توێژینەوەیەک: زۆرێک لە بەرهەمەکانی شوکولاتە کانزای قورسی ژەهراوییان تێدایە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی جۆرج واشنتۆن دەریدەخات، چەند بەرهەمێکی شوکولاتە کانزای قورقوشم و کادمیۆمیان بەزیاتر لە رێژەی ئاسایی رێگەپێدراو تێدایە.
 
لەم توێژینەوەیەدا لێکوڵینەوە لەسەر 72 بەرهەمی شوکولاتە کراوە و دەرکەوتووە چەند جۆرێکیان، لەنێویاندا شوکولاتەی تاڵ بەڕێژەی 43٪ قورقوشم و 35٪ کادمیۆمی تێدایە کە سەروو ئاستی ئاساییە. 
 
د. لەیی فڕێم، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''ئەم کانزا قورسانە لە چەند خواردنێكی دیکەی وەکو گوێچکەماسی، گۆشتی ئاژەڵ و ئەو خواردنە گیایانە هەیە کە لە خاکێکی پیس گەشەیان کردووە، دەبێت چاودێری بری خۆراک و رێژەی ئەم کانزایانە بکەین کە دەیخۆین''.
 
بەپیی ناوەندی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا FDA: رۆژانە خواردنی ئەم کانزایە قورسانە لەسەروو ئاستی رێگەپێدراو دەشێت گرفتی تەندروستی دروستبکات، قورقوشم هۆکارێكی تووشبوونە بە بەرزیی پەستانی خوێن، نەخۆشییەکانی مێشک و نەخۆشییەکانی گورچیلە، هەروەها کادمیۆم ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی ئێسک و سییەکان زیاددەکات.