فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا: دەبێت وەزارەتی نەوت سەرپەرشتیی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات
رووداو دیجیتاڵ
گفتوگۆ و هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بەردەوامن؛ گوتەبێژی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دەبێت چارەسەری کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان چوارچێوەیەکی یاسایی هەبێت.
محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو هەڤپەیڤینێکی لەبارەی کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە لەگەڵ بەهائەدین نووری محەممەد، گوتەبێژی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا و ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ئەنجامداوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە 02-04-2023 لە بوولتەنی کاژێر 9:00 پەخش کرا.
بەهائەدین نووری محەممەد پێیوایە، دەبێت چارەسەری کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان چوارچێوەیەکی یاسایی هەبێت، کە رێز لە بڕیاری دادگە و شکۆی دادوەری بگرێت؛ دەشڵێت، "ئێمە دەوڵەتی یاسا پێداگرین و داوا لە هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیش دەکەین لە گفتوگۆکان نەرمی بنوێنن بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانە تاوەکو مافەکانی هەمووان بەدیبێن."
گوتەبێژی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوە کرد، مافی حکومەتی فیدراڵییە هاوشێوەی سەرپەرشتیکردنی نەوتی باشوور و نێوەڕاستی عێراق، سەرپەرشتیی نەوتی هەرێمی کوردستانیش بکات و ئاگادار بێت لێی، واتە حکومەتی عێراق دەیەوێت چاودێری و سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت، لە دەرهێنانیەوە تاوەکو بەبازاڕکردن و پەرەپێدانی بەشێک لە بیرە نەوتییەکان بکات.
هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری کۆمپانیاکانی نەوت قەرزارە، بەهائەدین نووری محەممەد لەبارەی دانەوەی قەرزەکان دەڵێت، "کاتێک بە شێوەیەکی یاسایی قسە دەکەیت، حکومەتی ناوەند پەیوەندیی بەو گرێبەستانەوە نییە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت، بەڵام نازانین رێککەوتنی سیاسی و حکومی چۆن دەکرێت لەسەر ئەم قەرزانە و تائێستا ئەم بابەتە یەکلایی نەکراوەتەوە و رایەکی راشکاو نییە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بەهائەدین نووری محەممەد، گوتەبێژی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق:
رووداو: زانیارییەکانت سەبارەت بە دانوستاندنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چین؟ ئایا هیچ لێکنزیکبوونەوەیەکی بەرایی هەیە؟
بەهائەدین نووری محەممەد: سەرەتا سڵاو بۆ ئێوە و بینەرە بەڕێزەکانتان، حکومەتی ناوەندی لێژنەیەکی پسپۆڕی پێکهێناوە بۆ کۆتاییهێنان بەو ناکۆکییە و دۆزینەوەی رێگەیەکی یاسایی گونجاو بۆ پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای بڕیاری دادگەی پاریس. ئەم لێژنەیە لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و وەزیری نەوت سەرۆکی لێژنەکەیە. گفتوگۆی زۆر کراون بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە و ئەو ناکۆکییانە لە تەواوی پڕۆژەیاسای بودجە رووبەڕوومان دەبێتەوە. بەڵام ئەمساڵ جیاوازە بەهۆی بوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و دادگەی پاریس، ئەوەش بابەتەکەی سەخت و ئاڵۆزکردووە. هێشتا هەردوولا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی و کۆمەڵێک بژاردەی پێشنیازکراو هەن بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە، بەڵام بەگشتی هێشتا هەردوولا نەگەیشتوونەتە چارەسەرێکی راستەقینە و واقیعی کە لەلایەن هەردوولاوە قەبووڵکراو بێت. واتە هەرێمی کوردستان پێشبیازیکردووە سندووقێکی تایبەت هەبێت، واتە سۆمۆ نەوت بفرۆشێت و سندووقێکی پەیوەست بە هەرێمەوە هەبێت، بەڵام ئەمە چارەسەر نییە. تاکە چارسەر بتوانین پشتی پێ بەستین دەرکردنی یاسای نەوت و گازە، بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی باش رێکبخرێت. ئەوکات هەمووانیش دەزانن چ ئەرک و مافێکیان لەسەرە. ئەمڕۆ ئێمەش لە لێژنەی نەوت و گاز لە هەوڵی دەرکردنی ئەم یاسایەداین لەپێناو کۆتاییهێنان بەم ناکۆکییە. راستییەکەی ئەگەر ئەم ناکۆکییە بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەوا کاریگەریی زۆر لەسەر پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان دروستدەکات. خەڵکی هەرێمی کوردستان کەسوکاری ئێمەن و پێداگرین لەسەریان، بەڵام لەهەمانکاتدا، بڕیاری دادگە نابێت بشکێنرێت و دەبێت رێز لە بڕیاری دادوەری بگیرێت. بۆیە دەبێت رێگەچارەیەک بدۆزرێتەوە هەمووان رازی بکات و بڕیاری دادگەش نەشکێنێت.
رووداو: بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێزتان هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر چی رێککەوتوون و تائێستا ئەو خاڵە چییە کە هۆکاری رێکنەکەوتنیانە؟
بەهائەدین نووری محەممەد: وەکو رێککەوتن، تائێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند، چونکە زۆر خاڵ ناکۆکییان لەسەرە، بەڵام دەبێت چارەسەرێک هەبێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجە لە دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. لەو پڕۆژەیاسایەش بودجەی هەرێمی کوردستان هەیە بۆیە دەبێت چارەسەرێک هەبێت. شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند بەردەوامن لە پەیوەندی، بێگومان دەبێت رێگەیەکیش هەبێت بۆ چارەسەر. بەڵام حاڵی حازر هیچ رێککەوتن نەکراوە و رای لە نێوان شاندەکاندا هەیە، بەڵام هەمووان یەکدەنگن لەبارەی ئەوەی دەبێت چارەسەرێک هەبێت بۆ ئەم کێشەیە.
رووداو: وەکو دەوڵەتی یاسا، رای فراکسیۆنی ئێوە چییە و دەتانەوێت ئەم بابەتە چۆن چارەسەر بکرێت؟
بەهائەدین نووری محەممەد: دەبێت چارەسەری ئەم کێشەیە چوارچێوەی یاسایی هەبێت، کە رێز لە بڕیاری دادگە و شکۆی دادوەری بگرێت، هەروەها ئێمە زۆر پێداگرین لەسەر خەڵک و گەل و برایانمان لە هەرێمی کوردستان. بەڵام دەبێت رێز لە چوارچێوە یاساییەکان بگیرێت و دەبێت چارەسەری یاسایی هەبێت کە ئەوەش باشترین چارەسەرە. لە ماوەکانی رابردوودا لە سەروبەندی پڕۆژەیاسای بودجە رێککەوتن دەکرا و رووبەرووی ئاستەنگ دەبووینەوە لە پەسندکردنی بودجە بەهۆی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە. بۆیە چارەسەر ئەوەیە رێگەکان دیاری بکرێن. بێگومان ئێمەش وەکو دەوڵەتی یاسا پێداگرین و داوا لە هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیش دەکەین لە گفتوگۆکان نەرمی بنوێنن بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانە تاوەکو مافەکانی هەمووان بەدی بێن.
رووداو: ئێستا بە رای فراکسیۆنەکەتان، پرۆسەی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستان دەستوورییە یان نادەستووری؟
بەهائەدین نووری محەممەد: وەک دەزانی، کۆمپانیای سۆمۆ هەیە بۆ بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق کە مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا و بانکە جیهانییەکاندا دەکات، کە کۆمپانیایەکی یاسایی تایبەت بەم بابەتەیە. لە هەمانکاتدا دەبێت هەناردەی نەوتی هەموو عێراق، جا هی بەسرە یان عەمارە یان هەرێمی کوردستان بێت، لە رێگەی سۆمۆوە بێت. دواتر نەوت مووڵکی گەلە، مووڵکی گەلیش بۆ هەمووانە، بۆیە پێموایە پرۆسەی هەناردەی نەوت ئەگەر لە رێگەی سۆمۆوە نەبێت، رێگەیەکی باش و یاسایی نییە، چونکە سۆمۆ تایبەتە بە هەناردەی نەوت و رۆژانە ئامار دەداتە حکومەت کە چەند هەناردە کراوە و نرخی نەوتەکە چەندە، بۆیە دەبێت سۆمۆ کاری هەناردەی نەوت لە تەواوی عێراق بگرێتە دەست، جا نەوتی پارێزگاکانی سەر بە هەرێمی کوردستان بێت یان ئەوانی دیکە.
رووداو: واتە حکومەتی عێراق تاکە داواکاری لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە نەوتەکەی لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشێت؟ یان لەسەر پڕۆسەی بەرهەمهێنان و گرێبەستی کۆمپانیاکان و پێدانی شایستە داراییەکانیان داواکاری دیکەشی هەن؟
بەهائەدین نووری محەممەد: نا هەرگیز، باتەکە هەناردەکردنی نەوت نییە لە رێگەی سۆمۆوە، ئەمە شتێکی بنچینەیی و یاساییە، بەڵام کۆمەڵێک رێککەوتن لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە کراون و رێککەوتنەکان پابەندیی داراییان بەرامبەر کۆمپانیاکان تێدا هەیە، کە هەرێمی کوردستان داویەتی و هەندێک لە شایستەکانیشی نەداوە، شایستەکانیش ملیاران دۆلارن. کە ئەوەش بڕێکی زۆرە. دەبێت چارەسەرێکی بنچینەیی هەبێت، واتە سوودی چییە ئەگەر نەوت لە رێگەی سۆمۆوە هەناردەبکرێت و ئەو کێشانە هەموو بە هەڵواسراوی بمێننەوە، تەنیا هەناردەکردن نییە بابەتەکە، بەڵکو دەبێت بەدوای چارەسەردا بگەڕێین، ئەو چارەسەرانەش کێشەی قەرزەکان، کۆمپانیا کارکەرەکان لە هەرێمی کوردستان و ئەو بانکانەش چارەسەربکات، کە هەرێمی کوردستان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات و پڕۆسەی گەڕاندنەوەی هەموو ئەمانە.
رووداو: کەواتە حکومەتی عێراق دەیەوێت چاودێری چی دیکە بکات؟
بەهائەدین نووری محەممەد: واتە چاودێری و سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت، جا دەرهێنانی نەوت بێت یان بەبازاڕکردن یان پەرەپێدانی بیرە نەوتییەکان لە بەشێک لە کێڵگەکان، بۆیە مافی حکومەتی ناوەندە هاوشێوەی سەرپەرشتیکردنی نەوتی باشوور و نێوەڕاستی عێراق، دەبێت سەرپەرشتی نەوتی هەرێمی کوردستانیش بکات و ئاگادار بێت لێی.
رووداو: کەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە؟
بەهائەدین نووری محەممەد: بێگومان دەزانیت هەناردە لە رێگەی جەیهانەوە وەستا دوای بڕیاری دادگە، هەروەها دەبێت حکومەت رێگەی نوێ دابنێت، بەهۆی قەبووڵکردنی هەناردە لە رێگەی جەیهانەوە تورکیاش سزای پێبژاردن درا، بۆیە سەرەتا حکومەتی عێراق دەبێت رێگەچارەیەکی یاسایی بدۆزێتەوە لە پڕۆسەی هەناردەکردنەوە، جگە لەوە هەناردەکردنی هەموو نەوتی هەرێمی کوردستانە، نەوتی سەر بە ناوچەکانی حکومەتی عێراق نزیکەی شەست بۆ 70 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، ئەوەش واتە کاریگەریی لەسەر بەرهەمی نەوتی عێراق نابێت، رەنگە بیگوازێتەوە بۆ پاڵاوگە یان شوێنەکانی دیکە. واتە بڕێکی زۆر هەناردە ناکرێت، بۆیە دەبێت حکومەت چارەسەرێکی بۆ ئەم بابەتە هەبێت.
رووداو: ئەگەر دانوستاندنەکان بەمجۆرە بەرەو پێشەوە بڕۆن، بەدیاریکراوی وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کەی دەبێت؟
بەهائەدین نووری محەممەد: تاوەکو ئەم ساتە هیچ وادەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵام پڕۆژەیاسای بودجە نێردراوەتە پەرلەمان، کاتێکیش پڕۆژەیاسای بودجە دێت، دەبێت چارەسەرگەلێک هەبن بۆ پەسندکردنی. بۆیە پێموایە لە چەند هەفتەی داهاتوودا چارەسەر دێنە ئاراوە، بێگومان چارەسەر دەبن بۆ پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان جێگیر دەبێت. دانوستاندنەکان تاوەکو ئەم ساتە بەردەوامن و پێموایە بەم نزیکانە چارەسەر دەدۆزرێتەوە.
رووداو: بەڵام جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق قسەی بۆ کردین و دەڵێت، زیانی رۆژانەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوت، 37 ملیۆن دۆلارە؛ ئەگەر رۆژانە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، کێ ئەم زیانە دەگرێتە ئەستۆ؟ حکومەتی عێراق یان هەرێمی کوردستان؟ ئەوە لە بودجەی عێراق نابڕدرێت؟
بەهائەدین نووری محەممەد: ئەو کۆمپانیایانەی رێککەوتنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، عێراق ناچار نییە قەرەبوویان بکاتەوە، چونکە ئەو رێککەوتنانە دووربوون لە گەڕی مۆڵەت کە لە لایەن وەزارەتی نەوت و حکومەتی عێراقەوە واژۆکراوە و رێککەوتنی لەسەر کراوە. وەزارەتی نەوت زۆر دوورە لە نەوتی هەرێمی کوردستان و هیچی لەبارەوە نازانێت.
رووداو: مەبەستی من ئەوەیە هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنێکی سیاسییان هەیە کە رۆژانە داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوت بکرێتە سندووقێکەوە، مەبەستم رێککەوتنی نێو بودجەیە نەک ئەوەی کە لەگەڵ کۆمپانیاکان کراوە؛ ئایا ئەم پارەیە ببڕدرێت، حکومەتی عێراق ناچار نییە بە جۆرێک لە جۆرەکان بیداتەوە بە هەرێمی کوردستان؟
بەهائەدین نووری محەممەد: بودجە شتێکی دیکەی تێدایە، کاتێکیش دێتە ئەنجوومەنی نوێنەران، دەخرێتە روو و رای جیاواز دەبێت لەمبارەیەوە. بەڵام وەکو بودجە، بەرپرسیارێتی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەڵناگرێت. حکومەتی عێراقیش بە هەمانشێوە بەرپرسیارێتی هەڵناگرێت، بۆیە لە رێگەی بودجەوە قسە هەیە و بەرپرسیارێتی هەڵناگرین، چونکە ئێمە رێککەوتنمان لەگەڵ کۆمپانیاکان نەکردووە.
رووداو: حکومەتی عێراق ئامادەیە قەرزی کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بداتەوە کە زیاتر لە سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە؟
بەهائەدین نووری محەممەد: لەبارەی قەرزەکانەوە، ئەوە دەخرێتە بەردەستی لێژنەی تایبەتمەند لە گفتوگۆکان لە وەزارەتی نەوت. دواتر حکومەتی ناوەند پەیوەندی بەم گرێبەستانەوە نییە، چونکە دوور بووە و کاتێک بەشێوەیەکی یاسایی قسە دەکەیت، حکومەتی ناوەند پەیوەندیی پێوە نییە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت، بەڵام نازانین رێککەوتنی سیاسی و حکومی چۆن دەکرێت لەسەر ئەم قەرزانە و تائێستا ئەم بابەتە یەکلایی نەکراوەتەوە و رایەکی راشکاو نییە.