راوێژکارێکی سەرۆکی جەهەپە: کورد سێیەکی تورکیان، هیچ تێگەیشتنێکی سیاسی ناتوانێت پەراوێزیان بخات


رووداو دیجیتاڵ 

نوشیرەڤان ئەلچی، راوێژکاری کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو دەڵێت، ئەگەر سەرۆکی جەهەپە خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بەربژێر بکات، پێویستە لەگەڵ هەموو پارتەکان کۆببێتەوە، بە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)شەوە.
 
نوشیرەڤان ئەلچی، کە کەمتر لە سێ مانگە پەیوەندی بە جەهەپەوە کردووە، پێیوایە جەهەپە و هاوپەیمانەکانی ئەگەر زۆرە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەسەڵات بگرنەدەست و پرسی کورد بەتایبەتی و کێشەکانی تورکیا بەگشتی چارەسەر بکەن.
 
ئەو راوێژکارەی سەرۆکی جەهەپە لەو باوەڕەدایە ئەو کوردانەی لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا دەنگیان بە ئاکپارتی و ئەردۆغان داوە، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بە جەهەپە دەدەن. 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ نوشیرەڤان ئەلچی، راوێژکاری کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)
 
رووداو: هۆکار چی بوو کە ئێوە چوونە ناو جەهەپەوە، لەکاتێکدا پەیوەندیت لەگەڵ هەدەپە و حیزبە کوردستانییەکان باش بوو؟
 
نوشیرەڤان ئەلچی: پەیوەندی من لەگەڵ هەموو حیزبە کوردییەکان باشە. پەیوەندیم بە جەهەپەوە کرد، بۆ ئەوەی کێشەی کورد چارەسەر بکرێت، ئەگەر زۆرە کەمال کڵچدارئۆغڵو و هەڤاڵەکانی دەسەڵات بگرنەدەست و پرسی کورد بەتایبەتی و کێشەکانی تورکیا بەگشتی چارەسەر بکەن. هۆکاری دووەمیش ئەوەیە، ئەو سیاسەتەی لە رابردوودا لەو حیزبەمان بینی، سیاسەتی خزمەتکردنی مرۆڤ و چارەسەری کێشەکان بوو، ئەو سیاسەتەش ئێمە بە باش دەبینین. کولتووری سیاسیی تورکیا ئەمڕۆ شێواوە، سیاسەت شوێنی پشکپشکێنە و بەرژەوەندی نییە، بەڵام بەداخەوە سیاسەت لە تورکیا ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئەو ئاستە، ئێمە دەبێ سیاسەتی رابردوو، کە بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی و گەل بوو دەستپێبکەینەوە و من پێموایە دەتوانین بگەینەوە ئەو ئاستە.
 
رووداو: لە بیرەوەریی کورددا جەهەپە ئاماژەیەکی زۆر باش نییە، زۆر کەس لەو باوەڕەدان، بەتایبەت لە سەردەمی دامەزراندنی کۆماری تورکیا پرسەکانی وەکو دێرسیم و زیلان و کۆمەڵێک کارەسات کە بەسەر کورد هاتوون، جەهەپە رۆڵی تێیاندا هەبووە، بۆچوونی ئێوە بۆ ئەم بابەتانە چییە؟
 
نوشیرەڤان ئەلچی: جەهەپە یەکەم حیزب بووە کە لە تورکیا دروستبووە. ئەوکات حیزبی دیکە نەبوو، لەکاتی کوشتاری زیلان و دەرسیم بەداخەوە جەهەپە لە دەسەڵاتدابوو، دواتر کە چووین بۆ سەردەمی فرەحیزبیش، ئەوانەی حیزبی دیموکرات و کۆنەپارێزیشیان دامەزراند، هەموویان ئەوانەبوون کە لە جەهەپە جیابوونەوە، ئەگەر تاوانێک هەبێ، هەمووان تێیدا بەشدارن. ئەگەر جەهەپەش هەر جەهەپەی ئەوکات بووایە، منیش تێکەڵی نەدەبووم.
 
رووداو: تێڕوانینی جەهەپەی ئەمڕۆ لەچاو ساڵی 1930 بەرامبەر کورد گۆڕاوە؟
 
نوشیرەڤان ئەلچی: گۆڕاوە، بەناوی خۆمەوە ئەوە دەڵێم، ئەگەر جەهەپەی ئێستا وەکو جەهەپەی 20 ساڵ لەمەوبەر بووایە، من بیریشم لێ نەدەکردەوە تێکەڵی ببم، سەرۆکی گشتی، کڵچدارئۆغڵو و هاوڕێکانی تێڕوانینیان گۆڕاوە و ساڵی رابردووش خۆیان گوتیان دەبێ ئێمە داوای لێبووردن لەیەکدی بکەین، لە سەرووی هەمووانەوە لە کۆمەڵگەی کوردی، ئێستا ئەوان گەیشتوونەتە ئەو تێڕوانینەی کە تاوەکو پرسی کورد چارەسەر نەبێت، کرانەوە لە تورکیا روونادات و دیموکراسیش بەخۆیەوە نابینێت، تورکیا کورد دەکەنە بیانوو بۆ ئەوەی دیموکراسی پیادە نەکرێت، دەڵێ ئەوانە دەیانەوێ تورکیا لەت بکەن و ئەو ترسە بڵاودەکەنەوە و ئەوەش وادەکات دیموکراسی پێشنەکەوێت. ئێمە لەو باوەڕەداین، ئەوکاتەی پرسی کورد چارەسەر بوو، تورکیاش هەناسەیەکی ئاسوودەیی هەڵدەکێشێت و دیموکراسییەکەشی بەرەوپێش دەچێت.
 
رووداو: ئێستا جەهەپە چ پرۆژەیەکی بۆ مافی نەتەوەیی کورد هەیە؟
 
نوشیرەڤان ئەلچی: هەتا دەسەڵات نەگرێتەوە دەست چارەسەری پێ ناکرێت، پرۆژەی بۆ چارەسەری هەیە و دەبێ بەشێوەی دەسەڵاتی خۆجێی یان بە شێوەی دیکە پەیکەری دەسەڵات بگۆڕدرێت، ئەوەی کە دەسەڵاتێکی ناوەندیی هەبێت هەڵەیە و دەبێت لەنێوان گەلی کورد و ئەوانی دیکەدا دابەشی بکەن. پێویستە پەروەردە بە زمانی کوردی و زمانی زگماکی هەبێت، ئەگەر لە رابردوودا نەبووە، ئەمڕۆ تورکیا دەتوانێ ئەو مافە بدات، رەنگە پێشتر توانا و پێداویستی بۆ ئەمە نەبووبێت، بەڵام ئەمڕۆ تورکیا ئەو قۆناخەی بەجێهێشتووە و دەتوانێت هەڵوێستی خۆی روونتر بکاتەوە، چارەسەری پرسی کوردیش زۆر ئاسانە، لەبەرئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستانی باکوور سەربەخۆخوازی یەکجار کەمە و لە شوێنێکیش کە بیری جوداخوازی نەبێت، لەناو سیستمی سیاسیدا پێدانی مافی کورد زۆر ئاسان دەبێت، تورکیا ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گیری خواردووە، ئەگەر بمانەوێ پەیوەستی یەکێتیی ئەوروپا بین، کاتێک قسە لەسەر ئەو بابەتانە بکەین، گاڵتەمان پێدەکرێت، یان ئەگەر بڵێین پەروەردە بە زمانی زگماکی نییە. خەڵکی ئێمە کە دەچن بۆ سوید، کە هاونیشتمانیی ئەو وڵاتەش نین، ئەگەر قوتابخانەیەک هەبێت بۆ خوێندن بە کوردی، منداڵەکانیان دەبەن بۆ ئەو شارە، ئەگەر مامۆستایان نەبێت وانە بە کوردی بڵێتەوە، دەچن لە وڵاتی دیکە مامۆستا دەهێنن بۆ ئەوەی وانە بە منداڵەکانیان بڵێتەوە، تەنانەت ئەگەر یەک منداڵیش بێت. ئەمڕۆ دنیا ئیدی گۆڕاوە.
 
رووداو: باسی سەربەخۆییت کرد، هەموو دەزانین لە باشووری کوردستان مۆدیلێک هەیە، هەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا وەکو هەرێمێکی فیدراڵ قبوڵکراوە و نە زمانی کوردی و نە کوردبوون هیچیان قەدەخە نییە، ئایا دەکرێ جەهەپەش لە تورکیا دەستپێشخەربێت مۆدێلێکی هاوشێوەی باشووری کوردستان دروستبێت، یان ئەگەر سبەی کورد لە باکوور باس لە هەرێمێکی وەکو باشووری کوردستان بکات جەهەپە دژی دەوەستێتەوە؟
 
نوشیرەڤان ئەلچی: ئەمڕۆ باشووری کوردستان دروستبووە و هەموو کوردیش پێی دڵخۆشە، لە باکووری کوردستانیش دەبێ رەوشێکی ئاوا بێتە ئاراوە و هەموو بتوانن لەسەر هەموو شتێک قسە بکەن، ئێستا کۆمەڵێک دەتوانن قسەی خۆیان بکەن و هەندێکیش نا، لە وەها دۆخێکدا ناتوانین کێشەکە چارەسەر بکەین. سەرەتا دەبێ دۆخی سیاسیی بگۆڕدرێت، لایەنێک ناتوانێت بەتەنیا قسە لەسەر کێشەکان بکات، ئەوکات کورد و کەسانی دیکەش دەتوانن لەبارەیەوە قسە بکەن، گەلی دیکەش لە تورکیا داخوازییان هەیە، بۆیە دەبێ سەرەتا چاکسازی لەم سیاسەتەدا بکرێت، هەتا ئەوە نەگۆڕدرێت، وەکو سیاسەتی ئێستا دەمێنێتەوە کە لایەنێک دەتوانێت قسە بکات و لایەنەکەی دیکە ناتوانێت. دوای ئەوەی جەهەپە دەسەڵاتی گرتەوە دەست و چاکسازی لەو سیاسەتەدا کرد و کوردیش بەگوێرەی خۆی داواکارییەکانی خستەڕوو، ئەوانی دیکەش توانییان گرفتەکانیان بخەنە بەرباس و مشتومڕییان لەسەر بکرێت، کامە مۆدێلی سیاسی بۆ تورکیا گونجاوە و کامەی قبوڵدەکرێت، ئەوانە هەموویان کۆمەڵێک پرۆژەن کە جێبەجێدەکرێن، بەڵام تاوەکو گفتوگۆکردن لەسەر ئەمانە نەبێت، تەنیا لایەنێک دەتوانێت قسە بکات و لایەنێکی دیکە ناتوانێت کە ئێستا سیاسەتێکی لەو شێوەیە هەیە و نە دەیانەوێ چارەسەری بکەن و نە گفتوگۆشی لەبارەوە دەکەن.
 
رووداو: کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە پێشتر گوتبووی کاتێک گوێم لە وشەی کوردستان دەبێت زۆری پێ بێتاقەت دەبم، بڕواتان بەوە هەیە کەسێک هەڵوێستێکی لەم شێوەیەی هەبێت، بتوانێت ئەو پرۆژانە جێبەجێ بکات کە باست لێکردن؟
 
نوشیرەڤان ئەلچی: دوای ئەوەی گوێم لەم گوتانە بوو لە خۆیم پرسی. گوتی 'من شتێکی وەهام نەگوتووە.' من لە گووگڵ و شوێنی دیکەدا بەدوای ئەوەدا گەڕام. ئەو واینەگوتووە. کەسێک ئەو بوختانەی هەڵبەستووە. 
 
رووداو: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەر بابەتی خوێندن بە زمانی کوردی و گەڕاندنەوەی ناوی کوردی شار و گوندەکان، لە خوێندن بە زمانی کوردیدا جەهەپە دەتوانێ چی بکات، ئایا پرۆژەیەک هەیە؟ ئەگەر بچێتە دەسەڵات ئامادەیە ناوی کوردی شار و گوندەکان بگەڕێنێتەوە؟
 
نوشیرەڤان ئەلچی: ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر ببێت، تەواوی ئەمانە جێبەجێ دەکرێن. لەبارەی گەڕاندنەوەی ناوەکان و خوێندن بە زمانی دایک کە کوردییە، ئێستا هەرچەندە گۆڕدرابێت، بەڵام ئێمە هەر ناوە رەسەنەکان بەکاردەهێنین. ئەمە پەیوەندیدارە بە چاککردنەوەی هەڵەکان و جێگیرکردنی یاساکان. جا ئەگەر ئەو دوو بابەتە چارەسەر نەکرێن، کەواتە کێشەی کوردیش چارەسەر ناکرێت. چونکە ئەمانە شتی سادەن و پێویستە بکرێن. 
 
رووداو: لە بابەتی خوێندن بە زمانی کوردی پرۆژەی جەهەپە چییە؟ ئایا جەهەپە دەتوانێت پرۆژەیەک بخاتە ئاراوە کە دڵنیایی بە کورد بدات؟
 
نوشیرەڤان ئەلچی: لەو باوەڕەداین پرۆژەیەک بخەینەڕوو و منیش باوەڕم بەمە هەیە. بەڵام ناتوانم بڵێم ئەو پرۆژەیە تا چەند پێشوازیی لێدەکرێت.
 
رووداو: جەهەپە ساڵی 2022 دوو بەڵگەنامەی گرنگی ئامادەکرد. یەکێکیان رەشنووسی دەستوور بوو کە شەش پارت بەیەکەوە بڵاویانکردەوە. ئەوەی دیکەش دیدگەی 100 ساڵی نوێ بوو. بەڵام رەخنەی لێ گیرا و گوترا "هیچ شوێنێک تایبەت نەکرا بە پێشنیاز و هەنگاوی کردەیی بۆ کورد". ئێوە چۆن لەو رەخنانە دەڕوانن؟
 
نوشیرەڤان ئەلچی: ئەو رەخنانە لایەنی حەقیان هەیە. ئەمڕۆ بەڕێز کڵچدارئۆغڵوش لەڕووی سیاسییەوە لە دۆخێکی سەختدایە. لەلایەک نەتەوەپەرستەکان، لەلایەک موحافزکارەکان و لەلایەکی دیکەوە راستڕەوەکان هەن، ئێمەش وەکو کورد هەین. دۆخێکی وەها هەیە. هەروەک گوتم پارتەکەمان کار لەسەر بابەتی کورد دەکات. بەڵام هێشتا نەبووەتە کردەیی. 
 
رووداو: ئەو شەش پارتە کە جەهەپەشیان لەگەڵدایە، ئایا دەکرێ بەربژێرێکی وەها بهێننە پێشەوە کە کورد و هەدەپەش دەنگی پێبدەن؟
 
نوشیرەڤان ئەلچی: ئێستا ئەوەی گرنگە ئەمەیە، پێویستە بەربژێرێک بێت لە تورکیادا هەموو کەسێک خۆی لەو کەسەدا ببینێتەوە و باوەڕی پێ بکات. چونکە هەمیشە دەڵێم؛ پەیڕەوی نێوخۆیی و پرۆگرام هێندە گرنگ نییە. دەتوانیت دوو ئەکادیمیسیەن بهێنیت و بەهێزترین پەیڕەو و پرۆگرامی جیهانیان پێ بنووسیتەوە. بەڵام گرنگ جێبەجێکردنیەتی. من وا بیردەکەمەوە لە نێو ئەو کەسانەی بۆ بەربژێرکردن ناویان دێت، بەڕێز کەمال کڵچدارئۆغڵو باشترینیانە. کوردیش باوەڕیان بە هێز، بیرکردنەوە، کەسایەتی و دیموکراسیبوونی ئەو هەیە. موحافزکارەکان و نەتەوەپەرستانیش باوەڕی پێدەکەن. ئەمڕۆ هەموو چینەکانی نێو ئۆپۆزیسیۆن کە خوازیاری سیستمێکی وەهان ئەم بێ شیرازەییە لەنێوببات، لە ئەگەری بەربژێربوونی کاک کەمالدا، دەنگی پێدەدەن.
  
رووداو: جەهەپە هەرچەندە لە نێو هاوپەیمانییەکی دیکەدایە، بۆی هەیە داوای دەنگ لە جەماوەری هەدەپە بۆ بەربژێرەکەی خۆی بکات؟
 
نوشیرەڤان ئەلچی: بۆ کام هەڵبژاردن؟
 
رووداو: ئەگەر کەمال کڵچدارئۆغڵو ببێتە بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، بە مەبەستی پشتیوانی راستەوخۆ دیدار لەگەڵ هەدەپە دەکات؟
 
نوشیرەڤان ئەلچی: ئەگەر بابەتەکە پۆستی سەرۆککۆمار بێت، دەبێت لەگەڵ هەمووان دیدار بکرێت. لێرەدا لەگەڵ هەدەپە و پارتەکانی دیکەشدا پێویستە دیدار بکرێت. ئەگەر بڵێت بەربژێری تەواوی تورکیام و با هەموو چین و توێژ و نەژادەکان دەنگم پێ بدەن، پێویستە لەگەڵ هەموواندا پەیوەندی ببەستێت. ئەمڕۆ کورد سێیەکی تورکیان. هیچ تێگەیشتنێکی سیاسی ناتوانێت کورد لە بخاتە دەرەوەی حیسابەکان. پێویستە کورد لە نێو حیسابەکاندا بن. لەم روانگەیەوە بەڕێز کڵچدارئۆغڵو دەبێتە بەربژێرێکی گونجاو.     
 
رووداو: باس لە بوونی چەند ناکۆکییەک لە نێوان شەش پارتەکە دەکرێت. بانگەشەی ئەوە هەیە کە گوایە مێرال ئاکشەنەر بەر لە هەڵبژاردنەکان پشتیوانیی خۆی بۆ دەسەڵات رادەگەیێنێت. لەو باوەڕەدایت مێزی شەش قۆڵی پەرتەوازە ببێت؟ ئێوە چۆن لەمە دەڕوانن؟
 
نوشیرەڤان ئەلچی: ئێمە وا بیردەکەینەوە کە نابێت پەرتەوازە ببێت، بەڵام دواجار ئێرە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لە سیاسەتدا هیچ شتێک گرەنتی نییە. بەڵام ئەوەی بە روونی دەبینرێت ئەوەیە کە مێزی شەش قۆڵی پەرتەوازە نابێت. ئەو چیمەنتۆ و شیشەی مێزەکەی تۆکمە کردووە هەروەک دەبینین زانیاری و باوەڕی بەڕێز کەمال کڵچدارئۆغڵووە. 
 
رووداو: بەربژێر دەبن بۆ پەرلەمانتاری؟
 
نوشیرەڤان ئەلچی: ئێستا بەشداریم لە پارتەکەدا کرد. ئەگەر ببێتە قسمەت بەربژێر دەبم. بەڵام تەنیا لەبەر بەربژێربوون نەهاتوومەتە نێو جەهەپە. بەربژێر ببم یان نا من هەر پەیوەندیم بە جەهەپەوە دەکرد. کەسانێک دەڵێن بەڵێنی پێدراوە، بەڵام شتێکی وەها لە ئارادا نییە. بەربژێر ببم یان نا هیچ جیاوازییەکی نییە. دەکرێ بەربژێر بم بۆ خزمەتکردنی خەڵکەکەمان. سەیری هەلومەرجەکە دەکەین، مەرجی ئەوەشم نییە بڵێم 'هەر دەبێ بەربژێر بم.' 
 
رووداو: دوا پرسیارم ئەمەیە؛ لە ناوچەکەدا (باکووری کوردستان) ژمارەیەکی زۆر کەسایەتیی ناسراو پەیوەندییان بە جەهەپەوە کرد. ئێوەش یەکێک لەوانن. ئەسکەندەر ئەرتوش و رۆستەم زەیدان ئەوانەن کە ئێستا لە بیرمن... ئەم بابەتە لە هەڵبژاردندا چۆن کاریگەرییەک لە دەنگەکانی جەهەپە دروستدەکات؟ چونکە ساڵانێکە جەهەپە وەکو پارتێکی تابلۆیی لە ناوچەکەدا ماوەتەوە. لە ناوچەکەدا ئامانجتان چییە؟
 
نوشیرەڤان ئەلچی: ئامانجمان زیادکردنی دەنگی جەهەپەیە لە ناوچەکەدا. لەو باوەڕەداین ئەوانەی جاران دەنگیان بە ئاکپارتی دەدا، ئەمجارە دەنگ بە جەهەپە دەدەن. جگە لەوەش ئەو کەسانە گرنگن کە لە هەڵبژاردندا بەربژێر دەکرێن. لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا لە ناوچەکەدا ناو بۆ بەربژێرکردن نەبوو. پارتەکەش لەم پێگەیەی ئێستای نەبوو؛ پێشتر و بەر لەو هەنگاوانەی لە بابەتی گەردن ئازادی و دیموکراسیبوون نران، جەهەپە لەو ئاستەدا نەبوو. جا کاتێک هاتووەتە ئەم پێگەیە لەو باوەڕەداین خەڵکیش پێشنیازی جەهەپە بکات. وا بیردەکەینەوە بەشێکی زۆر لەو دەنگانەی بۆ ئاکپارتی دەڕۆیشتن، ئەمجارە بۆ ئێمە بگەڕێنەوە. بەتایبەتی کە ئێستا خەریکە هیچ کەسێکی رازی لەم دەسەڵاتە نەمێنێت. 
 
نوشیرەڤان ئەلچی کێیە؟
 
ساڵی 1968 لە جزیر لەدایکبووە. دەرچووی کۆلیژی یاسایە لە ئەنقەرە. بەشداریی لە پلاتفۆرمی کوردانی ئازاددا کردووە. ئەندامی پارتی کوتلەی دیموکراسی بووە. ساڵی 1999 دەستی بە کاری پارێزەرایەتی کردووە. سەرۆکی بارۆی شرناخ بووە.
 
نوشیرەڤان خێزاندارە و باوکی چوار منداڵە. رۆژی 27-10-2022 پەیوەندیی بە جەهەپە کرد و بووە راوێژکاری کڵچدارئۆغڵو. نوشیرەڤان لەلایەن کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتەکەوە نیشانە لەسەر سنگی درا.