زانکۆی نیویۆرک: خوێندنەوە لە تەمەنی منداڵی گەشەی مێشک باشتردەکات
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی نیویۆرک لە ئەمریکا دەریدەخات، گرنگیدان بە خوێندنەوە لە تەمەنی زووی منداڵی یارمەتیی باشتر گەشەکردنی مێشک دەدات و هزر بەهێزتر دەکات.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، خوێندنەوە لە تەمەنی زووی منداڵی رەفتاری پەروەردەیی، تەندروستیی هزر و جەستە بەهێزدەکات و لە داهاتوو باوەڕبەخۆبوونێکی زۆر دەبەخشێتە منداڵەکە.
د. پێری کلەس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''پێشنیاز دەکەم دایک و باوکان کتێب و خوێندنەوە بکەنە رۆتینیی ژیانی منداڵەکانیان''.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، ئەو منداڵانەی لە تەمەنی زووەوە تێکەڵ بە کەشی قوتابخانە دەبن، کە دەگەنە قۆناخەکانی خوێندن زیاتر ئاشنای خوێندنەوە و فێربوونن، هەروەها توانای پەیوەندی دروستکردنیان دەبێت و زیاتر دەتوانن تێکەڵاو بن.