توێژینەوەیەک لە چین: پیسبوونی هەوا هۆکارێکی تووشبوونە بە هەناسەتەنگی

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی پەیمانگەی فیزیای بەرگەهەوا لە چین دەریدەخات، پیسبوونی هەوا مەترسیی تووشبوون بە هەناسەتەنگی لە منداڵان و گەورەساڵان زیاددەکات. 
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، بەرکەوتنی درێژخایێن بە پیسبوونی PM2.5 و PM 10 ئەگەری تووشبوون بە هەناسەتەنگی و رەبۆ بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە، پیسبوونی هەوە بەشدارە لە نزیکەی 30٪ـی هۆکاری نەخۆشییەکە لە جیهان. 
 
هانگ سوو، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''پیسبوونی ژینگە هۆکارێکی جیدیە بۆ زیادبوونی رێژەی تووشبوون بە رەبۆ و هەناسەتەنگی''. 
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، رەبۆ نەخۆشییەکی درێژخایێنی سییەکانە و لە جیهاندا زیاتر لە 260 ملیۆن تووشبووی هەن و ساڵانەش 450 هەزار کەس بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانلەدەستدەدەن.
 
بەپێی کۆمەڵەی سییەکان لە ئەمریکا، نەخۆشییەکە دەکرێت هەریەک لە نیشانەکانی وەکو 'خیزەی سینگ، هەناسەتەنگی، کۆکەی وشک، قورسیی هەناسەدان، ئازاری سینگ و تووندیی سینگ'ی هەبێت.