سێناتۆرێکی فەرەنسی: ئەوەی ئێستا بۆ کورد گرنگە ئەوەیە کە بزانن یەکگرتوو بن


رووداو دیجیتاڵ 

لەنێو گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازیی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات. سێناتۆرێکی فەرەنسیش دەڵێت، سەرۆککۆماری فەرەنسا گرنگی بە کوردستان دەدات و سەردانی نێچیرڤان بارزانیش بۆ پاریس هۆشیاریی فەرەنسا لە بەرامبەر دۆخەکە پێشان دەدات.
 
رێمی فێرۆ کەسایەتییەکی دیاری فەرەنسایە و سیاسەتڤانێکی پڕئەزموونە، ئەو لە ساڵی 2017ـەوە سێناتۆرە و پێشتریش چەندین پۆستی گرنگی لە فەرەنسا هەبووە، یەکێک لەوانە سەرۆکی گرووپی سۆسیالیستەکان لە ئەنجوومەنی پاریس. 
 
رێمی فێرۆ هەروەها دەڵێت، پێویستە کورد یەکگرتوو بن بۆ ئەوەی قورساییان زیاتر بێت و بتوانن بەرگری لە بەرژەوەندییە رەواکانی هەرێمی کوردستان بکەن لە بەرامبەر بەغدا، چونکە "هەندێک لایەن هەن کە یاریی تێکدانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەکەن."
 
رێمی فێرۆ باسی تێکشکاندنی داعشی لەلایەن پێشمەرگەوە کرد و گوتی، "لە شەڕی داعش و لەنێوبردنی داعش کورد رۆڵێکی گەورەی هەبوو. بەبێ پێشمەرگە، بۆردوومانی هێزەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و ناتۆ کاریگەر نەدەبوون."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: ئێستا رووداوەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا زۆر گەرمن ، فەرەنسا دەیەوێت چ بکات لەو ناوچە گرنگ و پڕ کێشەیەدا؟ 
 
رێمی فێرۆ: ئەو ناوچەیە کە ململانێیەکی زۆری تێدایە، ئاڵۆزییەکی زۆر هەیە، چەندین ساڵە، ئێستا رەوشێکی ئاڵۆز بەدیدەکرێت، لە ئەنجامی هێرشە تیرۆریستییەکانی حەماس لە دژی ئیسرائیل کە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە بە سەتان سڤیلی ئیسرائیلییان کوشت. ئەوە یەکێک بوو لە داینەمۆکانی ئاڵۆزییەکی دژوار کە ئەمڕۆ لە ناوچەکە سەریهەڵداوە، لەگەڵ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل کە بووە هۆی قوربانییەکی زۆری سڤیل، لە چوارچێوەی سیاسەتی ناتانیاهوودا هاتووە کە قبووڵی ناکەن، بەڵام ئێمە وەک فەرەنسا پشتیوانی خۆمان بۆ گەلی ئیسرائیل نیشاندا کە بوونەتە قوربانیی تیرۆر کە تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە. لەبەر ئەوە، دەبێ فەرەنسا رۆڵێک لەگەڵ هەموو هێزە کاریگەرەکانی ناوچەکە بگێڕێت لە چوارچێوەی هێزی ئێمەدا. بەڵام ئیرادەی بەهێز رۆڵێکی ئەرێنیی بینی، رۆڵێکی بەسوود بۆ دۆزینەوەی دەریچەیەک لە هەمان کات پشتیوانی ئیسرائیل و رێیەک بۆ چارەسەرێکی سیاسی بۆ گەلی فەلەستینی و گەلی ئیسرائیلی. بە بڕوای من، کاتێک سەرۆککۆمار (ی فەرەنسا) لە ئیسرائیل بوو، دواتر لە ئوردن و میسر بوو، رێیەکی گرتبووە بەر کە رێیەکی راست بوو، دواتر دەبێ ئێمە گوێ لە دۆست و هاوپەیمانی خۆمان بگرین لەو ناوچەیەی جیهان، بێگومان کورد لە ریزی پێشەوە دێت، ئیرادەی ئەوەمان هەبێت کە ئەوان نەبنە قوربانیی بڵابوونەوە و فراوانبوونی ململانێکان و ئەوەی ئێمە دەیبینین ئەگەری ئەوە هەیە کە پیلانێک هەبێت بۆ بڵاوکردنەوەی ململانێ لە سەرانسەری ناوچەکە. ئەوە خراپترین شتە کە دڵنیانین روودەدا، بەڵام پێویستی بە کارێکی دیپلۆماسیی فراوان هەیە و من دەزانم کە فەرەنسا لەناو ئەو کارەدایە و سەرۆککۆمار لەناو ئەو کارەدایە. من هیوادارم کە ئێمە وەکو پەرلەمانتار هاوشانی حکومەت و سەرۆککۆمار بین، لە هەمان کاتدا هۆشیاربین لەبارەی بڕکردنی چالاکیی کاردانەوەی کاری دیپلۆماسی لە ناوچەکە.
 
رووداو: سەرۆکی فەرەنسا سەردانی ناوچەکەی کرد، بەڵام دەبینین فەرەنسا کاریگەری لە سووریا و لوبنان کەم بووەتەوە، هۆکاری ئەوە چییە؟ 
 
رێمی فێرۆ: پێشتر فەرەنسا دەسەڵاتی ئینتیدابی لە سووریا و لوبنان هەبووە، بەڵام ئەو سەردەمە بەسەردەچێت، فەرەنسا وڵاتێکی گەورەیە، بەڵام لە جیهانی ئەمڕۆدا هێزێکی مامناوەندە، واتە؛ ئیدی ئێمە لە سەتەی بیست دا نین، ئێمە لە سەتەی بیست و یەک داین. بەڕاستی زۆربەی کێشەکانی ئەمڕۆ ئەوەیە کە ئەوروپییەکان نەیانتوانیوە ببنە یەک و هەڵوێستێکی هاوبەشیان هەبێت و لە جیاوازی دەنگدان دا لەسەر بڕیاری رێکخراوی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوە روون بووە. بە بروای من هەندێجار هەڵەی سیاسیی دەکرێن، ئەگەر ئەمڕۆ فەرەنسا نەتوانێت رۆڵێکی زیاتر بگێڕێت، هۆکار ئەوەیە کە ئەوروپا خاوەنی هەڵوێستێکی هاوبەش نییە. ئەوە بۆ من مایەی نیگەرانییەکی قووڵە. بەڵام بە بڕوای من کاتێک بابەتێک پەیوەستبێت بە لوبنان، سووریا، عێراق و کوردەوە بێت، دەبێ فەرەنسا هەڵوێستی هەبێت، هەروەها فەرەنسا رێی پشتیوانی و هەڵوێستی دروست نیشانی ئەوروپا بدات و دەبێت ئەوروپا پابەندییەکی پێویست نیشان بدات. هێزی ئێمە رێژەییە، چونکە ئێمە بەهێزنین و بێگومان ئەگەر ئەوروپا بە دەنگێکی یەکگرتوو قسە بکات، بەهێزتر دەبێت، بەڵام ئێمە ئەمڕۆ دەبینین کە تەنیا ئەمریکا زۆربەی جاران کاریگەریی لەسەر رەوشەکە هەیە، بۆ من مایەی نیگەرانییە کە ئەوروپا ناتوانێت یەکگرتوو بێت، ئەوە تەنیا پەیوەست نییە بە فەرەنساوە، بەڵام دەبێ فەرەنسا رۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لەو ناوچەیەی جیهان. ئەگەر بتوانم لەسەر ئەو وەڵامە بەردەوامبم، دەبێ ئێمە خۆمان نەدەینە دەست قەدەر، ئەگەر سیاسەتێکی بەهێز هەبێت، وەکو ساڵانی 2014 و 2015 کاتێک فەرەنسا لەگەڵ ئەمریکا و لەگەڵ کورد بڕیاریان دا کە بەشێوەیەک کاربکەن کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بتوانێت بە ئامانجی خۆی بگات و خەلاف لەنێو ببات، ئەوان توانیان ئەوە بکەن. ئەوە پێویستی بە پابەندییەکی دیپلپۆماسییە و هەندێ جاریش پابەندییەکی سەربازی. پێش 10 ساڵ رەوشەکە ئاوابوو و بێگومان رۆڵی فەرەنسا، رۆڵی ئەمریکا و رۆڵی کورد ئەو کاتە یەکلاکەرەوە بوو.
 
رووداو: سەرۆکی فەرەنسا پێشنیازی ئەوەی کرد هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی دژی حەماس وەک ئەوەی دژی داعش کرا، دروستبکرێت، ئەمە ئێستا گونجاوە؟ 
 
رێمی فێرۆ: باوەڕناکەم، هەروەها بە بڕوای من ئەوە نەبوو کە ماکرۆن خۆی دەیویست بیڵێت. با وەبیر خۆمانی بێنینەوە کە بەبێ بوونی هێزی کوردی لەسەر زەوی هاوپەمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دروست نەدەبوو، بەبێ پێشمەرگە، لە سووریا، لە عێراقدا بۆردوومانی هێزەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و ناتۆ کاریگەر نەدەبوون. هێزە تایبەتە زەوینییەکان بەبێ هێزی کوردی نەیاندەتوانی کاریگەربن، ئێستا ئێمە لە غەززە لە هەمان رەوشی جوگرافیدا نین، خۆ ئەگەر سەرۆکی فەرەنسا ویستبێتی بڵێت پێویستە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی لە دژی تیرۆر هەبێت کە حەماس نوێنەرایەتییان دەکات، من پاڵپشتیی ئەو بیرۆکەیە دەکەم، بەڵام بە بڕوای من ئەو چەمکە زۆر ورد نییە و باش دانەڕێژراوەتەوە. بۆیە ناخوازم کە تەنیا لەسەر ئەو خاڵە راوەستێت لەو سەردانەدا، کە وەکو شتێکی بەپەلە داڕێژرابێتەوە و کۆنکرێتی نەبووبێ، لەبەرئەوە لەباتی ئەوە، بە بڕوای من ئەو هێڵێکی سیاسیی گرت کە رێیەکە دەبێ رێ بە پێشڤەچوون بۆ چارەسەرکردنی ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین بدات، ئەویش چارەسەری بوونی دوو دەوڵەتە، بۆیە پێویستیی بە هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتیی دژی تیرۆر هەیە، بەڵام بەو واتایە نا کە شەڕی دژی حەماس وەکو شەڕی دژی تیرۆری لێبێ، چونکە رەوشەکە هەمان رەوش نییە و دەبێ رەوشەکە زۆر زەحمەت بێت، لەبەرئەوەی حەماس خەڵکی سڤیلی غەززە وەکو قەڵغان بەکاردێنن. بۆیە دەبێ بۆردوومانەکان زۆر هەستیار و وردبن؛ لەبەرئەوەی بەداخەوە دەبینین لەم رۆژانەی دواییدا بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە زیاتر دەبن، ئیدی دەبێ کار بۆ پشتیوانی ئیسرائیل بکرێت لە دژی تیرۆر، هەروەها دەبێ کار بۆ ئەوە بکرێت کە بتوانین ئێش و ئازارەکانی خەڵکی سڤیلی فەلەستین کەمبکرێنەوە و رێگە بدرێت هاوکارییە مرۆییەکانیان پێبگات و چارەسەرێکی سیاسی بدۆزرێتەوە. ئەوە باشترە، بە بڕوای من رەوشەکە هەمن رەوشی سووریا و عێراق نییە لە ساڵی 2014دا تەنیا لە یەک خاڵدا نەبێت، ئەویش گرنگیی هەبوونی بزووتنەوەیەکی بەرفراوان لە دژی تیرۆر و لە دژی ئەو دڕندەییەی کە هەڕەشە و مەترسییە لەسەر هەمووان و لەسەر جیهان.
 
رووداو: کەواتە ئێوە لەگەڵ ئەوەدا نین، بەڵام فەرەنسا دەیەوێت پشتیوانیی ئیسرائیل بکات، چۆن دەتوانێت ئەو کارە بکات؟
 
رێمی فێرۆ: سەرەتا، نیشاندانی پشتیوانی خۆی لە دژی تیرۆر، نیشاندانی پشتیوانی خۆی بووە لە هەمبەر ئەوەی روویداوە کە دیاربوو تووندرین شت بوو لە دوای جەنگیی دووەمی جیهانی. هەروەها هاوسۆزی خۆی نیشان بدا. گومانم لەوە نییە کە دانوستاندنیش لەنێوان هەردوو حکومەتەکانی فەرەنسا و ئیسرائیل هەیە و لەنێوان بەرپرسانی دەزگا هەواڵگرییەکان بۆ کاری هاوبەش لە دژی تیرۆر. بە بڕوای من دەبێ فەرەنسا پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل نیشان بدات و وەڵامی پشتیوانییەکەی لەنێو وڵاتانی دیموکراتدا بۆ خەباتکردن لە دژی تیرۆر بداتەوە. هەروەها بە ئیسرائیل بڵێت و جەخت بکاتەوە کە لە داهاتوودا تەنیا و تەنیا چارەسەری سیاسی دەتوانێت رێبدات ئەو رەوشە دوایی بێت کە هەم دراماتیک و هەمیش چەند ساڵێکە چەقی بەستووە. واتە دەبێ فەرەنسا جارێکی دیکە ویستی خۆی دووپات بکاتەوە کە دەیەوێ فەلەستین ببێتە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و هەردوو گەلانی ئیسرائیل و فەلەستین بتوانن داهاتووی خۆیان بە ئاشتییانە بنیاد بنێن، ئەمە ئەو شتە بوو کە سەرۆککۆمار باسی کرد.
 
رووداو: ئێوە دەزانن لەم کاتە هەستیارەدا سەرۆک ماکرۆن پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات. نێچیرڤان بارزانی لایەنگری چارەسەری ئاشتییانەی دوو دەوڵەتە بۆ کێشەی فەلەستین. ئایا ئەم دیدارە بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا گرنگ دەبێت؟ 
 
رێمی فێرۆ: هاتنی سەرۆک بارزانی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن نیشانەی بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و هەولێرە و بێ گومان ئەمە زۆر زۆر گرنگە کە ئەم پەیوەندییانە بەردەوام بەهێز بن و پشتگیرییەکی کۆنکرێتی و جێگیر بۆی هەبێت لە رێگەی کۆبوونەوە یەک لەدوا یەکەکان. نیگەرانی هەن لە تەواوی ناوچەکە. نیگەرانی هەن بۆ کوردستان کە منیش هەستیان پێدەکەم، من گرنگیپێدانی سەرۆککۆمار بە کوردستان دەزانم، من گرنگیپێدانی ئەو بەو هەموو ئاڵۆزییانەی کە لە دەوروبەری هەموو عێراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی هەن دەزانم و لەگەڵ ئەکتەرە هەرێمییەکانی وەک تورکیا، وەک ئێران و عەرەبستانی سعودیە و هەموو ئەو میلیشیانەی کە دەکرێت لەملا و لەولاوە جۆڵەیان پێبکرێت. بۆیە ئەم سەردانەی سەرۆک بارزانی بۆ پاریس هۆشیاریی فەرەنسا لەبەرامبەر دۆخەکە پێشان دەدات. بێگومان ئەمە زۆر زۆر گرنگە. هەروەها ئێمە سەربازانی فەرەنسامان هەن کە پێش چەند هەفتەیەک لە بەردەوامیی خەباتی دژی دووبارە سەرهەڵدانی داعش گیانیان لەدەستدا. دەزانم کە رۆژانە هێڕش یان پرۆژەی هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوردستان و عێراق هەن، بۆیە دۆخەکە زۆر ئالۆزە و زۆر مەترسیدارە. بوونی فەرەنسا لێرە بێگومان بۆ مسۆگەرکردنی سەروەریی عێراق و ئۆتۆنۆمیی کوردستان و ئارامی تەواوی ناوچەکە بەس نییە، چونکە ساتێک لەمەوبەر باسمان لە رێژەییبوونی هێزی فەرەنسا کرد، ئەمە زۆر زۆر گرینگە. بەشداری فەرەنسا لەو بابەتانەدا زۆر پێویستە، بۆیەش بڕوام بە سەرۆکی فەرەنسا و حکومەتی فەرەنسا هەیە کە بێگومان ئەو وشیارییە، گرنگیپێدانە و ئیرادە بە‌هێزەی هەبێت بە تایبەت لە تەنیشت دۆستە کوردەکانمان کە لە دۆخێکی سەخت و هەستیاری جیۆپۆلیتیکدان، بەڵام ئەوەش دەزانم کە کورد دۆستی هەن و دەبێت فەرەنسا لە ریزی پێشەوەی ئەم دۆستانەدا بێت.
 
رووداو: بەڕێزتان سیاسەتڤانێکی پڕئەزموونن، ئێوە دەزانن کە فەرەنسا زۆر بە باشی کێشەی کورد و کوردستان دەناسێت، هەندێک بڕیار هەن لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری کێشەی فەلەستین، بەڵام هیچ بڕیارێک نییە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بۆ چارەسەری کێشەی کورد و کوردستان، هۆکاری ئەمە چییە؟
 
رێمی فێرۆ: سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم ساڵانەی دواییدا زۆربەی جاران ئیفلیجە. ئەوەمان دێت بۆ ئەرمینیا، قەرەباخ، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیتوانی خەڵک لەو پاکتاوکردنە ئەتنیکییەی کە ئازربایجان کردی، بپارێزێت. هەروەها ئێمە ئەوەمان هەندێکجار دیت کاتێک لە ساڵانی رابردوودا و تائێستاش خاکی سووریا پارچە پارچە کراوە و ئەسەد تائێستا دەسەڵاتی بەسەر بەشێکی گەورەی خاکەکەیدا هەیە، هەروەها هێرشەکانی سوپای تورکیا هەن بەشێوەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر خاکی سووریا، بێ ئەوەی ئێمە باسی بوونی ئێرانییەکان و حیزبوڵڵا لە سووریا بکەین. واتە ئێمە هەندێک ار بێکەڵکیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبینین و بە هەرحاڵ ئەمە بەس نییە کە تەنیا دەنگ لەسەر بڕیارەکان بدرێن، بەڵکو پێویستە جێبەجێش بکرێن. نەتەوە یەکگرتووەکان بە سیستەمی ڤیتۆ کار دەکات، لە لایەن هەر پێنج وڵاتی خاوەن ئەندامێتی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا کە ئەمرۆ ناتوانن هیچ بڕیارێک پەسەند بکەن. بۆیە من نازانم ئەگەر ئەمڕۆ باشترین رێگا بۆ کوردەکان لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بێت، بەڵام بە بڕوای من پێویستە ئەمە دوورنەخرێت، پێشوەختە دوورنەخرێت، ئەگەر ئەمە پێویست بێت لە جیهانێکدا کە بەداخەوە نەتەوە یەکگرتووەکان و بە تایبەت ئەنجوومەنە ئاسایشەکەی، لە بڕیارداندا زەحمەتی پێشان دەدات. من هەروەها دەزانم کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، چەند ساڵێک لەمەوبەر لە رێگەی ناوچەیەکی پاڕێزراو و دژەفڕین، کوردی پاراست. ئەو بڕیارەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە دەستپێشخەریی فەرەنسا بوو بە سەرۆکایەتی فرانسوا میتران. ئیتر، من زۆر بە هیوام، کە ئەگەر کورد رووبەڕووی هەڕەشە ببنەوە لە هەفتە و مانگەکانی دواییدا، نەتەوە یەکگرتووەکان دەستتێوەردان بکات و فەرەنسا ئەم داوایە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات. بۆ من جێگای داخە کە ئەمە بۆ قەرەباخ نەدەکرا، لەوانەیە فەرەنسا زۆر درەنگ کەوتبێ بۆ پەنابردنە بەر نەتەوە یەکگرتووەکان و نەتوانێت کارێک بکات بۆ بریاردان و پاراستن، بەڵام پێویستە هەمیشە دەرفەت بەو سیستەمە نێودەولەتییە بدرێت و داوا بکرێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان بتوانێت رۆڵی خۆی بگێرێت و سکرتێرە گشتییەکەی ئەمرۆ بە دەنگێکی بە‌هێزەوە قسە دەکات، بۆیە هیوادارم کە نەتەوە یەکگرتوووەکان ئەرکەکەی جێبەجێ دەکات بۆ پاراستنی کوردەکان، ئەگەر لە هەفتەکانی داهاتوودا ئەمە پێویست بکات.
 
رووداو: ئێوە دەڵێن کورد دەبێت بەشداربێت لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەڕای ئێوە دەبێت کورد چی بکات؟
 
رێمی فێرۆ: کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی جیهانە. ئەمە راستییەکە، کە لە مێژوودا بۆ کاتێکی دوو ودرێژ دەگەڕێتەوە. ئێستاش بە تایبەت کە سەت ساڵ بەسەر رێککەوتننامەی لۆزان تێدەپەرێت. لە بەرامبەریشدا، کورد لە کاتی رزگارکردنی عێراق و کەوتنی سەدام حوسێنەوە، ئەم هەرێمە ئۆتۆنۆمە لە دەوروبەری هەولێر کە نموونەیەکە بۆ پێشکەوتنی نائاسایی، خاوەن ئۆتۆنۆمییەکی راستەقینە یە، کە هەندێک جار بەشبەشبوونی ناوخۆییش هەن کە هەندێک جار لاوازی دەکەن، بەڵام دەتوانێت یەک بگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت هەرێمەکە بپارێزێت، کورد هەروەها دەزانن پشتگیری یەکتر بکەن کاتێک رووبەڕووی هێڕشێک دەبنەوە، سەڕەرای ناکۆکی و جیاوازییەکانیان. بۆیە بڕوا دەکەن و ئێمە هەفتەی رابردوو لە ئەنجوومەنی پیران (سێنات) ئەوەمان لەگەڵ نوێنەرانی دیاسپۆرای کورد لە ئەوروپا باسکرد، شتێک کە ئەمرۆ بۆ کوردەکان گرنگە ئەوەیە کە بزانن یەکگرتوو بن، بزانن بەسەر ناکۆکییەکانیاندا زاڵ بن، بزانن یەکگرتوو بن بۆ ئەوەی قورساییان زیاتر بێت و بتوانن بەرگری لە بەرژەوەندییە رەواکانی هەرێمی کوردستانی ئۆتۆنۆم بکەن لە بەرامبەر بەغدا لەبارەی دابەشکردنی داهاتەکان و پابەندبوون بە دەستووری عێراق و رێزگرتن لە ئۆتۆنۆمییەکە و دابەشکردنی داهاتی نەوت بەشێوەیەکی دادپەروەرانە. شتی گرنگ بۆ کوردەکان ئەوەیە کە بزانن پشتی یەکدی بگرن، کاتێک لەسەر خاکی ئەو وڵاتانەی کە لێی دەژین وەک تورکیا، ئێران و سووریا رووبەڕووی چەوساندنەوە دەبن و هەڕەشە لە بوونیان دەکرێت. من بینیم چۆن دوور لە ناکۆکیی سیاسی، دوای بوومەلەرزە دژوارەکە کە لە باشووری تورکیا و باکووری تورکیا روویدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریی مرۆیی نارد، لەو دەڤەرەی کە هیچ کەسێکی دیکە هاوکاریی نەناردبوو لە باکووری سووریا... واتە ئەوەی بۆ کورد گرنگە ئەوەیە کە بزانن یەکبگرن و زیاتر ببنە یەک و لەسەر جیاوازییە سیاسییەکانیان خۆڕاگر بن. وەک چۆن بینیمان لەکاتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق ئەوەیانکرد. ئەوەش پێشینەیە، چونکە جیاوازی هەمیشە سەرچاوەی لاوازییە. 
 
رووداو: فەرەنسا زۆر هەوڵی نزیکبوونەوە لە عێراق دەدات، بەڵام هەوڵەکانی فەرەنسا ئەنجامی زۆر کەمیان هەبوون، دیداری نێوان سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو بوارەدا چ رۆڵێکی دەبێت؟ 
 
رێمی فێرۆ: من ناتوانم بە ئێوە بڵێم کە ئەنجامی کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆکی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان چ دەبێت، بەڵام فەرەنسا ناتوانێت هەر شتێک لە جیاتی هەموو ئەکتەرەکان بکات. کۆنفرانسەکانی بەغدا کە بە دەستپێشخەریی سەرۆکی فەرەنسا سازکران، دەستپێشخەرییەکی باشە کە فەرەنسا کار دەکات بۆ پشتگیری سەروەریی عێراق بە تەواوەتی، و ئۆتۆنۆمی هەرێمی کوردستان لە ناو عێراقێکی خاوەن سەروەریدا، بە بڕوای من سیاسەتێکە کە بەرەو ئاراستەیەکی راست دەچێت. لەبەر ئەوەی رۆڵی فەرەنسا ناتوانێت شوێنی هەموو ئەو لایەنانە بگرێت، کە هەوڵ نادەن و هەندێک لایەن هەن کە یاریی تێکدانی سەقامگیری دەکەن کە هیچ سوودێکی نییە. بەڵام دانپێدانانێکی گشتی بۆ رۆڵی فەرەنسا هەیە و بە توانای کە دەتوانێت هەموو لایەنەکان لەسەر مێزێک کۆ بکاتەوە. من ئەمڕۆ شتێک دەزانم، ئەویش ئەوەیە کە لە جیهانی ئەمرۆدا، ئەگەر ئەوروپا بە کۆدەنگی قسە بکات و دەستپێشخەرییەکی هاوبەشی هەبێت، بێگومان کاریگەریی زۆر گەورەی دەبێت. بەڵام گلەیی لە سەرۆکی فەرەنسا ناکەم کاتێک دەستپێشخەری پێشکەش دەکات کە لە شوێنی خۆیدا بێت، تەنانەت ئەگەر کاریگەرییەکانی سنوورداریش بن. من بەشێکم لە ئۆپۆزیسیۆن لە فەرەنسا، بەڵام بە بڕوای من پێویستە فەرەنسا بە یەکدەنگی قسە بکات بۆ ئەوەی بتوانین سەرنجی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی راکێشین، کاتێک دەستپێشخەرییەکانی سەرۆک بەرەو ئاراستەی راست دەچن. دواتر، کاریگەری مژارێکی دیکەیە، بەڵام هیوادارم دەنگی فەرەنسا کاریگەرییەکەی بەردەوام بێت و سیاسەتێکی بەهێز بەپێی کات دەتوانێت کاریگەر بێت. بە هەر حاڵ من دەزانم کە ئیرادەیەکی راستەقینەی فەرەنسا هەیە کە لێرە پەرلەمان و سێنات هاوبەشن لەوەدا، کە لە هەمانکاتدا نزیکی عێراق ببێ و نزیکی کوردەکان ببێ و لە نێویشدا فەرەنسا رۆڵ بگێرێت لە نزیککردنەوەی بەغدا و هەولێر، ئەگەر پێوست بکات، بە بڕوای من ئەمە رۆڵی فەرەنسایە، کە تێیدا بەشدارە.
 
رووداو: پاراستنی هەرێمی کوردستان و یارمەتیدانی بەهێزبوونی پێشمەرگە سیاسەتی دیاری فەرەنسا بووە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، ئایا لەو سەردانەدا دەکرێت چۆن ئەو سیاسەتە بەهێز بکرێت؟ 
 
رێمی فێرۆ: من نامەوێت لە جیاتی سەرۆکی فەرەنسا و حکومەتی فەرەنسا قسە بکەم، من ناتوانم ئەمە بکەم. من وەک هەموو هاوکارانم لە پەرلەمان و کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی سینات وریا بم لە ئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیە. بەڵام بێگومان لە بواری سەربازی، لە بواری ئابووری، لە بواری سیاسی، هەرچەند پەیوەندییەکان بەهێز بن، ئەوەندەش پشتیوانی فەرەنسا گرنگ دەبێت و ئەوەندە فەرەنسا دەتوانێت پشتگیری ئەوروپا رابکێشێ و باشتر دەبێت. ئێمە وەک پەرلەمانتار هەمیشە ئامادەین لە حکومەتی فەرەنسا بپرسین، ئایا پابەندبوون و توانای پابەندبوون لە چ ئاستێکدایە لە پاڵ کوردەکان، بە تایبەت بۆ خەبات لە دژی گەڕانەوەی تیرۆری ئیسلامی، هەروەها بۆ ئەوەی رێگە بە گەلی کورد بدرێت بەرەو پێشەوە بڕوات و بگاتە باشترین دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەروەها بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی ئەو (کورد) لە ناوچەیەکی هەرە مەترسیداری جیهان.
 
رووداو: دەمەوێت بزانم ئێستا سیاسەتی فەرەنسا بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان چۆنە؟
 
رێمی فێرۆ: ئەمڕۆ، رۆژئاوا هەیە بە راستی. بوونی هێزە کوردییەکان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بۆ هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی باشترین ئایندە بۆ گەلی ناوچەکە، بە مەبەستی پاراستنیان لە هێرشە دەرەکییەکان شتێکی زۆر بەنرخە. بەڵام رۆژئاوا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نەناسێندراوە، من هیوادارم فەرەنسا و وڵاتانی دیکەدا دانی پێدابێنن کە پێویستە بەشداری لە دیاریکردنی داهاتووی هەموو سووریادا بکات، هەروەها هیوادارم کە پرۆژە مرۆییەکان و خزمەتگوازییە گشتییەکان لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی بکرێن. تورکیا ئازاد نەبێ لە هێڕشکردن و بۆردوومانکردندا. کاتێک دەبینم هێزە کوردییەکان، پێشمەرگە دەکوژرێن لە هێڕشی درۆنیدا لەلایەن جیهادییەکانەوە و هەندێک جاریش لە ئەنجامی هێڕشە راستەوخۆکانی سوپای تورکیادا، کە لەگەڵ ئێمە بوون لە شەڕی دژی داعش، من دەڵێم کە ئەمە قبوڵ ناکرێت و دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و فەرەنسا بە دەنگێکی بەهێزەوە قسە بکەن و بڵێن کە ئەمە قبوڵ ناکرێت. کوردەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و هەموو دانیشتووانی کە دانیشتووانی عەرەب و کریستیانیش لەوێ هەن، پێویستە بتوانن بەشداری داهاتووی سووریا ببن و لە ئارامیدا بژین، ئەمرۆ پێویستە ئۆتۆنۆمیەکەی رۆژئاوا و تواناکەی بۆ ژیانی ئاشتیانە بپارێزرێن و پێویستە ئەمە لە کارە پێشینەکان بێت و سوپاسی ئێوە دەکەم کە ئەو پرسیارەتان لە من پرسی، چونکە زۆر لەسەر ئەم بابەتە قسە ناکەین و نابێت ئەو دۆخەی لە ئیسرائیل و غەززە هەیە، ببێتە هۆی ئەوەی کە لە بیری بکەین ئەمرۆ لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دۆزەکە زۆر زۆر سەختە و بۆردوومان هەیە و رۆژانە کوژراو هەن و بارۆدۆخی مرۆیی لەوێ زۆر خراپە.
 
رووداو: دوایین پرسیارم ئەوەیە، ئێوە سەر بە پارتەکەی سەرۆکی فەرەنسان، دەمەوێت بزانم سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا چەندێک گرنگە و چۆن هەڵی دەسەنگێنن؟
 
رێمی فێرۆ: پرسەکە پرسی حیزبی زۆرینەی سەرۆکایەتی لە فەرەنسا نییە، بەڵام ئیمانۆئیل ماکرۆن هەنگاوەکانی لە چوارچێوەی سیاسەتێکی فەرەنسیدا دەنێت کە پێشتر هەبوو و بە تایبەت رۆڵی بەهێزی فرانسوا هۆڵاند لە دارشتنیدا هەبوو کە ئەو لە پاڵ کوردەکان شەڕی دژی داعشی بەڕێوەدەبرد. بۆیە ئەمرۆ پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان بە‌هێز ماون. کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆک، سەردانی وەزیری بەرگریی فەرەنسا بۆ هەولێر هێمای زۆر گرنگن بۆ بەردەوامی ئەو سیاسەتەی فەرەنسا، کە زۆر گرنگە. واتە پەرلەمانتارانی فەرەنسیش کاری خۆیان دەکەن بۆ چاودێریکردنی کاری حکومەت و لێپرسینەوە لە حکومەتی فەرەنسا و هیچ جیاوازییەکی سیاسی لە نێوانماندا نییە و ئەمەش زۆر گرنگە لە دۆخێکی ئاوا هەستیاردا وەک دۆخی ئەمڕۆ.