توێژینەوەیەک: لەدەستدانی ددان دەشێت ئاماژە بێت بۆ نەخۆشییەکانی دڵ

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی سکوڵی پزیشکیی ددان لە زانکۆی کلیڤلاند ئاماژە بەوەدەکات، تەندروستیی دەم و ددان پەیوەندی راستەوخۆی بە تەندروستیی دڵەوە هەیە، ئەوانەی زۆر ددانیان لەدەستداوە ئەگەری گیانلەدەستدانیان بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاترە. 
 
بە گوێرەی ئەم توێژینەوەیە، ئەوانەی لە قۆناخە جیاوازەکانی تەمەنیان 15 تاوەکو 20 ددانیان لەدەستداوە، ئەگەری گیانلەدەستدانیان بە نەخۆشییەکانی دڵ بەڕێژەی 66٪ زیاتردەبێت. 
 
دکتۆر ئانیتا ئامیتۆشاریا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''پاراستنی تەندروستیی دەم و ددان تەنها بۆ زەردەخەنەیەکی جوان نییە بەڵکو بۆ پاراستنی تەندروستیی دڵیشە''.
 
بەپێی مایۆکلینیک، بۆ رێگریکردن لە لەدەستدانی ددان رۆژانە گرنگی بە شوشتن و بەکارهێنانی پەتی ددان بدرێت و شەش مانگ جارێک سەردانی پزیشکی دەم و ددان بکرێت بۆ پێشگیریکردن و چارەسەرکردنی هەر ئەگەرێک کە ببێتە هۆی کلۆربوون، نەخۆشییەکانی پووک و لەدەستدانی ددان.