میری ئێزدییان بۆ رووداو: ئەگەر نێچیرڤان بارزانی نەبووایە، زۆربەی ئێزدییە رفێندراوەکان نەدەگەڕێندرانەوە
هەولێر دیجیتاڵ
میری ئێزدییان دەڵێت، ئەگەر نێچیرڤان بارزانی نەبووایە زۆربەی ئەو کوردە ئێزدییانەی لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون، نەدەگەڕێندرانەوە. دەشڵێت "جەنابی سەرۆکیش کاک مەسعود بارزانی، هاوکاریی کردووین."
رۆژی شەممە 3-8-2024 یەک دەیە بەسەر پەلاماری داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەی تێپەڕی. میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییانی کوردستان، عێراق و جیهان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو دەڵێت، دۆخی کوردانی ئێزدی باش نییە و پێویستە کاری زیاتر بکرێت تاوەکو بگەڕێنەوە شنگال.
میری ئێزدییان ستایشی هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ گەڕاندنەوەی رفێنراوان. دەشڵێت "حکومەتی عێراق 4 ملیۆن دینار دەداتە ئاوارە گەڕاوەکان، لەکاتێکدا پێویست بوو لانیکەم بە 10 تاوەکو 15 ملیۆن دینار قەرەبوو بکرێنەوە."
دەقی هەڤپەیڤینی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدیانی کوردستان، عێراق و جیهان:
رووداو: بارودۆخی ئێزدییان چۆنە؟
میر حازم تەحسین بەگ: بەگشتی ئەمڕۆ بارودۆخی ئێزدییان باش نییە. بەڕاشکاوی پێش هاتنی داعش زۆر باش بوو. لە کوردستان و عێراقدا دەژیاین و کێشەمان نەبوو. پاش هاتنی داعش زۆر کێشەمان بۆ دروست بوو. زۆر خەڵکی ئێمە کەوتنە دەست داعش، زۆر لە خەڵکی ئێمە چوونە دەرەوەی عێراق، نزیکەی 300 هەزار کوردی ئێزدی لەنێو کەمپەکانی کوردستان بەتایبەت لە کەمپی دهۆکن.
رووداو: بارودۆخی ئێزدییانی ژێر دەسەڵاتی کوردستان باشترە یان ئەوانەی لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق؟
میر حازم تەحسین بەگ: ئەوانەی ژێر دەستی حکومەتی عێراق نەماون. هەموویان لە کوردستانن؛ تەنیا شنگال ماوە.
رووداو: منیش مەبەستم شنگالە.
میر حازم تەحسین بەگ: تەنیا 20٪ـی خەڵک لە شنگالن، 80٪ـیان لە دهۆکن.
رووداو: ئێزدییەکانی ئەورووپا بارودۆخیان چۆنە؟
میر حازم تەحسین بەگ:. ئێزدی ئەمڕۆ نییە چوونەتە ئەورووپا، لە شەستەکانەوە لەوێن. تەنیا ئێزدییەکانی عێراق لەوێ نین، ئێزدییەکانی تورکیا، سووریا و جۆرجیایش لە تاراوگە. هەرکەسێک زێدی خۆی جێهێشت، نە زمانی دەمێنێت، نە مێژووی دەمێنێت، نە دابونەریتی دەمێنێت. لەو باوەڕەدام ئەوانەی چوونەتە ئەورووپا زۆر پەشیمانن. راستە ژیانیان خۆشە، ماڵ و ئۆتۆمبێلی جوانیان هەیە؛ بەڵام لە رووی دەروونییەوە ئاسوودە نین.
رووداو: ئێستا هەندێک کۆچبەری ئێزدی لە تاراوگە دەگەڕێنەوە کوردستان، هەڵوێستی ئێوە لەو بارەوە چییە؟
میر حازم تەحسین بەگ: پێش 10 رۆژ من لە ئەڵمانیا بووم، چوومە وەزارەتەکانی دەرەوە و ناوخۆ. هاوکات پەرلەمانی هامبۆرگیش، ئێمە باسی ئەم بابەتەمان کرد. پێمانگوتن بۆچی ئێزدی دەنێرنەوە؟ گوتیان ئەگەر ئێزدی کێشە دروست نەکەن، نایاننێرینەوە. گوتیان نەک تەنیا ئێزدی، نزیکەی 27 هەزار ناوی عێراقیمان لایە، ئەوانەی کێشە دروست بکەن و پشێوی بنێنەوە، ئێمە ناچارین بیاننێرینەوە.
رووداو: وەک چ کێشەیەک بۆ نموونە؟
میر حازم تەحسین بەگ: واتا هەندێک کێشەیان هەیە، یاسای ئەوان خۆی کێشەیە. بەڵام دەڵێن ئەگەر کێشەیان نەبێت ئێمە نایاننێرینەوە.
رووداو: ژمارەیەکی زۆر لە رەوەندی ئێزدی ونن، پێویستە چی بکرێت بۆ گەڕاندنەوەیان؟
میر حازم تەحسین بەگ: کێ نادیارە؟
رووداو: بۆ نموونە ئەو ئێزدیانەی لە دەرەوە ماون و تۆمارنەکراون، بڵاوبوونەتەوە؛ دیارە چەند کەسی ئێزدی لە ئەورووپا دەژین؟
میر حازم تەحسین بەگ: بەپێی زانیارییەکانی من، چونکە هەموو وڵات و شوێنێک دەگەڕێم. ئەمڕۆ 800 هەزار ئێزدی لە عێراقن. وەک گوتم ئەوەی لەژێر دەستی حکومەتی کوردستانە؛ بە 20٪ـی لەنێو شنگالن و 80٪ـی لەنێو دهۆکن.
رووداو: دیارە چەند ئێزدی لە ئەورووپان؟
میر حازم تەحسین بەگ: ژمارەی ئێزدییانی ئەورووپا 300 هەزارە.
رووداو: باشە ئەوانەی ون بوونە، تاوەکو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە، پاش جینۆساید، پێویستە چی بکرێت؟ بۆ دەستنیشانکردنی چارەنووس و گەڕاندنەوەیان؟
میر حازم تەحسین بەگ: رۆژی یەکەم کاک نێچیرڤان نووسینگەیەکی دروست کرد، پاش ئەوەی ئێزدی کەوتنە دەست داعش، بەگوێرەی زانیاریی من 6 هەزار و 417 کەس کەوتنە دەست داعش. ئینجا نووسینگەی کاک نێچیرڤان زۆریان گەڕاندنەوە. ئەمڕۆ بە بڕوای من 2 هەزار و 600 کەس ماون. هەر چاومان لە حکومەتی عێراق، کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە تاوەکو ئەو خەڵکەمان بۆ بگەڕێننەوە. بەڵام ئەوە 10 ساڵ تێپەڕێت. بەڕاستی شتێکی زەحمەتە.
رووداو: دۆخی ئەوانەی وەک جەنابت گوتت، نێچیرڤان بارزانی گەڕاندنییەوە، چۆنە؟
میر حازم تەحسین بەگ: باشە، بەڵام پێویستیان بە هەندێک شت هەیە.
رووداو: هەندێک لە رۆژئاوای کوردستانن، رزگار دەکرێن و دەنێردرێنەوە. ئایا ئاگات لەوان هەیە لە چ دۆخێکدان؟
میر حازم تەحسین بەگ: بەڵێ؛ ئێمە هەموو زانیارییەکمان لەو بارەوە هەیە؛ کێ لە کوێیە و کەی رزگار بووە و چۆن رزگارکرا. زۆر هەڵوێستی مرۆیی و ئەخلاقی هەبووە بەرامبەر ئێزدییان لە دوای ئەوەی کەوتنە دەستی داعش؛ کەمتەرخەمییان نەنواند؛ هەر کێ شتێکی لەدەست هاتبێت. وەک بینیت بابەتی مرۆیی لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.
رووداو: هەندێک عەرەبی ناوچەی شنگال و دەوروبەری هەن، ناسراون و خەڵک دەیانناسێت؛ دەستیان لەگەڵ داعش هەبووە و گەڕاونەتەوە. بۆ نموونە دەڵێن شۆفێری یەک لە شۆفڵەکانی خاکی خستووەتە سەر ئێزدییان بە ساخی و بە مردوویی، دیارە، ناسراوە. ئێوە داواتان کردووە ئەو کەسانەی دەستیان لەگەڵ داعش هەبووە، دادگەیی بکرێن؟
میر حازم تەحسین بەگ: بەڕاستی پێت دەڵێم؛ ئەو رۆژەی داعش هات، ئێزدییەکانیان گرت، بینیت بۆ نموونە 100 کەسن داعش، خەڵکی بیانی لەنێو داعش نزیکەی سەتا 10 بۆ 20 بوو. واتا نزیکەی 80٪ خەڵکی ناوچەکە هاوکارییان کردن. بەڵام ناکرێ بڵێین هەموو خێڵەکان هاوکاریی داعشیان کرد. زۆر لەو خەڵکە عەشایەرە بەشدار نەبوون. هەمیشە داواکاریی ئێمە لە حکومەتی عێراق، کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە، ئەو کەسانەی دەستیان لەگەڵ داعشدا هەیە، ستەمیان لە ئێزدییان کردووە، لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێ و دادگایی بکرێن.
رووداو: باشە، یاسای قەرەبووی زیانلێکەوتووان چەندی جێبەجێکراوە و رێکارەکانی بەدڵی ئێوەیە؟
میر حازم تەحسین بەگ: بەڕاستی داعش ستەمێکی گەورەی مەعنەوی لە ئێزدییەکان کرد، هاوکات لە رووی مادییشەوە بوو. ئینجا هەر خێزانێک بگەڕێتەوە، 4 ملیۆن دیناریان پێدەدەن، بەڵام ئەو پارەیە کەمە؛ ئێمە دەمانویست 10 تاوەکو 15 ملیۆن بووایە. بەڵكو خەڵک لانیکەم خانووەکەی چاککردبایەوە. بیتوانیبا بۆیەی بکا و کارەباکەی چاک بکردبایەوە. بۆ ئەوەی بتوانێت بگەڕێتەوە.
رووداو: بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، پێویستە ئەو رێککەوتنەی هەیە لەنێوان هەولێر و بەغدادا جێبەجێ بکرێت، یان دۆخی شنگال پێویستی بە رێککەوتنێکی نوێ هەیە؟
میر حازم تەحسین بەگ: من داوام لە حکومەتی بەغدا و حکومەتی کوردستانیش کردووە؛ ئێوە حکومەتی ئێمەن؛ ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ یەک دابنیشین. بەڵام گلەییە گەورەکە بە بەر حکومەتی عێراق دەکەوێت؛ چونکە ئەو برا گەورەیە. ئەو حکومەتی گەورەیە و ئەو برای گەورەیە. با بە حکومەتی کوردستان بڵێت فەرموو با دابنیشین و ئاوا بکەین. تاوەکو تێگەیشتنێک لەسەر خەڵکی شنگال بێتە ئاراوە. بەڕاستی ئارامگریی خەڵکی ئێمە نەماوە و ناتوانن ئارام بگرن. ئەوە 10 ساڵ تێپەڕێت. خەڵکی ئێمە لەژێر خێوەتدان، داوا لە حکومەتی عێراق و کوردستان دەکەین بە زووترین کات کێشەی ئێزدییەکان چارە بکرێت.
رووداو: هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرسی جینۆسایدی ئێزدییان چۆن دەبینن؟
میر حازم تەحسین بەگ: بەڕاشکاوی ئەمە رۆژی یەکەم نییە هەستی کاک نێچیرڤان ببینین. لە کەوتنی سەددامەوە هەستی کاک نێچیرڤانمان بینیوە بەرامبەر خۆمان. هاوکاریی ئێمەی کردووە. هەروەها جەنابی سەرۆکیش کاک مەسعود بارزانی هاوکاری کردووین. ئەگەر کاک نێچیرڤان بارزانی نەبووایە زۆربەی ئەوانەی کەوتنە دەستی داعش نەدەگەڕێندرانەوە. سوپاسی هەڵوێستی جەنابیان دەکەین.