سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی: مووچە دابەشنەکرێت بایکۆت دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، ئەگەر لەم هەفتەیەدا مووچە دابەشنەکرێت، ئەوە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کارمەندان بایکۆتی سەرجەم ناوەندە تەندروستییەکان دەکەن، کە تەنیا تەندروستیی سلێمانی 9000 کارمەندی هەیە.
رۆژی چوارشەممە 31-01-2024 هاوژین عوسمان، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 23ی کانوونی یەکەمی 2023وە 650 پزیشکی خولاو و پلەبەند لە سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بایکۆتی ناوەندە تەندروستییەکانیان کردووە. لە قۆناخی دووەمدا و دوای سەری ساڵ ژمارەیەکی دیکە بایکۆتیان کرد و بەو شێوەیەش بە کۆی گشتی نزیکەی 1000 پزیشک بایکۆتیان کردووە."
بە گوتەی سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی، ئەو پزیشکانەی بایکۆتیان کردووە ژمارەیەک پزیشکی پسپۆڕیشیان تێدایە و لە تەندروستیی سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و ئیدارەی گەرمیانن. دەشڵێت، "پزیشکی پسپۆڕ هەیە هەفتەی دوو رۆژ دەوام دەکات."
لەبارەی ئەوانەی هەفتەی داهاتوو بایکۆتی ناوەندە تەندروستییەکان دەکەن، هاوژین عوسمان گوتی، "ئەوانەی لە ناوەندە تەندروستییەکان مابوونەوە و بەشێکی زۆریان کارمەندن. تەنیا لە تەندروستی سلێمانی 9000 کارمەند هەن. ئەوانیش بڕیاریان داوە ئەگەر ئەم هەفتەیە مووچە دابەش نەکرێت، ئەوە یەکشەممەی داهاتوو بایکۆتی ناوەندە تەندروستییەکان دەکەن."
تاوەکو ئێستا چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12ی 2023ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دیار نییە، جگە لەوەش تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2024 دابەشنەکراوە.
رۆژی سیشەممە 30ـی ئەم مانگە، سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی رایگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو، "تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی خەڵکی نەخۆش، هاووڵاتیی هەژار، فەرمانبەری بێ مووچە و کاسبکارانی بێ کەسابەتی شارەکانمان بە ئومێدی بەدەنگەوەهاتنی خێرای هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ داواکارییەکانمان."
لە خاڵێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا سەندیکای کارمەندانی تەندروستی سلێمانی گوتبووی، "لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو توانای بەرگەگرتنی ئەم قەیرانە قورسەمان نامێنێت و ناچار دەبین ئەم سێکتەرە گرنگ و هەستیارە جێىهێلێن."