نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی دژی داعش: پێشمەرگە رۆڵێکی گرنگیان لە بەرقەرارکردنی داهاتووی عێراقدا هەیە
رووداو - واشنتن
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رایگەیاند، ژێرخانی داعشیان "تێکشاندووە"، بەڵام مەترسیی داعش ماوە و دەشڵێت، "هێشتا کاری زۆرمان ماوە بیکەین". هەر لەوبارەوە گوتی، "لەم ناوچەیە ناکشێینەوە، سەرنجیشمان لەسەر ناوچەکە لانادەین."
ئیەن مەککاری، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە رۆژی 30ی ئەیلوولی 2024 دا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە واشنتن بوو.
مەککاری ئەو رۆژە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو باسی درێژەدان بە پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە کرد و لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو دا لەوبارەوە گوتی، "پەیوەندیمان هەیە و بەردەوام دەبین لە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ پێشمەرگە، هەروەک دەزانی هاوکاری و هاوئاهەنگیی ئێمە لەگەڵ ئەوان دەگەڕێتەوە بۆ چەندین دەیە پێش ئێستا. هاوتەریب لەگەڵ حکومەتی عێراق، ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ پێشمەرگە؛ چونکە ئێمە بڕوامان وایە پێشمەرگە رۆڵێکی زۆر گرنگیان لە بەرقەرارکردنی داهاتووی عێراق دا هەیە."
سەبارەت بە درێژەدان بە مانەوە و کاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش رایگەیاند، "بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش؛ بڕوامان وایە کە تاکە رێگە بۆ داهاتووی سووریا بەندە بە گەیشتنە چارەسەرێکی سیاسی."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئیەن مەککاری، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش:
رووداو: زۆر سوپاس، بەڕێز نێردەی تایبەت کە میوانی رووداویت.
ئیەن مەککاری: زۆر سوپاس.
رووداو: دەتوانیت پێمان بڵێیت، لە ماوەی چەند کاژێری رابردوو دا لە کۆبوونەوەی وەزیران دا گفتوگۆتان لەسەر چی کرد؟
ئیەن مەککاری: بێگومان. ئەمە کۆبوونەوەیەکە هەموو ساڵێک لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش دەیکەین. لە هاوپەیمانێتییەکە 87 ئەنداممان هەیە و هەموو ساڵێکیش لەسەر ئاستی وەزیران کۆدەبینەوە. بۆ ئەوەی بە پەرەسەندن و خاڵە لەپێشینەکانماندا بچینەوە، هەروەها گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکدی بکەین، بۆ ئەوەی شەڕی هەڕەشەی داعش بکەین، کە هێشتا بەردەوامە. ئەمە کۆبوونەوەیەکی گرنگە، چونکە 10 ساڵ بەسەر دروستکردنی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیدا تێدەپەڕێت کە لە 2014 دەستیپێکرد. هەروەک دەزانی، ئەوکات ئەو گرووپە تیرۆریستییە دەستی بەسەر موسڵ دا گرت و دواتر یەک لەسەر سێی عێراق و سووریاشی کۆنتڕۆڵ کرد. لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، سەرکەوتنێکی گەورە و بەرچاو لە بەرەنگاربوونەوەی داعش دا هەبووە. ئێمە هەموو ئەو ناوچانەی عێراق و سووریامان کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندا بوون. ئێمە بە ملیۆنان خەڵکمان لەژێر دەستی داعش رزگار کردووە کە لەژێر حوکمی داعش دا دەیانناڵاند. ئێمە ژێرخانی ئەو رێکخراوەمان تێکشاندووە و توانیومانە ژمارەیەک لەو تاوانبارانە رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکەینەوە. هەربۆیە، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا کاری زۆرمان ماوە بیکەین.
رووداو: هەروەک باسی ئەو گواستنەوەیەت کرد کە لە دوو قۆناخ پێکدێت، تاوەکو چەند لەوە دڵنیای کە داعش لە عێراق و سووریا سەرهەڵناداتەوە؟
ئیەن مەککاری: ئێمە هێشتا بە وردی سەرنجمان لەسەر ئەو هەڕەشەیەیە کە داعش لە ناوچەکانی عێراق و سووریا هەیەتی. ئێمە متمانەیەکی زۆرمان بە توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە هەیە کە لە 10 ساڵی رابردوودا، لە رێگەی هاوئاهەنگیی ئێمە، بەشێوەیەکی ناوازە پێشکەوتنیان بەخۆیانەوە بینیوە. نیگەرانی ئێمە لە ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش هێشتا هەیە، هەرچەندە بەشێوەیەکی زۆر خراپ زیانیان بەرکەوتووە. ئەگەر وریا نەبین و سەرنجمان لەسەری نەبێت، دەکرێ داعش لە سووریا دووبارە سەرهەڵبداتەوە. بۆیە ئەو وەزیرانەی کە ئەمڕۆ کۆبوونەوە، هاوڕای ئەوەبوون کە بە وریاییەوە ئاگاداری هەڕەشەی داعش بن لە عێراق و سووریا، هەروەها هاوڕابوون لەسەر درێژەدان بە کارکردن بەشێوەیەکی زۆر نزیک لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە عێراق. ئەوەی ئێمە لە عێراق دەیکەین، بەبەهێزییەوە لەگەڵ حکومەت بەردەوام دەبین لە هاوئاهەنگیکردن لەبواری دژەتیرۆر دا لە عێراق، ئەوەی دەگۆڕێت، ئەوەیە ئێمە گۆڕانکاری لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیمان لەگەڵ عێراق دەکەین، بە قۆناخ و بە تێپەڕبوونی کات و، بە رەچاوکردنی ئەو پێشڤەچوونانەی بەدەستمان هێناون و لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بەڵام ئێمە هەروەها بەردەوام دەبین لە گوشارخستنە سەر داعش و ئامرازەکانی کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەن، بۆ ئەوەی دڵنیابین لە سەرهەڵنەدانەوەیان لە سووریا و عێراق.
رووداو: بەگوێرەی چەند راپۆرتێکی میدیایی ناوچەکە، هێشتا نزیکەی 2500 ئەندامی داعش لە ناوچەکە بە ئازادی جموجۆڵ دەکەن؛ لەلایەکی دیکەش 29 هەزار چەکداری داعش لە گرتووخانەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریان و نزیکەی 43 هەزار ئەندامی ماڵباتی ئەو چەکدارانە لەوێن. کاتێک باسی ئەو گۆڕانکارییە دەکەین، یان کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانێتی، پێتوانییە هێشتا زۆر زووە بۆ ئەم راگوزەر و قۆناخە، چونکە هێشتا هەڕەشە لە ناوچەکە هەیە و ئەندامانی داعشیش لە گرتووخانەکاندان؟
ئیەن مەککاری: زۆر سوپاس بۆ ئەم پرسیارە، بەڕاستی دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە. ئێمە لەم ناوچەیە ناکشێینەوە و، سەرنجیشمان لەسەر ناوچەکە لانادەین. پرسی ئەو داعشانەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەستگیرکراون، هێشتا بۆ ئێمە کارێکی لە پێشینەیە و ئێمەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانمان لەکارکردن بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە ئەو چەکدارە دەستگیرکراوانە لە شوێنێکی سەلامەت بهێڵدرێنەوە. گرنگترین هەوڵی ئێمە لەوێ ئەوەیە، زۆرترین چەکدار لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بهێنینە دەرەوە و بۆ ئەو شوێنانە بیاننێرینەوە کە لێیانەوە هاتوون. ئینجا ئەگەر لە ئەورووپا، نێوەڕاستی ئاسیا، ئەفریقا یانیش وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هاتبن؛ دەمانەوێت ئەوانە بنێردرێنە وڵاتی خۆیان و ئێستا خەریکی ئەو پرۆسەیەین. هەروەها سەبارەت بەو ئاوارانەی لە کامپی هۆلن، زۆر عێراقی خەریکن دەگەڕێنەوە کە چەندین ساڵ بوو لەوێ گیریان خواردبوو، ئەوان ئێستا خەریکن دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، ژمارەیەکی کەمی ئاوارەی وڵاتانی دیکەش هەن کە دەگەڕێنەوە؛ لەوانەش وڵاتانی نێوەڕاستی ئاسیا و وڵاتانی دیکە. ئەوان ئێستا خەریکە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ژیانێکی نوێ دەستپێدەکەن. جێگەی پەژارەیە کە چەندین کەسی نێو کامپی هۆل منداڵن و لەوێ زیاتر جێگەی دیکەیان نەبینیوە، ئەوان خەریکە لە خراپترین هەلومەرج دا گەورە دەبن. ئێمەش باشترین شت پێمان بکرێت ئەوەیە، ئەوان بگەڕێنینەوە و ژیانێکی نوێیان پێببەخشینەوە.
رووداو: دەتوانی باسی جۆری پەیوەندییەکانتان لەگەڵ پێشمەرگە بکەن لەم قۆناخە راگوزەریەدا، چونکە دەزانین ئێوە ئێستا لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی پەیوەندییە ئەمنییەکانی داهاتوو لە گفتوگۆدان، ئایا سرووشتی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ پێشمەرگە چۆن دەبێت؟
ئیەن مەککاری: پەیوەندیمان هەیە و بەردەوام دەبین لە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ پێشمەرگە، هەروەک دەزانی هاوکاری و هاوئاهەنگیی ئێمە لەگەڵ ئەوان دەگەڕێتەوە بۆ چەندین دەیە پێش ئێستا. هاوتەریب لەگەڵ حکومەتی عێراق، ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ پێشمەرگە؛ چونکە ئێمە بڕوامان وایە پێشمەرگە رۆڵێکی زۆر گرنگیان لە بەرقەرارکردنی داهاتووی عێراق دا هەیە.
رووداو: دوایین پرسیار. لە عێراق پەیوەندیتان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە، بەڵام لە سووریا هیچ پەیوەندییەکتان لەگەڵ حکومەتی ئەوێدا نییە؛ کەواتە چۆن ئەرکی خۆتان لە دوای ئەیلوولی 2026 رێکدەخەنەوە؟
ئیەن مەککاری: ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش؛ بڕوامان وایە کە تاکە رێگە بۆ داهاتووی سووریا بەندە بە گەیشتنە چارەسەرێکی سیاسی، لەسەر بنەمای ئەو خاڵ و هێڵە گشتییانەی لە پەیماننامەی ژمارە 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دا هاتوون. هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان بەو ئاراستەیەن، ئێستاش بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی هەموو ئەو ئۆپەراسیۆنە مرۆیی و سەربازییانەی کە پێویستن بۆ ئەوەی رێگە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش بگرینەوە.
رووداو: زۆر سوپاس، بەڕێز نێردەی تایبەت.
ئیەن مەککاری: زۆر سوپاس.