بەڕێوەبەری پەیمانگەی عێراق بۆ وزە: بڕیارەکەی دادگەی پاریس لە خراپترین کاتدا بوو بۆ بەغدا و هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
"هێشتا زووە بزانرێت لەنێوان عێراق و تورکیا کامیان براوەی ئەو دۆسیەیەن کە دادگەی نێوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەڵەوتیی بڕیاری لەسەر دەدات"، ئەمە گوتەی بەڕێوەبەری پەیمانگەی عێراقە بۆ وزە، کە پێی وایە بڕیارەکەی دادگەکە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، لە خراپترین کاتدا بووە.
یەسار مالیکی، بەڕێوەبەری پەیمانگەی عێراق بۆ وزە لە هەڤپەیڤێنێکدا لەگەڵ محەممەد شێخ فاتح، پێشکێشکاری ئابووریی رووداو باسی وردەکارییەکانی بڕیارەکەی دادگەکەی کرد کە بەهۆیەوە چەند رۆژێکە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا راگیراوە.
لە هەڤپەیڤینەکەدا یەسار مالیکی دەڵێت "ناوبژیوانێتیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە خراپترین کاتدا بوو بۆ بەغدا و هەولێر، چونکە گەیشتبوونە رێککەوتنێک و هەموو شتێک باش دەڕۆیشت".
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەڕێز یەسار، بەڕای تۆ عێراق و تورکیا کامیان براوەی کەیسەکانی دادگەی نێودەوڵەتی نێوبژیوانی پاریسن؟
یەسار مالیکی: سوپاس بۆ ئەم میواندارییە. وەک دەزانن، ئەمە دۆخێکی پەرەسەندووە، بۆیە ئەوەی ئێستا دەیزانین ئەوەیە کە وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، ئەوان لە دادگاییەکەدا سەرکەوتوو بوون. هەروەها دەشڵێن، دادوەرانی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی کە لە پاریسە، بڕیاریان داوە وەزارەتی نەوت و سۆمۆ ئەو لایەنانەن کە لە [بەندەری] جەیهانی تورکیا بەبازاڕکردنی نەوت کۆنترۆڵ دەکەن.
ئێستا وەزارەتی وزەی تورکیایش بانگەشەی ئەوە دەکات، لەو پێنج کەیسەی حکومەتی عێراق دژی تورکیا بەرزی کردووەتەوە، عێراق تەنیا توانیویەتی یەکێکیان مسۆگەر بکات. جا پێنج کەیسەکە بریتی بوون لە: هەڵگرتن، ناردن، بەکارهێنانی تایبەتی بۆرییەکان، هەروەها سکاڵای زێدەڕۆیی و بارکردنیش هەبووە. بەگوێرەی وەزارەتی وزەی تورکیا، ئەمانە پێنج سکاڵاکە بوون. ئەوان دەڵێن، بەغدا تەنیا توانیویەتی یەکێکیان مسۆگەر بکات کە بارکردنە.
هێشتا زووە، چونکە وردەکاریمان نییە کێ چیی بردووەتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی، تەنانەت ئەگەر بەغداش تەنیا سکاڵای بارکردنی بردبێتەوە، ئەمە بۆ حکومەتی ناوەندی بەسە بۆ ئەوەی هەوڵبدات کۆنترۆڵی خۆی بەسەر بەبازاڕکردنی هەموو نەوتێکی عێراقیدا بسەپێنێت کە بۆ بەندەری جەیهان دەچێت، ئیتر چ ئەو نەوتە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت چ ئەو نەوتە لەلایەن کۆمپانیای باکووری وەزارەتی نەوتەوە لە کێڵگەی نەوتی کەرکووک بێت.
رووداو: هیچ وردەکارییەکی دۆسیەی نێوبژیوانییەکەت لایە؟
یەسار مالیکی: خۆی ئێستا زۆر سەرچاوە شتی جیاواز دەڵێن. دەزانی، حکومەتی ناوەندیی پێداگرە ببینێت سۆمۆ دەسەڵاتی بەسەر بەبازاڕکردندا هەیە؛ کە باوەڕیان وایە کرۆکی بردنەوەکەیانە لە دادگەی ناوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جۆرێک گیری خواردووە لەنێوان عێراق و ئەنقەرە لە لایەک کە چاوەڕوانە، بەڵام ئەوە بڕیارە، بۆیە بەڕاستی تائێستا ناتوانین پێشبینیی بکەین کە چی لە بەڵگەکاندا هەیە. بەڵگەکانمان نەدیون. بەڵگەکان بۆ رای گشتی بڵاونەکراونەتەوە، بەڵام دەتوانین لە هەموو راپۆرتە گشتییەکان و ئەو سەرچاوانەوە تێبگەین کە عێراق لانیکەم لە سکاڵای بارکردندا براوە بووە. وەک پێشتر گوتم، ئەوە بۆ عێراق زیاد لە پێویستە کە لە جەیهان؛ سۆمۆ وەک تاکە فرۆشیار بسەپێنن. جا ئێستا تاکە رێگەی دەرچوون، رێککەوتنی سیاسییە لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت. ئێستا هەردوو لایەنەکە بۆچوونی جیاوازیان هەیە.
رووداو: تورکیا دەڵێت لە چوار بڕگەدا براوەم، ئەگەر تورکیا براوە بێت، هەرێمی کوردستان چ قازانجێک دەکات؟
یەسار مالیکی: با ئەمەت بۆ راستبکەمەوە. دەزانی، بابەتەکە براوە و دۆڕاو نییە، لە بنچینەدا بەغدا کە کاتی خۆی لە 2014دا سکاڵاکەی بەرزکردەوە، پێنج سکاڵایان هەبووە کە ئەمانەن: هەڵگرتن، ناردن، بەکارهێنانی تایبەت، سکاڵای زیادەڕۆیی و بارکردن. ئەوەی روویدا ئەوەیە؛ کە دادگەی ناوبژیوانیی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی دەڵێت، بەغدا لە هەریەکە لەم سکاڵایانەدا مافی هەیە.
ئەوەندەی دەزانین، دادگەی ناوبژیوانێتی لانیکەم لە سکاڵای بارکردندا بڕیاریداوە، وەک دەزانیت، کە بەغدا لە بەندەری جەیهاندا مافی بارکردنی هەیە. تورکیا بە رێگەدان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی یان بارکردنی نەوت لە تانکەرەکاندا بەبێ رەزامەندیی سۆمۆ، رێککەوتننامەکەی پێشێلکردووە. لەنێو ئەو پێنج سکاڵایەدا یەکێکیان لە بەرژەوەندیی بەغدایە. جا ئەگەر بکرێت ئێستا پرسیارەکەت دووبارە بکەیتەوە، چونکە تەنیا ویستم ئەوە راست بکەمەوە.
رووداو: ئایا بەڕای تۆ، بڕیارەکانی دادگە نێوبژیوانییەکان هێندە ناڕوونن کە هەر وڵاتێک خۆی تێدا بە براوە بزانێت؟
یەسار مالیکی: نا، مەبەستم ئەوەیە دادگەی ناوبژیوانی جودایە لە دادگە باڵاکان یان دادگە حکومییەکان یان ئەوانەی سەر بە دەزگاکانی دەوڵەتن. دادگە ناوبژیوانییەکان ئەو دادگەیانەن کە کاتێک قەوارەکان رای جیایان هەیە؛ بە رێککەوتننامەیەکەوە یان بە گرێبەستێکەوە پەنایان بۆ دەبەن. هۆی ئەوەی عێراق چووە بۆ دادگەی ناوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی کە لە پاریسە، ئەوە بوو رێککەوتن یان گرێبەستێکی دوولایەنەی لەگەڵ تورکیادا هەیە کە ساڵی 1973 واژۆ کراوە و ساڵانی 1976 و 1985 و 2010 هەموار کراوەتەوە، بۆیە لە بوونی هەر جۆرە ناکۆکییەک لەنێوان دوو لایەنەکەدا، کە لەم کەیسەدا عێراق و تورکیان، بە گشتی پەنا دەبەنە بەر دادگەی ناوبژیوانی.
ئێستا خاڵە گرنگەکە لێرەدا ئەوەیە؛ زۆربەی جار ناوبژیوانێتییەکە ئامادە نییە و دەگوازرێتەوە. بۆیە ئەگەر دەستەی ناوبژیوانێتیی دادگەکە بڵێت، عێراق لە سکاڵاکەی ملیارێک و 500 ملیۆن [دۆلار]ی دەکەوێت یان دەیدرێتێ، لە راستیدا مانای ئەوە نییە بتوانێت سبەی بچێت بۆ تورکیا و داوای ئەو ملیار و نیوە بکات. لە راستیدا ئەوەی روودەدات ئەوەیە؛ ئەمە وا لە تورکیا و عێراق دەکات پێکەوە دابنیشن و بگەنە رێککەوتن، کە ئەم بڕە بە تێگەیشتنێکی سیاسییانە کەمبکرێتەوە یان جێی بگۆڕدرێت. چونکە بۆ بەغدا، وەک دەزانیت، لەو کاتەوەی لە 2014ـوە لە دادگەی ناوبژیوانێتی سکاڵایان کردووە.
رووداو: ئەگەر وا نییە، بۆچی تورکیا دەستبەجێ هەناردەی نەوتی کوردستانی راگرت؟
یەسار مالیکی: دەزانی، لەم کەیسانەدا دەبێت حکومەتەکان رێز لە بڕیارەکانی دادگەی ناوبژیوانێتیی ژووری بازرگانیی جیهانی و دادگە ناوبژیوانێتییەکانی دیکە بگرن، چونکە ئەمە لە لایەنی رێزگرتنیان لە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان و جێبەجێکردنی ناوبژیوانێتییە نێودەوڵەتییە بازرگانییەکان بۆ ئەوان گرنگە، ئەوە لە لایەنی ئابوورییەوە، لە لایەنی ژینگەی بازرگانییەوە، هەروەها کاتێکیش پەیوەست دەبێت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا کە خاوەنی گرێبەستن، بۆ حکومەتی تورکیا زۆر گرنگە کە رێز لە ناوبژیوانێتییەکە بگرێت کە بەشێکە لەو میکانیزمە گرێبەستییانەی لەگەڵ عێراقدا ناردوویەتی. هەروەها پەیامێکیش بۆ وڵاتانی دیکە دەنێرێت کە لەسەر رێککەوتنە دوولایەنەکانمانین کە لەگەڵیاندا هەمانن. بۆیە ئەمە بۆ تورکیا گرنگە.
لە هەمان کاتدا هۆی ئەوەی کە تورکیا هەناردەی راگرتووە ... تکایە با ئەمە تەواو بکەم. هۆی ئەوەی کە تورکیا رۆیشتنی نەوتی راگرتووە، ئەوەیە خۆی لە زیانی زیاتر بپارێزێت. بۆیە دەبێت پابەندی بڕیاری دادگەی ناوبژیوانێتیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی بن.
رووداو: بەڕای تۆ، بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عیراق لەگەڵ خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان راست و دروستن کە دەڵێن مەبەستیانە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان زۆر بە خێرایی دەستپێبکەنەوە؟
یەسار مالیکی: لە پرسیارەکەت تێدەگەم. با پێت بڵێم هەڵوێستەکان چین، ئینجا تێدەگەیت. بەغدا ئەو هەڵوێستەی هەیە کە بەلایەنی کەمەوە سکاڵای بارکردنی بردووەتەوە. ئەمە بۆ بەغدا مانای وایە کە دەبێت سۆمۆ نەوت بفرۆشێت، ئەگەرنا قۆناخی دیکەی ناوبژیوانێتییەکە ماوە و لەو قۆناخەدا کە ئەگەر بهێڵن، بکرێت ئەوا بە شێوەیەکی بنچینەیی ئەوە دەبێت کە سۆمۆ نەوت بفرۆشێت. ئەگەر لەوەدا سەرکەوتوو نەبن، ئەوا سەرکێشیی ئەوە دەکەن کە رەنگە قۆناخی دووەمی ناوبژیوانێتییەکە بدۆڕێنن، کە پەیوەندیی بە هەناردەکردنەوەیە لە 2018ـوە بۆ 2022.
لە هەمان کاتدا بەغدا خوازیاری ئەوەیە دەستکەوتەکانی لە بڕیاری دادگەی ناوبژیوانێتیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتیدا بچەسپێنێت، چونکە هێشتا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا خەریکی گفتوگۆیە لەسەر رەشنووسی یاسای نەوت و گاز. بۆیە بەغدا دەڵێت، ئێمە دەتوانین لە هەناردەکردن بەردەوامبین، بەڵام دەبێت هەموو نەوتفرۆشتنێک لە لایەن سۆمۆوە بێت، ئینجا دەچینە گفتوگۆ بۆ گەیشتنە رێککەوتنی سیاسی یان جۆرە رێککەوتنێکی سیاسی.
ئێستا هەڵوێستی هەولێر زۆر جیاوازە، کاتێک باس لە بودجە دەکرێت، هەولێر رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەیە و رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات و دەیفرۆشێت و بەرچاوڕوونی لەسەر ژمێرەکان بە حکومەتی عێراق دەدات. رێککەوتنی ژمێرەکان لەنێوان محەممەد سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستاندا کرا، بەڵام لێرەدا کێشەکە ئەوەیە؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان چ گەرەنتییەکی هەیە ئەگەر سۆمۆ بچێت نەوت بفرۆشێت و پارە بچێتە ئەو هەژمارەوە و رۆژێک دواتر ئەگەر رێککەوتنەکە نەمێنێت راناگیردرێت؟
ئەم داینامیکییانە هەن کە لە هەمان کاتدا روودەدەن. بۆیە هەر لایەنێک دەیەوێت پێگەی خۆی بچەسپێنێت. هیچ گەرەنتییەکیش نییە، چونکە لە کۆتایی رۆژەکەدا بەغدا دەڵێت، ناهێڵین ئەو مافانەمان لە دەست بچن کە لە رێگەی دادگەی ناوبژیوانێتیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتییەوە بە دەستمان هێناون کە ئەوەیە سۆمۆ نەوت بفرۆشێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای گەرەنتی دەکات. بۆیە ئەم هەموو گفتوگۆیە دەکەین و شاندەکان لەنێوان بەغدا و هەولێردا دێن و دەچن. بەڵام ئایا حکومەتی عێراقی دەتوانێت گەرەنتی بدات؟ رەنگە، چونکە ئێستا هەوڵی بونیاتنانی متمانە دەدرێت کە لەم چەند مانگەدا کاری لەسەر کراوە تاوەکو بگەنە رێککەوتن لەسەر بودجە، بەڵام دوای محەممەد سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چی روودەدات؟ چی روودەدات ئەگەر لە بەغدا جیاوازی هەبوو؟
رووداو: تێبینیت چییە لەسەر چەقبەستنی دانوستاندنەکانی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان؟
یەسار مالیکی: مەبەستم ئەوەیە کە تێکەڵەی هەردووکیانە. وەک گوتم، لە لایەنی تەکنیکییەوە وەزارەتی نەوت سوورە لەسەر بۆچوونەکەی کە هەر لە رۆژی یەکەمەوە لە 2014ـوە هەموو نەوتی عێراق بفرۆشێت. هەرچۆنێک بێت، ئەمە تەنیا تێبینییەکی لاوەکییە بۆ نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە لایەنی پێکهاتەی کیمیاییەوە هاوشێوەی نەوتی کەرکووک لەلایەن سۆمۆوە دەفرۆشرێت. بۆ وەزارەتی نەوت لە لایەنی دیدگەی نەتەوەیی و تەکنیکییەوە هەموو نەوتی عێراق دەبێت لەلایەن سۆمۆوە بفرۆشرێت.
وەک گوتم، ئێستا لە رووە سیاسییەکەوە هەریەکە لە بەغدا و هەولێر لەسەر بودجە رێککەوتوون. وا دەردەکەون کە متمانە بونیات دەنێن بۆ ئەوەی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز پێکەوە بنووسن. بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە؛ چۆن دەگەنە رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ لایەنە تەکنیکییەکانی شتەکەدا یەکبگرێتەوە؟ چونکە لەلایەنی تەکنیکییەوە لای بەغدا، دەبێت سۆمۆ نەوت بفرۆشێت. کە رەنگە تەنیا سەرکەوتنیان بێت لە دادگەی ناوبژیوانێتیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی.
رووداو: بەڕێز مالکی بەرای تۆ چی بەسەر ئەو رێککەوتنەدا دێت، کە پێشتر و پێش راگەیاندنی بڕیارەکەی دادگا لە نێوان دوو حکومەتدا، کرا؟
یەسار مالیکی: خۆی ئەوەی تێیدەگەم لانیکەم لە دانیشتنی دووەمەوەیە، چونکە دانیشتنی سێیەمیش لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە، ئەوەی تێدەگەم هەڵویستی بەغدا ئەوەیە؛ ئێمە دەست بە هەناردە دەکەینەوە، بەڵام دەبێت سۆمۆ بیفرۆشێت، دەتوانین لەسەر هەمان رێککەوتن بەردەوامبین. ئەو نەوتەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دێت؛ دەچێتە هەژمارەوە و سۆمۆ دەیفرۆشێت، هەژمارەکە لای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت. ئەمەیش سوودی خۆیی دەبێت؛ ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت بە نرخێکی زیاتر دەفرۆشرێت و داهاتێکی زیاتر دەبێت، بەڵام دیسان هیچ گەرەنتییەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە کە رۆژێک لە رۆژان بەغدا بۆچوونی خۆی نەگۆڕێت و سۆمۆ پارە بۆ ئەو هەژمارە نەنێرێت. بۆیە ئەمە ئەو کێشەیەیە کە هەمانە؛ ئەمە کرۆکی کێشەکەیە.
رێککەوتنەکە هێشتا لەوێیە. هەردوو لایەنەکە بەو رێککەوتنەکە خۆشحاڵن کە لەسەر بودجە کراوە. بڕیارەکەی دادگەی ناوبژیوانێتیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە خراپترین کاتدا بوو بۆ بەغدا و هەولێر، چونکە گەیشتبوونە رێککەوتنێک. هەموو شتێک باش دەڕۆیشت. سوودانی چووە هەولێر و سلێمانی. لە راستیدا لیژنەیەک لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە کە کار لەسەر رەشنووسی یاسای نەوت و گاز دەکات. بەڵام ئەم بڕیارە ئێستا هەموو شتێکی گۆڕیوە. لێرەدا بیرۆکەیەک هەیە کە گەرەنتی بە هەولێر بدرێت. ئەگەر سۆمۆ دەست بەسەر فرۆشتندا بگرێت، ئەوا پارە بچێتە سەر ئەو هەژمارەی لەسەری رێکدەکەون. لێرەدا ئەمە کێشەکەیە.
رووداو: پێتوایە لایەنی عێراقی لە دوای بڕیارەکانی دەستەی نێوبژیوانی خۆیان بە براوە بزانن و تۆنی قسەییان بگۆڕێت؟
یەسار مالیکی: پێم وانییە وابێت. پشتی بەوە بەستووە لە حکومەتی عێراقدا داوا لە کێ دەکەیت. پێموایە سەرکردایەتیی سیاسی نایەوێت سازش لە رێککەوتنەکە بکات کە پێشتر واژۆکراوە، بەرلەوەی بڕیارەکەی دادگەی ناوبژیوانێتی دەربچێت.
لە لایەنی تەکنیکییەوە، پێموایە زۆر کەس لە وەزارەتی نەوتی عێراقیدا دەیانەوێت ببینن سۆمۆ کۆنترۆڵی بازاڕسازیی نەوتی خاوی عێراق بکات، نەوتی عێراقی فیدراڵ بیت یان هەرێمی کوردستان.
بۆیە ئێستا بیرۆکەکە ئەوەیە؛ چۆن ئەم بیرۆکانە وا لێ دەکەیت پێکەوە بگونجێن و بگەنە چارەیەک، رێککەوتنێک. جا ئەمە ئاڵنگارییەکی گەورەیە کە لە بەردەمماندایە. ئەمە هۆیەکەیە کە بۆچی تائێستا گفتوگۆکان لە پاشەکشێدان؟ زۆر سەرچاوە هەن پێمان دەڵێن، ئەمریکییەکان هاتوونەتە ناوەوە، وڵاتانی کەنداو هاتوونەتە ناوەوە، بەڵام دواجار ئەمە بڕیارێکی عێراقییانەیە. ئەمە بڕیارێکە بۆ بەغدا و هەولێر تا بگەنە چارەسەرێک.
پێموایە پاشخانێک هەیە، چونکە لەم چەند مانگەی دواییدا حکومەتەکەی سوودانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریی زۆریان کردووە لە بوارەکانی ئاسایش و بودجەدا. بینیومانە کە بەرپرسانی پێشمەرگە چوونەتە بەغدا، هاوکاریمان لەسەر سنوورەکان بینیوە، تەنانەت حکومەتی هەرێمی کوردستان رازیبووە داهاتی سنوورەکان بەش بکات. دەبینین و هەموومان چاوەڕوانی چارەسەرین.
رووداو: ئەگەر کوردستان و عێراق رێکنەکەوتن، ئەگەری هەیە تورکیا یەکلایەنە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکاتەوە؟
یەسار مالیکی: ئەمە پرسیارێک نییە کە بە کورتی وەڵامی بدرێتەوە. بەڵام هەوڵدەدەم. خاڵی یەکەم، تورکیا بژارەی زۆری هەیە. دەتوانێت نەوتی ئازەربایجان و ئێران هاوردە بکات. ناوەندێکی زۆر باشە بۆ هاوردەکردنی وزە. دەتوانن لە وڵاتانی جیاوازەوە نەوت و گاز هاوردە بکەن. ئەوان پێویستیان بە نەوتی عێراق و کوردستان نییە، بەڵام هاوکات دەبێت تێبگەیت ئەگەر ئەمە درێژە بکێشێت، ئەوا کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لەسەر کەرتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت. ئێوە زۆر کۆمپانیای جیهانیی نەوتتان لایە کە کار دەکەن و دەبێت بەرهەمیان کەمبکەنەوە یان بینێرن هەڵبگیردرێت یان بەرهەمهێنانیان رابگرن. بۆیە ئەمە لە درێژمەودادا بۆ کەرتی نەوت و گازی کوردستان باش نییە.
حکومەتی فیدراڵیی عێراق بۆشایی زیاتری بۆ مانۆڕ هەیە، چونکە پار عێراق لە داهاتی نەوتدا 116 ملیار دۆلاری دەستکەوتووە، تەنیا 2.6 ملیاری هی کەرکووکە. ئەوان دەیانتوانی بەرهەمی نەوتی کەرکووک بۆ شوێنێکی دیکە بگۆڕن و دەیانتوانی بۆ هەر جێیەکی وڵاتی بنێرن، بۆیە لەم ساتەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو لایەنەیە کە لە دۆخێکی لاوازدایە. تورکیا بژارەی هەیە، بەغدا هەموو هەناردەکەی بەرەو بەسرە دەنێرێت. بۆیە رەنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نزیکەیی وەک لایەنی دۆڕاوی چارەسەری داهاتوو بمێنێتەوە، بەڵام چاوەڕێ دەکەین.
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز یەسار مالکی
یەسار مالیکی: زۆر خۆشحاڵ بووم.