەنی تورکی دەکەین، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە.
رووداو: هەندێک لە پسپۆڕانی بواری وزە و نەوت دەڵێن، کۆمپانیا گەورەکانی جیهان وەکو ئیکسۆن مۆبیل، شیڤرۆن، بی پی، وەکو پێشوو مەیلی عێراقیان نییە، بۆچی؟
حەیان عەبدولغەنی: بەپێچەوانەوە، ئەگەر باسی کۆمپانیای بی پی پیترۆلیۆم بکەین، ئەو بەکارخەری گەورەترین کێڵگەی نەوتی عێراقە کە کێڵگەی رومێڵەیە، بەهەردوو بەشەکەی، باکوور و باشوور، سوپاس بۆ خودا بابەتەکان بەڕێوەدەچن و کارکردنی بەشێوەیەکی دروست بەڕێوەدەچێت و هیچ ئاماژەیەکیش نەبووە لەلایەن کۆمپانیای بریتیش پیترۆلیۆمەوە لەبارەی ئەم کێڵگەیەوە؟
رووداو: ئایا پلانی پەرەپێدان و وەبەرهێنانی نوێ هەیە؟
حەیان عەبدولغەنی: بێگومان، وەبەرهێنانە نوێیەکان، بێگومان دەرفەت هەیە بۆ ئەم وەبەرهێنانە و باشترین بەڵگە لەسەر ئەوە ئێمە دوو گەڕی گرێبەستمان راگەیاند، گەڕێکی گرێبەستمان راگەیاند، کە ناومان لێنا گەڕی پێنجەمی تەواوکەر، کە کێڵگەی گەڕان و کێڵگەی نەوتی لەخۆگرتبوو، کە لە میسانەوە دەستپێدەکات تاوەکو ناسرییە، هەروەها کێڵگەکانی غاز، کە لەسەر سنووری رۆژهەڵاتی عێراق هەن، لەسەر سنوور لەگەڵ ئێرانی دراوسێ، بۆیە پێشوازی هەیە بەڕووی ئەم گەڕە و ئێمە گەڕێکی دیکەش رادەگەێینین، گەڕی شەشەم کە بریتییە لە کێڵگەی گەڕان لە سنووری رۆژئاوای عێراق.
رووداو: کەواتە هێشتا کەرتی نەوت و وزەی عێراق جێی سەرنجە لەلایەن کۆمپانیا ئەوروپی و ئەمریکییەکانەوە؟
حەیان عەبدولغەنی: بێگومان، ئێمە زۆر رژدین لەسەر بەشداری هەموو کۆمپانیاکان، ئەگەر ئەوروپی بێ یان ئەمریکی، یان چینی یان کۆمپانیای دیکە. دەزانی ئەم گەڕانە کراوەن بۆ هەمووان و من راستییەکەی تەنانەت لە یەکێک لە دیدارەکاندا بە لایەنی ئەمریکیم راگەیاند، ئەم گەڕە وەکو گەڕێکی باش دایدەنێین و کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەتوانن داواکاریی پێشکێش بکەن و بەشداربن لە گەڕانەدا.
رووداو: ئێوە هەروەها گرێبەستی تۆتال ئینێرجیتان هەیە کە گەورەترین گرێبەستی عێراقە لەگەڵ کۆمپانیایەکی رۆژئاوایی.
حەیان عەبدولغەنی: گرێبەستی تۆتاڵ ئینێرجی تایبەتمەندی خۆی هەیە، دەزانیت فەڕەنسییەکان چانسیان لە گەڕەکانی گرێبەستەکان لاواز بوو، بەڵام ئەم گرێبەستە پەنا بەخودا چانسی گەورەی پێدان بۆ ئەوە.
رووداو: ئەوان ئێستا گەورەترینن، بەڵام لە رووی کردارییەوە، هۆکاری دواکەوتنی و خاوی جێبەجێکردنی ئەم گرێبەستە و وەرگێڕانی بۆ واقیع چییە؟
حەیان عەبدولغەنی: گرێبەستی تۆتاڵ تایبەتمەندی هەیە، چونکە گرێبەستێکی تێکهەڵکێشراوە، بۆیە پێیدەگوترێت گرێبەستی باشووری عێراقی تەواو، ئەم گرێبەستە وەبەرهێنانی غاز و بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەخۆدەگرێت لەگەڵ بەکارهێنانی ئاوی دەریا بۆ خستنە نێو بیرەکان لە کێڵگەکانی نەوت، هەروەها ئەم گرێبەستە دەچێتە نێو بواری وزەی نوێبووەوەش، کە بەکارهێنانی وزەی خۆرە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، کە ئەمەش یەکێکە لە وێستگە گەورەکان، کە لە گرێبەستەکەدا هەیە، ئەمە دەرفەتێکە و وەبەرهێنانە کە ئەم گرێبەستە لەخۆی گرتووە، توانای وێستگەکە نزیکەی 1000 مێگاواتە. گرێبەستەکە بریتییە لە وەبەرهێنانی غاز بە توانای 600 ملیۆن پێ سێجا، ئەوەش بە دوو قۆناخ دەکرێت، قۆناخی یەکەم لە ماوەی سێ ساڵی یەکەمدا جێبەجێدەکرێت بە توانای 300 ملیۆن پێ سێجا، دوای دوو ساڵی دیکەش دوای ئەو سێ ساڵە، پێنج ساڵ بە کۆی گشتی، وەبەرهێنان لە 300 ملیۆن پێ سێجاکەی دیکە دەکرێت بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی غاز لەم گرێبەستەدا 600 ملیۆن پێ سێجا بێت، ئەمەش راستییەکەی وەبەرهێنان لە گازدا دەکات لە پێنج کێڵگەی سەرەکیی نەوت، کە بریتین لە کێڵگەی مەجنوون و کێڵگەی رۆژئاوای قورنە دوو و کێڵگەی لوحەیس و کێڵگەی ئەرتاوی و کێڵگەی تووبە، بە جێبەجێکردنی ئەم گرێبەستە سووتاندنی گاز لەو کێڵگانە بە تەواوی دەوەستێت، ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییە گەورەکانی ئەم گرێبەستە، جگە لەوە، گرێبەستەکە هەروەها بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەخۆدەگرێت، واتە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەنێوان 150 بۆ 160 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەکات لە کێڵگەی ئەرتاوی و هەروەها بەرهەمهێنانی کبریت، بەوپێیەی ئەو نەوتەی لە کێڵگەی ئەرتاوی بەرهەمدێت رێژەیەک کبریتی تێدایە، بۆیە ئەو کبریتە دەردەهێندرێت.
سەرەڕای ئەمە، گرێبەستەکە دروستکردنی وێستگەیەک لەخۆدەگرێت بۆ پاڵاوتنی ئاوی دەریا بۆ بەکارهێنانی لەبیرەکانی نەوتدا بە توانای پێنج ملیۆن بەرمیل ئاوی دەریا رۆژانە، ئەمەش دوو دیوی هەیە، دیوی یەکەم ئەوەیە، کە گوشاری ئاو لە کێڵگەکانی نەوتدا زیاد دەکات بۆ بەردەوامبوون لە بەرهەمهێنانی نەوت لەم کێڵگانە، هەروەها بەکارهێنانی ئاوی دەریا واتە دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی ئاوی رووبارەکان بۆ نێو بیرەکان، ئەمەش لە ئەنجامدا ئەو ئاوە فەراهەم دەکەین بۆ کشتوکاڵ، بۆیە ئەم گرێبەستە دۆستی ژینگەیە لە رێگەی وەبەرهێنان لە گاز و لە رێگەی بەکارهێنانی ئاوی دەریا بۆ نێو بیرەکانی نەوت، هەروەها بەکارهێنانی وزەی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا کە بە وزە نوێبووەکان دادەندرێت.
رووداو: باڵیۆزی فەڕەنسا گوتی لە ماوەی داهاتوودا هەواڵی خۆش دەبیستین لەبارەی گرێبەستی تۆتاڵ ئینیرجی، پێتوایە جێبەجێکردنی کردارانە لەسەر زەوی بۆ ئەم گرێبەستە لە چەند مانگی کەمی داهاتوودا دەبێت؟
حەیان عەبدولغەنی: دەزانیت پێنج رێککەوتن لەچوارچێوەی ئەم گرێبەستەدا هەن، بۆ ئەوەی ئەم گرێبەستە کارا بێت، دەبێت ئەو رێککەوتنانە واژۆ بکرێن، سوپاس بۆ خودا هەموو گرێبەستەکان واژۆ کران، پەنا بە خودا.
رووداو: هەموو رێککەوتنەکان؟
حەیان عەبدولغەنی: هەموو رێککەوتنەکان، جگە لە دوایین رێککەوتن، کە لە ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی رابردوو رۆژی سێشەممەی رابردوو بڕیاری لەبارەوە درا، کە تایبەتە بە گرێبەستی وەبەرهێنانی تایبەت بە وێستگەی وزەی خۆی کە بە توانای 1000 مێگاواتە، ئەمە دوایین رێککەوتنە، کە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ وەرگیرا، بۆ جێبەجێکردنی لە چوارچێوەی گرێبەستی تۆتاڵ و پەنا بەخودا وەکو بەرپرسە فەڕەنسییەکە گوتی لەبارەی بیستی هەواڵی دڵخۆشکەر بۆ ئەم گرێبەستە، ئەوە وایە و پەنا بەخودا دەستپێکردنی کرداریی بۆ ئەم گرێبەستە رادەگەیێندرێت.
رووداو: کەواتە لە رووی پرۆتۆکۆڵی و کارگێڕییەوە هەموو شتێک تەواو بووە.
حەیان عەبدولغەنی: سوپاس بۆ خودا.
رووداو: ئەی چی لەبارەی لایەنی سعودی، کۆمپانیاکانی سعودیە لە وزەی خۆردا بەشدار دەبن؟
حەیان عەبدولغەنی: لایەنی سعودی بەڵێ، لەبابەتی وزەی خۆردا دانوستاندن هەیە لەنێوان تۆتاڵ و لایەنی سعودی بۆ ئەوەی بەشداربن لە بابەتی وزەی خۆردا.
رووداو: تۆ هەفتەی رابردوو لە سعودیە بوویت، دانوستاندنەکان ئەرێنی بوون یان کۆسپ هەن؟
حەیان عەبدولغەنی: نەخێر ئەرێنییە پەنا بەخودا، دانوستاندنەکان ئەرێنین، ویست هەیە لەلایەن کۆمپانیاکانی سعودیەوە بۆ ئەوەی بێنە نێو پیشەسازیی نەوتی عێراقی وەکو گرێبەست، ئێمە پێشوازی لەوە دەکەین.
رووداو: ئەو ماوەیە چەندە کە پێویستە بۆ کۆکردنەوەی گاز، کە پێیدەگوترێت گازی هاوەڵ لە کێڵگەکانی باشوور و بەکارهێنانی لە بەرهەمهێنانی کارەبا و وزە بەپێی گرێبەستەکە؟
حەیان عەبدولغەنی: عێراق بەگوێرەی رێککەوتنامەی پاریس بۆ کەشوهەوا پابەندە بە وەبەرهێنان لە گازدا بە شێوەیەکی تەواو و راگرتنی سووتاندنی گاز تاوەکو ساڵی 2030، بەڵام وەزارەتی نەوت رژدە بە هەموو شێوەیەک بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە وەبەرهێنان لە گازدا، بەهۆی پێویستی زۆر بۆ ئەم گازە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا. وەکو دەزانیت ئێمە ئەمڕۆ بڕێکی زۆری گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکەین و ناکرێت بەردەوام بین لەم هاوردەکردنە و ئەو گازەی کە هەیە و بەرهەمدێت لە کێڵگە جیاوازەکانی نەوتدا بسووتێندرێت.
زۆربەی ئەو گازەی کە هەمانە گازی هاوەڵە، واتە لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەوتی خاودا دێت، بۆیە گرێبەست هەن و پڕۆژەی باش هەن بۆ بەکارهێنانی ئەم گازە لە هەموو کێڵگەکاندا و کۆکردنەوەی و لە ئەنجامدا ئاڕاستەکردنی بۆ وێستگەکانی کارەبا. وەکو پێمگوتی، لە گرێبەستی تۆتاڵدا لە ماوەی پێنج ساڵدا دوای کاراکردنی گرێبەستەکە سووتاندنی گاز لە پێنج کێڵگەی نەوتدا رادەگیرێت، هەروەها لە کێڵگەکانی دیکەدا وەکو نەهر بن عومەر گرێبەستمان هەیە لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیاکان بۆ بەکارهێنانی زیاتر لە 150 ملیۆن پێ سێجا، گرێبەستێکیش هەیە بۆ بەکارهێنانی گاز لە کێڵگەکانی حەلفایە و بەرەوپێشچوون هەیە لە پڕۆژەکەدا و ئاستی جێبەجێکردنی تێیدا گەیشتووەتە رێژەی زیاتر لە 86% لەلایەن یەکێک لە کۆمپانیا چینییەکانەوە، هیوا هەیە لە چارەگی یەکەمی ساڵی 2024 ئەو پڕۆژەیە دەخرێتەکار و بە بەکارخستنی ئەو پڕۆژەیە 300 ملیۆن پێ سێجا لە گاز بەکاردەهێندرێت و سووتاندنی لەو کێڵگانە رادەگیرێن، کە کێڵگەکانی حەلفایەیە.
رووداو: ئاماژەت بە سێ پڕۆژە کرد، تۆتاڵ و پڕۆژەیەکی چینی و پڕۆژەیەکی دیکەش.
حەیان عەبدولغەنی: کە لەگەڵ کۆمپانیای گازی حەلفایەیە لە نەهر ئیبن عومەر. هەروەها پڕۆژەیەکمان هەیە کە جێبەجێدەکرێت و رێژەی جێبەجێکردن تێیدا گەیشتووە 46 یان 47% لەگەڵ کۆمپانیای پێکەر یووس بۆ دروستکردنی کارگەیەکی گاز لە ناسڕییە، ئەم پڕۆژەیەش سوپاس بۆ خودا پێشکەوتووە گاز بەکاردێنێت لە کێڵگەکانی غەراف و ناسڕییە پەنا بەخودا
رووداو: ئایا ئەم پڕۆژانە گازی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق دابیندەکەن؟
حەیان عەبدولغەنی: پەنا خودا، بەڵێ، چونکە من بە ژمارە قسەت بۆ دەکەم، ئێمە ئێستا 900 بۆ 1500 ملیۆن پێ سێجا لە گازی ئێرانی هاوردە دەکەین، ئەم بڕە دەگۆڕێت لەنێوان هاوین و زستان. من باسی بەکارهێنانی گاز دەکەم بە بڕی 300 ملیۆن پێ سێجا لە گازی حەلفایە، 150 کە دەکرێت زیادبێت بۆ 300 ملیۆن پێ سێجا لە کێڵگەی نەهر ئیبن عومەر، 600 ملیۆن پێ سێجا لە گرێبەستی تۆتاڵ، هەروەها 200 ملیۆن پێ سێجا لە کارگەی گازی ناسریە، بۆیە ئەو بڕەی کە کۆدەکرێنەوە و بەکاردەهێندرێن و ئاڕاستە دەکرێن بۆ تۆڕی نیشتمانیی کارەبا زیاتر دەبێت لەو بڕەی ئێستا هاوردە دەکرێت لە ئێرانەوە. بۆیە لە ئەنجامدا دەگەینە خودبژێوی.
رووداو: عێراق دەگاتە خودبژێوی لە بەرهەمهێنانی گازدا؟
حەیان عەبدولغەنی: بەڵێ، چونکە ئێمە گەڕی پێنجەمی گرێبەستەکانمان واژۆ کرد، ئەم گەڕە پێنج کێڵگە و ناوچەی گەڕان لەخۆدەگرێت، کە هەموویان کێڵگەی گازن و نزیکەی زیاتر لە 750 بۆ 900 ملیۆن پێ سێجا گاز بەرهەمدێنن، بۆیە بڕێکی گەورەی گاز هەیە.
رووداو: هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق چین، بەتایبەتی وەزارەتی نەوت لەوەی کە پەیوەندیی بە بەکارهێنانی گازەوە هەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا؟
حەیان عەبدولغەنی: هاوکاری نییە هاوئاهەنگی و گفتوگۆ و پێشوازیکردن لە هەندێ لە بەرپرسانی ئەمریکا هەن، کە ویستیان هەیە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبا، لایەنی عێراقیش کراوەیە بۆ ئەوە.
رووداو: بە قسەکردن لەبارەی گرێبەستەکانی گاز، بەتایبەتی دوایین گەڕی گرێبەستەکان، گرێبەستێک هەیە لەگەڵ کۆمپانیای هیلای ئیماراتی لە پارێزگای دیالە بۆ دۆزینەوەی گاز، وردەکای ئەم گرێبەستە چییە؟
حەیان عەبدولغەنی: کۆمپانیای هیلال سێ گرێبەستی واژۆکردووە بۆ سێ کێڵگەی گاز، کۆمپانیاکە دەستیکردووە بە کارکردن لە یەکێک لەم کێڵگانە و کارکردن لەسەر زەوی دەستیپێکردووە، ئەمە یەکێکە لە گرێبەستە باشەکان بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر لە 500 ملیۆن پێ سێجا گاز لە هەر سێ کێڵگەکە.
رووداو: پارێزگای دیالە بەگوێرەی دەستووری عێراق ناوچەی ناکۆکی لەسەرە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، ئایا گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی هەرێمی کوردستان دەکەن لەبارەی ئەو گرێبەستانەی تایبەتن بەو ناوچانە؟
حەیان عەبدولغەنی: ئەو گرێبەستانەی واژۆکراون زۆربەیان لەو ناوچانەن، کە ناکۆکی لەسەر نییە.
رووداو: کۆمپانیای هیلال بۆ عێراق نامۆ نییە، لە ساڵی 2007وە کۆمپانیای هیلال و دانە گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر کاردەکەن و گاز بەرهەمدێنن، کاری کۆمپانیای دانە گاز لە کێڵگەی کۆرمۆ چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
حەیان عەبدولغەنی: ئەمانە گرێبەستن بۆ بەرهەمهێنانی گاز و گازیش وەکو دەزانیت سوودی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، بۆیە کۆمپانیاکە ئەزموونی هەیە لەم بوارەدا و پەنا بەخودا ئەم ئەزموونە لەم کێڵگانە بەکاردێن، کە واژۆیان لەسەر کراوە لە چوارچێوەی پێنجەم گەڕی گرێبەستەکان.
رووداو: وەزیری پێشووی کارەبای عێراق، جارێک باسی لە ئەگەری سوودوەرگرتن لە گازی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان کرد بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق، لەو وێستگانەی کارەبا کە بە گاز کاردەکەن، ئایا گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە بۆ سوودوەرگرتن لەو گازەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت لەنێو عێراق؟
حەیان عەبدولغەنی: وەکو دەزانیت، دوای دوایین رێککەوتن لەگەڵ برایان لە هەرێم، نزیکبوونەوەیەکی زۆر گەورە هەیە و هاوئاوازی بۆچوونەکان هەیە و هاوئاهەنگی و گفتوگۆ هەیە لە زۆر بابەتدا، کە پەیوەندی بە گەلی عێراقەوە هەیە بە شێوەیەکی گشتی، ئەگەر ئەو گەلە لە هەرێم بێت یان لە پارێزگاکانی دیکە، هەروەها دەزانیت کە زۆر لە بەرهەمە نەوتییەکان ئێستا کە لە عێراق بەرهەمدێت، بەشێکی گەورەی دەچێت بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە هاوئاهەنگی لە بواری گاز و کارەباش لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم هەیە.
رووداو: لە ساڵانی رابردوودا، بەرپرسانی کەرتی نەوتی عێراق باسیان لە نیاز و ویستی عێراق کرد بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەم، باسیان لە 7 ملیۆن بەرمیل کرد لە رۆژێکدا، هەندێ جار باسیان لە 10 ملیۆن بەرمیل رۆژانە کرد، بەڵام بەرهەمی عێراق لەدەوروبەری نزیکەی 4 یان 4.2 ملیۆن بەرمیل رۆژانە مایەوە لەگەڵ بەرهەمی هەرێمی کوردستان پێکەوە، بەربەست چییە لەبەردەم بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان لە عێراق؟
حەیان عەبدولغەنی: ئێمە پابەندین بەو رێککەوتنانەی واژۆکراون و پەسندکراون لە ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس، بۆیە سوودی زیادکردنی بەرهەمهێنان چییە ئەگەر نەتوانین ئەو زیادەیە بەکاربێنین، ئێمە نەوت بەرهەمدێنین بۆ نێوخۆ بۆ بەکارخستنی هەموو پاڵاوگەکان، هەروەها هەناردەکردنی ئەو بڕەی، کە یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئاستەکانی بەرهەمهێنان کە لە چوارچێوەی پشکی عێراق لە ئۆپێک دیاری کراوە.
رووداو: حکومەتی عێراق 20%ی بودجەی دەوڵەت بۆ کەرتی نەوت و وزە دابیندەکات، بەڵام ئەم 20%ە نەمانبینی زۆر کاریگەری هەبێت لە زیادکردنی بەرهەمهێنان؟
حەیان عەبدولغەنی: وەکو دەزانیت زۆربەی کێڵگە سەرەکییەکانی نەوت لە عێراق چوونەتە چوارچێوەی گەڕەکانی گرێبەستەکان، لە زۆربەی گەڕی گرێبەستەکاندا گرێبەستی خزمەت و کرێ هەیە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێکی نەوت، کاتێک بەرهەمهێنان زیاد دەکرێت و ئەو بەرهەمهێنانە بەکارناهێندرێت، ئەو کاتە حکومەت ناچار دەبێت پارەی ئەو خزمەتگوزارییەی دەکەوێتە سەر بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک، بداتە کۆمپانیاکان، بۆیە زیادکردنی بەرهەمهێنان سوودی نییە، ئەگەر توانای بەکارهێنانی ئەو بەرهەمە نەبێت، ئەگەر لەنێوخۆ بێت یان هەناردە بکرێت، ئێمە پابەندین وەکو بۆم روونکردیتەوە بەو پشکەی بۆ عێراق دەستنیشان کراوە لە رێکخراوی ئۆپێک، بۆیە توانای زیادکردنی بەرهەمهێنان هەیە، بەڵام ئەگەر سوودی نەبێ بۆ هەناردەکردنی یان بەکارهێنانی لەنێوخۆ، ئەوە چ سوودێکی هەیە؟
رووداو: پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ کە لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێ، بۆ سێ ساڵە لە 2023 هەتا 2025، لەو پرۆژەیەدا، 90٪ی داهاتی عێراق لەو سێ ساڵە و رەنگە زیاتریش بێت لە 90٪، ئەمە هەمووی لە داهاتی نەوتەوە دێت، قسەی ئێوە وەکو وەزارەتی نەوت چییە؟
حەیان عەبدولغەنی: ئێمە پابەند دەبین بەو بڕە بەرهەمەی کە ئۆپێک دیاری دەکات و ئەو بڕەش دابەش دەبێت بۆ دوو بەش، بەشی یەکەمی بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی دەڕوات، دەچێ بۆ پاڵاوگەکان و بەرهەمهێنانی کارەبا و بەشەکەی دیکەی دەڕوات بۆ هەناردەکردن. هەناردەی نەوتی عێراق پشتیوان بە خوا بەشی پڕکردنەوەی ئەو بودجەیە دەکات، ئەوەش پاش دەستکردنەوە بە هەناردەی نەوت لە کوردستان و کەرکووک.
رووداو: مەبەست لەو پرسیارە ئەوە نەبوو کە پەیوەندی بە ئۆپێکەوە هەیە، بەڵکو مەبەستەکە ئەو قورساییەیە کە دەکەوێتە سەر تاکە یەک وەزارەت لە عێراق کە ئەویش وەزارەتی نەوتە، تێڕوانینی ئێوە بۆ ئەم مۆدێلە ئابوورییە چییە لەکاتێکدا ئاراستەکە لە هەموو جیهان و تەنانەت لە وڵاتانی کەنداویش کە بە نەوت دەوڵەمەندن، بەرەو ئەوەیە کە ئاستی پشتبەستن بە داهاتی نەوت کەم بکەنەوە و هەلی نوێی وەبەرهێنان بکەنەوە بۆ هەمەجۆرکردنی داهات، بەڵام لە عێراق دەبینین لەم پرۆژە نوێیەی بودجەشدا، بۆ ماوەی سێ ساڵ، نزیکەی 90٪ی داهات پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێ.
حەیان عەبدولغەنی: ئێمە میتۆدێکی حکومیمان هەیە، کە دەوڵەتی عێراق و ئەم کابینەیەی حکومەت بڕیاری لەسەرداوە، ئەمە زیادکردنی داهات لە سەرچاوەی دیکەوە لەخۆدەگرێ. ئێمە ناتوانین وا مەزەندە بکەین کە عێراق لە ماوەی ئەم سێ ساڵە بتوانێ سەرچاوەی دیکەی داهات لە کەرتەکانی دیکەی وەکو کەرتی پیشەسازی زیاد بکات. عێراق ساڵانێکی درێژە هەر پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە. پشتیوان بەخوا حکومەت لەسەر رێچکەی ئەوەیە کە لە کەرتەکانی دیکەش سەرچاوەی داهات زیاد بکات و ئەو قورسایی و گرنگیدانە بە نەوت کەمتر بکاتەوە، بەڵام عێراق نەوتێکی زۆری هەیە، بۆچی بەکاری نەهێنێ بۆ وەبەرهێنان لە کەرتەکانی دیکە. ئێمە لە هەوڵداین بۆ ئەوەی بتوانین نەوت بۆ پەرەپێدانی کەرتەکانی دیکە بەکاربهێنین و بەوجۆرە سەرچاوەی دیکە بۆ بودجەی عێراق زیاد بکەین.
رووداو: ئابووریی عێراق رووبەڕووی چ کێشەیەک دەبێتەوە ئەگەر شتێکی لەناکاو لە بازاڕی جیهانیدا روویدا وەکو ئەوەی لە 2014 و 2021 بینیمان؟
حەیان عەبدولغەنی: پێشبینی شتی وا ناکەین.. ئێمە لە گفتوگۆی بەردەوامداین لەگەڵ ئۆپێک و دامەزراوە جیهانییەکانی دیکە، کە پەیوەندییان بە بازاڕی نەوتەوە هەیە، پێشبینی شتی لەو جۆرە ناکەین.
رووداو: پەیوەندی یاسایی و کردەنی لەنێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ چۆنە و چۆن پێناسەی دەکەن؟
حەیان عەبدولغەنی: سۆمۆ یەکێکە لە کۆمپانیا سەرەکییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوت، بەگوێرەی دەستوور و یاساکانی عێراق ئەو لایەنەیە، کە بەرپرسە لە هەناردەکردنی نەوتی عێراق، بۆیە هەموو نەوتەی کە هەناردە دەکرێ، لەڕێی کۆمپانیای نەوتی سۆمۆوە بە بازاڕ دەکرێ و هەموو بەرهەمە نەوتییەکانیش کە هاوردە دەکرێن هەر لەڕێی سۆمۆوە دەبێت، بۆیە سۆمۆ رووکاری هەموو پرۆسەیەکی فرۆشتنی نەوت و کڕینی بەرهەمەکانی نەوتە.
رووداو: کەی دەست بە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک دەکرێتەوە و لەڕێی کام هێڵ دەبێت؟
حەیان عەبدولغەنی: لەڕێی هێڵی عێراق - تورکیا دەبێت، هەمان ئەو هێڵەی کە نەوتی هەرێمی کوردستانی پێدا دەڕوات.
رووداو: لەناوخۆ بەکارناهێنرێت؟
حەیان عەبدولغەنی: بەڵێ نەوتی کەرکووک لە ناوخۆ بەکاردەهێنرێ ئێستا و دەچێت بۆ پاڵاوگەکان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
رووداو: هیچ هەناردەیەک لە کەرکووکەوە بۆ وڵاتانی دیکە هەیە؟
حەیان عەبدولغەنی: ئێستا بەشێکی نەوتی کەرکووک تەنیا بۆ ئوردن دەڕوات. رۆژانە نزیکەی 11 هەزار بەرمیل دەڕوات و بە تانکەر دەگوازرێتەوە.
رووداو: وردەکاریی ئەو رێککەوتنەی نێوان عێراق و ئوردن لەبارەی نەوتی کەرکووک چۆنە و بە چ نرخێکە؟
حەیان عەبدولغەنی: نرخەکەی نزیکە لە هەمان نرخی بازاڕی جیهانی، تەنیا داشکاندنێکی زۆر کەم هەیە. بەڵام خۆتان دەزانن نەوتی کەرکووک، ئەوەی کە دەڕوات بۆ ئوردن، وەکو ئەو نەوتە مامەڵەی پێوە دەکرێ کە هەناردەی دەریای ناوەڕاست دەکرێ. ئەو نەوتانەی هەناردەی دەریای ناوەڕاست دەکرێن بە نرخێکی کەمتر لەوە دەفرۆشرێ کە رەوانەی بازاڕەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا دەکرێن، ئەوەی بۆ ئوردنیش دەڕوات هەر لە دەوروبەری ئەو نرخەیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئامرازی گواستنەوەکەی جیاوازە و بە تانکەرە.
رووداو: قسەی زۆر هەیە لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران لەڕێی وشکانییەوە.
حەیان عەبدولغەنی: شتی وا نییە.. نەوتی کەرکووک لەژێر کۆنترۆڵە و بە قاچاخ ناڕوات. بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی دەزگاکانی دەوڵەتی عێراقە و هیچ شتێکی لەوجۆرە رووینەداوە.
رووداو: پاش وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەسەر گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە گرێبەستی هاوبەشین، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەو گرێبەستانە چییە؟
حەیان عەبدولغەنی: رێککەوتنی بەراییمان لەگەڵ برایانمان لە هەرێم بەوجۆرەیە کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت، مۆرکردنی گرێبەست و هەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوە لە ئەستۆ دەگرێ. ئەو کۆمپانیایە نوێنەری عێراقە. بەڵێ رێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە و چاوەڕێین تورکیا رەزامەندیمان پێ بداتەوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بەپێی دانوستاندن و گفتوگۆ و نامەگۆڕینەوەمان لەگەڵ لایەنی تورکی، بە ئێمە گوتراوە کە بۆڕیی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە هەندێ شوێن بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانی پێگەیشتووە، ئێمە پێشبینی دەکەین کە ئەو کێشەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا چارەسەر ببێ و لەو رووەوە گفتوگۆکانمان بەردەوامن.
رووداو: رای وەزارەتی نەوت لەسەر گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان چییە؟
حەیان عەبدولغەنی: ئێمە لەگەڵ کۆمپانیاکان کۆبووینەتەوە و ئێستا لیژنەیەکمان پێکهێناوە لە هەردوولا بۆ ئەوەی بەو گرێبەستانەدا بچنەوە. ئەو پێداچوونەوەیە هەتا ئێستا تەواو نەبووە، بەڵام لەسەر ئەوە رێککەوتووین کە کۆمپانیای سۆمۆ بە هەمان ئەو نرخەی نەوتی عێراقی پێ دەفرۆشێ لە بازاڕەکانی جیهان، ئەو نەوتەش بەو نرخە هەناردە دەکات.
رووداو: مەبەستتان چییە لە پێداچوونەوەی گرێبەستەکان، دەستکاری دەکرێن؟
حەیان عەبدولغەنی: رەنگە، نازانین گرێبەستەکان چییان لەخۆگرتووە. ئێستا لێیان دەکۆڵنەوە، ئەگەر مەرج و هێمای وا لەو گرێبەستانەدا هەبن، کە پێویستیان بە دەستکاری هەبێت، ئەوە پشتیوان بە خوا بە رێککەوتنی هەردوولا هەموار دەکرێن.
رووداو: هەڵسەنگاندنەکە بەگوێرەی چییە؟ دەستووری عێراق دەکرێتە بنەما؟
حەیان عەبدولغەنی: بێگومان.. پشت بە دەستووری عێراق دەبەستین.
رووداو: لیژنەی پێداچوونەوە هاوبەشە؟
حەیان عەبدولغەنی: هاوبەشە، بەڵێ هاوبەشە لەنێوان وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان.
رووداو: لیژنەکە ئێستا دەستبەکار بووە؟
حەیان عەبدولغەنی: بەڵێ دەستمانپێکردووە. نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر بەڕێز وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێم سەردانی بەغدای کرد و پێکەوە دانیشتین و رێککەوتین لەسەر کاراکردنی لیژنەکە و کارەکانی پێداچوونەوە.
رووداو: چۆن رێکدەکەون، ئەگەر بۆ نموونە دەستکارییەک هەبوو بە رەزامەندی هەردوولا دەبێت؟
حەیان عەبدولغەنی: ناتوانم بزانم لە ئایندە چی روودەدات. هێشتا لێکۆڵینەوەی ورد لە گرێبەستەکان نەکراوە و ناشتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم کە تێبینیمان دەبێت، ئەوە لە کۆبوونەوەکاندا دەردەکەوێ.
رووداو: لە بەغدا لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت دانیشتوون، با پرسیارەکە ئاوا بکەم: ئایا لێکگەیشتنێکی باش هەیە لەنێوان ئێوە و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت؟
حەیان عەبدولغەنی: ئەوەی تایبەت بێت بە لێکگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم، بەڵێ لێکگەیشتنی تەواومان هەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە، کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت گرێبەستەکانی لەگەڵ ئەو کۆمپانیا بیانیانە واژۆ کردووە کە نەوتی هەرێم دەکڕن، ئەوەش بەگوێرەی ئەو نرخەیە کە کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی پێ دەفرۆشێ و بە هەمان ئەو مەرجانەیە کە سۆمۆ کاریان پێدەکات. واتە هەمان مەرج و هەمان نرخی کە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی باشوور مامەڵەی پێدەکات، هەمان مەرج و نرخ بۆ ئەو کۆمپانیایانەش دانراوە کە نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕن.
رووداو: هەندێ لەو کۆمپانیا بیانیانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، ئێمە لەگەڵ نوێنەرانیان و لەگەڵ سەرۆکی کۆمپانیاکان دیدارمان هەبووە، ئاماژەی وا دەدەن کە روو لە دادگە نێودەوڵەتییەکان دەکەن ئەگەر لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بەرەوڕووی گوشار ببنەوە، بەتایبەتی لەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە سرووشتی گرێبەستەکانەوە هەیە، چونکە دەڵێن گرێبەستەکانی ئێمە بازرگانی و یاسایی و نێودەوڵەتین و حکومەتی عێراق دەبێ بە ناوەڕۆکەکانیانەوە پابەند بێت، ئەمە وەک ئەوەی من لێمبیستوون، ئێوە وەکو وەزارەتی نەوت ئەوە لەبەرچاو دەگرن؟
حەیان عەبدولغەنی: ئەو شتانە هەموو رادەوەستنە سەر لێکۆڵینەوە لە ناوەڕۆکی گرێبەستەکان، هێشتا لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە، هەر کاتێک لێکۆڵینەوەکان لەو گرێبەستانە بە ئەنجامێک گەیشتن، ئەوکاتە قسەیەکمان دەبێت ئێمە بەتەواوی پێداگرین لەسەر ئەوەی کە لەگەڵ برایانمان لە هەرێم لەسەر رێککەوتن و تەبایی بەردەوام بین.
رووداو: هەڵوێستی راشکاوانەی ئێوە لەسەر گرێبەستەکانی هاوبەشی چییە، چونکە ئەو گرێبەستانەی لە هەرێمی کوردستان کراون بە پێچەوانەی ئەوانەی عێراق گرێبەستی هاوبەشین؟
حەیان عەبدولغەنی: رەنگە خۆشتان بزانن کە دەستووری عێراق رێگە بە گرێبەستی هاوبەشی نادات، ئەو گرێبەستانەش کە لە هەرێمی کوردستان کراون وا نازانم کە بە مانای وشەکە گرێبەستی هاوبەشی بن هێندەی کە گرێبەستی خزمەتگوزارین، بەڵام بە جۆرێکی دیکە.
رووداو: چۆن؟
حەیان عەبدولغەنی: ناتوانم ئێستا ئەوە روون بکەمەوە چونکە لە بنەڕەتەوە لەو گرێبەستانەم نەکۆڵیوەتەوە و وەکو پێشتریش گوتم ئەو گرێبەستانە لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشەوە وردبینییان تێدا دەکرێ و رەنگە لە دیدارێکی داهاتوودا بتوانین روونکردنەوەی زیاتری لەسەر بدەین.
رووداو: کەواتە رای وەزارەتەکەی ئێوە وایە کە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان لەڕووی ناوەڕۆکەوە گرێبەستی هاوبەشی نین؟
حەیان عەبدولغەنی: جارێ ناتوانم رای خۆم لەسەر شتێک بڵێم کە لێکۆڵینەوەم لەبارەوە نەکردووە.
رووداو: بەڵام عێراقیش لە خولی چوارەم و پێنجەمی مۆڵەتەکانیدا رووی لە جۆرێک گرێبەست کرد کە هاوشێوەی گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستانە.
حەیان عەبدولغەنی: ئەو گرێبەستانەی، بەتایبەتی لە خولی پێنجەم کراون گرێبەستی هاوبەشین لە قازانج، نەک هاوبەشی لە بەرهەمهێنان.
رووداو: کەواتە ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو بڕگانە دەستکاری بکرێن پاش پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان؟
حەیان عەبدولغەنی: وەکو گوتم جارێ ناتوانم بە دیاریکراوی بڵێم کە ئەو گرێبەستانە چییان لەخۆگرتووە هەتا ئەوکاتەی لێکۆڵینەوە دەکرێ و دڵنیا دەبینەوە.
رووداو: ئەو کۆمپانیایانە کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن لە دڵەڕاوکێدان، هێواش هێواش ژمارەی کارمەندەکانیان کەمتر دەکەنەوە، بەتایبەتی لەدوای راگرتنی پرۆسەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکان و خودی کێڵگەکانیش بەرەوڕووی زیان بوونەتەوە، چی دەکەن بۆ ئەوەی ئەو کەرتە لە هەرێمی کوردستان تووشی داڕمان نەبێت، بەتایبەتیش کە راگرتنی بەرهەمهێنان لە ئەنجامی سکاڵایەکی حکومەتی فیدراڵی بووە؟
حەیان عەبدولغەنی: ئەو راوەستانەی کە روویداوە، راوەستانە یان خاوبوونەوەی جێبەجێکردنی گرێبەستەکانە، بەهۆی راوەستانی هەناردەکردنی نەوتە، پشتیوان بەخوا پاش دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوت ئەو گرێبەستانە چالاک دەبنەوە.
رووداو: بەڵام لایەن هەیە کە زەرەرمەند بووە و هەندێ لە زیانەکانیشی هەمیشەین بۆ کێڵگەکان.
حەیان عەبدولغەنی: ئەو زیانەی کە بەر ئەو کۆمپانیایانە کەوتووە، بەر عێراقیش کەوتووە بە گشتی، عێراقیش رۆژانە نزیکەی 500 هەزار بەرمیل نەوت زیانی بەرکەوتووە.
سەبارەت بە کێڵگەکان بە دڵنیاییەوە لایەنی پسپۆڕ هەن چ لە هەرێم و چ لە وەزارەتی نەوت کە دەتوانن کێڵگەکان بەگەڕ بخەنەوە، راستە هەندێ کێڵگە هەن کە بەرهەمهێنانیان راوەستا، پرۆسەی دەستکردنەوە بە بەرهەمهێنان تێیاندا پێویستی بە کات هەیە هەتا بیرەکان سەرلەنوێ دەکەونەوە چالاکی، بۆیە ئێستا بیر لەوە دەکەینەوە چۆن سوود لە نەوتی هەرێم وەرگرین بۆ خستنەکاری هەندێ پاڵاوگە.
رووداو: کەواتە پلانی ئەڵتەرناتیڤ هەیە؟
حەیان عەبدولغەنی: بەدڵنیاییەوە، ئێمە بۆمان گرنگە کە بەرهەمهێنان لەو کێڵگانە بەردەوام بن. جگە لەوەش، بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگانە مانای بەرهەمهێنانی گازیشە، چونکە زۆربەی ئەو گازەی ئێمە لە جۆری گازی هاوەڵی نەوتە، ئێمەش پێویستمان بە گاز هەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. ئەو کارەبایەی لە هەرێمی کوردستانیش بەرهەم دێت ئێمە زۆر بۆمان گرنگە کە بەردەوام بێت.
رووداو: ئایا گفتوگۆکانتان لەبارەی بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی ئەرێنی بووە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان؟
حەیان عەبدولغەنی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە..
رووداو: رەنگە هاونیشتمانییەک لە هەرێمی کوردستان بپرسێت ئەو کێڵگانە نە بە پارەی هەرێمی کوردستان، نە بەو بەشە بودجەیەی هەرێمی کوردستان کە لە حکومەتی فیدراڵییەوە دێت، پەرەیان پێ نەدراوە، بەڵکو کۆمپانیای بیانی هاتوون و بە پارەی خۆیان وەبەرهێنانیان لەو کێڵگانەدا کردووە و گەیاندوویانەتە بەرهەم، بۆچی داوای ماف لە کێڵگەیەکی نەوت دەکەن کە حکومەتی فیدراڵی یەک دۆلاریشی تێدا خەرج نەکردووە؟
حەیان عەبدولغەنی: ئێمە بڕگەیەکمان لە دەستووردا هەیە کە دەڵێ سامانی نەوت موڵکی گەلی عێراقە جا کوردی بێت یان عەرەبی.
رووداو: کەواتە دانی پێدادەنێی، کە نەوتێک هەیە کوردییە و نەوتێک هەیە عەرەبی؟
حەیان عەبدولغەنی: ئێ تۆ پرسیارم لێدەکەی، کە شەقامی کوردی چی دەڵێن، هەمان شتە. لە بودجەی ساڵانەی عێراق، داهاتی نەوتی هەرێم بەشی ئەوە ناکات بەشە بودجەی هەرێمی لە بودجە پێ پڕبکرێتەوە، بۆیە حکومەتی ناوەندی پابەندە بەوەی لە داهاتی نەوتی خۆی کە لە ناوچەکانی دیکەوە دێت، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان تەواو بکات.
رووداو: دوو خاڵی گرنگ هەن بۆ خەڵک، پاش بڕیارەکەی دادگەی پاریس و ئەم رێککەوتنەی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو دانوستاندنە پۆزەتیڤەی کە ئاماژەت بۆ کرد، خەڵکی هەرێمی کوردستان پرسیار دەکەن: کەی سووتەمەنی بە نرخی 450 دینار و 650 دینار دەبینین، جگە لەوەش، حکومەتی عێراق فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە ئەستۆ گرتووە، نەوتی سپی بۆ ماڵان و بۆ خۆگەرمکردنەوە لە زستاندا دەنێردرێت، ئەمانە هیچ بەشێکیان لەو گفتوگۆیانەدا هەبووە؟
حەیان عەبدولغەنی: بەڵێ پشتیوان بە خوا، گفتوگۆ هەیە، خۆتان دەزانن زۆربەی ئەو نەوتەی دەچێ بۆ کوردستان لە پارێزگاکانی دیکەوە دەچێ، رەنگە هەندێکیشی هاوردە بێت..
رووداو: هەندێکی هاوردەیە و هەندێکیشی بەرهەمی پاڵاوگەکانی نێوخۆیە.
حەیان عەبدولغەنی: بەڵێ پاڵاوگەی نێوخۆیە و پاڵاوگەی دەرەوەی هەرێمە، بەڵام هەرێم بەشێکی هەیە لە سووتەمەنی کە بەتەواوی دەگات، رەنگە جیاوازی لە نرخ هەبێ، بەڵام جیاوازییەکی هێندە نییە.
رووداو: حکومەت هەندێ مەرجی داناون، بۆ نموونە ئەولەویەت بۆ خاوەن ئۆتۆمبێلە گشتییەکانە وەکو تاکسی و پاس.
حەیان عەبدولغەنی: ئێمە لە دابەشکردنی سووتەمەنی پشت بە کۆبوون دەبەستین، تەنانەت لە پارێزگای نەینەوا و زۆر پارێزگای دیکەش..
رووداو: بەڵام ئەو بەشەی دەیدەنە پارێزگای نەینەوا بەشیان دەکات، لەکاتێکدا ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان دێت بەش ناکات.
حەیان عەبدولغەنی: ئێمە رێککەوتنمان هەیە دەربارەی ئەو بڕەی کە بۆ هەرێمی کوردستان دەڕوات و ئەوانیش بەگوێرەی ئوسوڵ وەریدەگرن.
رووداو: کەواتە هیچ گفتوگۆیەک نییە دەربارەی زیادکردنی ئەو بەشە؟
حەیان عەبدولغەنی: لەبارەی زیادکردن، گفتوگۆیەک هەبوو دەربارەی مادەی کیرۆسین، کە لە زستاندا پێویستیان بوو بۆ مەبەستی گەرمکردنەوە، لەوە بڕێکمان بۆ هەرێمی کوردستان نارد، تەنانەت لە زستانی رابردوودا بەشەکەمان بۆ زیادکردن و کیرۆسینی زیاترمان نارد.
رووداو: مادام نەوت داهاتی سەرەکیی عێراق پێکدێنێ و نەوت موڵکی هەموو گەلی عێراقە، ئێستاش رێککەوتن هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەبارەی فرۆشتن و بەبازاڕکردنی نەوت و رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکان، ئایا ئەوە مافی هاونیشتمانی کورد نییە کە بۆ نموونە بەنزینی بە نرخی 450 دینار دەستبکەوێ وەکو هەموو دانیشتوویەکی عێراق لە بەغدا و لە بەسرە؟
حەیان عەبدولغەنی: ئێمە، با راستییەک هەیە پێتبڵێم، عێراق وەکو دەوڵەت هەتا ئێستاش بەشێکی بەرهەمەکانی نەوت هاوردە دەکات.
رووداو: بە نرخی پاڵپشت دەیدەنەوە بە هاونیشتمانی؟
حەیان عەبدولغەنی: بەڵێ هەتا ئێستا دەستمان بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی حکومەتی ناوەندییەوە نەکردووە، پشتیوان بە خوا ئەم کێشانە چارەسەر دەبن. لەبارەی ئەم شتانە گفتوگۆمان لەگەڵ برایانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەیە و پشت بە خوا دەگەینە ئەنجامێک.
رووداو: بەربەستی سەرەکی لە بەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان چییە؟
حەیان عەبدولغەنی: دەزانن کە ئێمە رێککەوتننامەی بەکارخستنی هێڵی بۆڕیی نەوتمان لەگەڵ تورکیا هەیە، بەگوێرەی ئەو پەیامانەی لەڕێی برایانمان لە تورکیا بە ئێمە گەیشتوون، بۆڕییەکە لە هەندێ شوێن بەهۆی بوومەلەرزە تووشی زیان هاتووە، ئێمە پێمانوانییە ئەوە هۆکارەکە بێ، رەنگە هەندێ زیانی بەرکەوتبێ، بەڵام بەو قەبارەیە نییە کە بەکارخستنەوەی پێویستی بەو ماوە زۆرە هەبێ. لەم گفتوگۆیانەی دوایی هەواڵی خۆشیان دایە ئێمە و پێشبینی دەکەین لە ماوەیەکی کەمی داهاتوودا دەست بە هەناردەکردن بکەینەوە.
رووداو: کەواتە پێتانوانییە کە ئەو پاساوە راستەقینە بێت؟
حەیان عەبدولغەنی: دادگەی نێوبژیوانی لە پاریس لایەنی تورکی پابەند کردووە بە سزایەکی دارایی، کە دەگاتە ملیارێک و 410 ملیۆن دۆلار، بێگومان ئەمە جگە لەو سوودەی کە دەچێتە سەری، چونکە ئەمە مافە و هی ساڵانێکی درێژە، بۆیە سوودی دەچێتە سەر و هەر ئەمەش هۆکاری راگرتنی هەناردەی نەوت بوو، بەدوای ئەودا ئەو بوومەلەرزەیەش هات و ئینجا پاشلەرزەی زۆر کە بەدوای ئەودا هاتن، ئەوەبوو لایەنی تورکی ئاگاداری کردین، کە بۆڕییەکە زیانی پێگەیشتووە و دەبێ پشکنینی بۆ بکەنەوە، بەڵام هەرچۆن بێ بەهیواین لە رۆژانی داهاتوودا ئەو کێشەیەش چارەسەر ببێ.
رووداو: کۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ لایەنی تورکی قسەی کردبوو، کە رێگە بە کۆمپانیای تۆپەرتاشی تورکی بدرێ نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان هەناردە بکات، ئەمە دوای دوو مانگ لە راگرتنی هەناردەکردنی نەوت بووە، ئەم دواکەوتنە بۆچی روویداوە؟
حەیان عەبدولغەنی: نا هیچ دواکەوتنێک نەبووە..
رووداو: نووسراوەکە لەوکاتە نێردراوە؟
حەیان عەبدولغەنی: پاش واژۆکردنی گرێبەستەکان لەلایەن سۆمۆ لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی نەوت دەکڕن، لایەنی تورکی ئاگادار کراوەتەوە کە ئێمە ئامادەین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک. هیچ دواخستنێک نەبووە.
رووداو: هەندێ سەرچاوە دەڵێن، لایەنی تورکی داوای لە عێراق کردووە بیبەخشێ لەو ملیار و 400 ملیۆن دۆلارەی ئاماژەت بۆ کرد، داوای لەو جۆرە کراوە؟
حەیان عەبدولغەنی: لایەنی تورکی هیچ داوایەکی لەوجۆرەی نەکردووە.
رووداو: لەو حوکمەی لەلایەن لیژنەی نێوبژیوانی دەرچووە، خاڵێکی تێدایە باسی یەکلاکردنەوەی هەندێ بابەتی دوای ساڵی 2018 لە دانیشتنی دیکە لە داهاتوودا دەکات، ئەو دانیشتنانە ئێستاش بەردەوامن؟
حەیان عەبدولغەنی: نا هیچ دانیشتنی دیکە نەکراوە.
رووداو: هیچ وادەیەکی دیاریکراو هەیە؟
حەیان عەبدولغەنی: نەخێر هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە.
رووداو: پێشنیازی وا هەیە کە بۆڕی نەوتی کەرکووک - سووریا بەکاربخرێتەوە وەکو جێگرەوەی بۆڕی کەرکووک - جەیهان؟
حەیان عەبدولغەنی: عێراق مافی خۆیەتی بیر لە ئەڵتەرناتیڤ بکاتەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت و زیاترکردنی دەرگاکانی، ئێمە هێڵی عێراق - ئوردنیشمان هەیە کە ئێستا لێیدەکۆڵینەوە بۆ ئەوەی نەوتی عێراق رەوانەی عەقەبە بکەین، بۆیە هەموو ئەو ئەگەرانە هەن.
رووداو: هێڵی عێراق - بانیاس لەئارادایە؟
حەیان عەبدولغەنی: تا ئەم ساتە لەئارادا نییە.
رووداو: پێتوایە بارودۆخی سووریا یارمەتیدەرە بۆ خستنەڕووی بیرۆکەی لەوجۆرە؟
حەیان عەبدولغەنی: هەتا ئێستا بیرمان لەوە نەکردووەتەوە، بەڵام هەموو ئەگەرێکیش مومکینە.