تەندروستیی گەرمیان: یەکەم تووشبووی پەتای کۆلێرا تۆمار کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان رایگەیاند، یەکەم تووشبووی پەتای کۆلێرا لە گەرمیان تۆمار کرا، کە ئافرەتێکی 24 ساڵانە. دەشڵێت، تیمەکانیان بۆ بەدواداچوون لەو کەیسە و لیکۆڵینەوە لە سەرچاوەی تووشبوونی ئەو کەسە راسپاردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە 31-08-2023 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان رایگەیاند، "ئەمڕۆ یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە پەتای کۆلێرا لە گەرمیان دەستنیشان کرا، کە ئافرەتێکی 24 ساڵانە."
 
ئاماژەی بەوەش کردووە، "تیمه‌كانى به‌ڕێوەبه‌رایه‌تیى خۆپاراستنى ته‌ندروستیى گه‌رمیان راسپێردراون بۆ به‌دواداچوونى ئه‌و كه‌یسه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ى تووشبوونی."
 
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان داوا لە هاووڵاتییان دەکات، "بۆ دووربوون له‌ مه‌ترسییه‌كانى حاڵه‌ته‌كانى سكچوون و كۆلێرا خۆیان بپارێزن، ئه‌ویش به‌ گرتنه‌به‌رى رێكارى پاكوخاوێنى و خۆپارێزی و دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ پاكیی سه‌رچاوه‌ى ئاوی خواردنه‌وه‌ و به‌كارهێنانیان."
 
لە پارێزگای سلێمانی بۆ پێشگیری لە پەتای کۆلێرا ژوورێکی عەمەلیات و لیژنەیەکی باڵای تەندروستی پێکهاتووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ژمارەیەک پشکنینی رەوانەى تاقیگەکانی بەغدا کردووە و دەرکەوتووە تووشی پەتای کۆلێرا بوون.