تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون لە هەولێر گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەندی هەولێر دەڵێت، ئەو گەنجەی تووشی تای خوێنبەربوون ببوو، "بەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا."
گەنجێکی دانیشتووی هەولێر بەناوی چیازان حامدی تەمەن 19 ساڵ دوای مانەوەی دوو رۆژ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەندی هەولێر رۆژی سێشەممە 30ـی ئایار دوای پشکنینی پزیشکی دەرکەوت تووشبووی تای خوێنبەربوونە. ئەمڕۆ چوارشەممە 31-05-2023 دکتۆر حەسەن هەمزە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەندی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو گەنجە کاژێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە."
نیشانەکانی ئەو نەخۆشە بریتی بوون؛ لە بێتاقەتی، تا، ئارەزوونەکردنی خواردن، رشانەوە، سکچوون، مۆربوونی ژێر پێست و ئازارێکی بەهێز لە سک.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەندی هەولێر دەشڵێت: "هەموو رێکارێکی پێویست لەگەڵ بەرکەوتووانی ئەو گەنجە گیراوەتەبەر، پشکینی پێویست بۆ بەرکەوتووانی کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لە خانەوادەکەی یاخود بەرکەوتووانی تووشبووی تای خوێنبەربوون نین."
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ؛ دەکرێت بە سووکی تووشی بێت و هەندێکجاریش دەبێتە هۆی مردن.
نەخۆشەکە پیشەی قەسابە و لە ماوەی مانگێکدا ئەمە دووەمین تووشبووە بە تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆماربکرێت.
دکتۆر عەبدولڕەحمان یونس، پزیشکی خولاو لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەندی هەولێر، رۆژی سێشەممە 30ـی ئایار لەبارەی بارودۆخی تەندروستیی گەنجەکە بە رووداوی گوتبوو، "دژە ڤایرۆس بە نەخۆشەکە دراوە، بەڵام تەندروستی جێگیر نییە و خوێنبەربوونی هەیە."
ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 لە کریمیا دۆزرایەوە؛ هەربۆیە ناوی لێنرا تای خوێنبەربوونی کریمیا؛ لە ساڵی 1956 نەخۆشییەکی هاوشێوە لە کۆنگۆی دیموکرات دۆزرایەوە و لە ساڵی 1969 دەرکەوت کە ڤایرۆسی کریمیا و کۆنگۆ هاوشێوەن؛ بۆیە زۆرجار لەگەڵ ناوەکە ناوی هەردوو ناوچەکەی پێوە دەلکێندرێت.