سەندیکای دەرمانسازان بۆ خاوەنی دەرمانخانەکان: دەرمانی فرۆشراو وەرمەگرنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان دەڵێت، فەرمانێکیان دەرکردووە بۆ هەموو دەرمانخانەکانی هەرێمی کوردستان کە نابێت دەرمانی فرۆشراو وەربگرنەوە و دووبارە بیفرۆشنەوە. سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازان دەڵێت، "ئەو بابەتە بووەتە دیاردە بۆیە وەزارەتی تەندروستی ئەو بڕیارەی دەرکرد."
 
د. بایف زاهیر، سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە رەزامەندی وەزیری تەندروستی، فەرمانێکمان بۆ هەموو دەرمانخانەکانی هەرێمی کوردستان کردووە کە نابێت دەرمانی فرۆشراو وەربگرنەوە و دووبارە بیفرۆشنەوە."
 
سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ ئەوەی رێگری لەو دیاردەیە بکەن و دووبارە نەبێتەوە، فەرمانێکیان دەرکردووە بۆ ئەوەی لەبەردەستی دەرمانخانەکان بێت و هەرکاتێک هەرکەسێک داوای لێکردن دەرمانەکانیان لێوەربگرنەوە ئەوانیش پێیان بڵێن: بەگوێرەی ئەو فەرمانەی وەزارەتی تەندروستی ناتوانین وەریبگرنەوە. 
 
د. بایف زاهیر گوتیشی، "ئەو فەرمانەی دەرکراوە بۆ شارێک و شوێنێکی دیاریکراو نییە و دەبێت لە هەموو دەرمانخانەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت."
 
د. رەنج محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری دەرمانسازانی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەو بابەتە بووە بە دیاردە، بۆیە وەزارەتی تەندروستی ئەو بڕیارەی دەرکردبوو، خەڵکانێک هەن دەرمان لە دەرمانخانەکان دەکڕن و دواتر دەیبەنەوە ماڵەوە کەس نازانێت لە پلەیەکی گەرمی گونجاو ئەو دەرمانە هەڵگیراوە یان ناو ئۆتۆمبێل بووە دێنەوە و داوا دەکەن دەرمانخانەکان بۆیان بگۆڕن." 
 
سەرۆکی لقی هەولێری دەرمانسازانی کوردستان دەشڵێت، "هەر دەرمانێک لە دەرمانخانەکان دەرچوو وەکو دەرمانی ماوە بەسەرچوو مامەڵەی لەگەڵ دەکەین چونکە سەرچاوەکەی نازانین و ئاگادار نین لە چ شوێنێک هەڵگیراوە، بۆیە هەر دەرمانخانەیەکیش وەریبگرێتەوە مامەڵەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت."
 
د. رەنج محەممەد داوا لە هاونیشتمانییان دەکات هاوکاریان بن و نابێت کە دەرمانێکیان وەرگرت بیگەڕێنەوە و بیکەنە کێشە ئەگەر دەرمانخانەکان وەریان نەگرتەوە و دەڵێت، "ئەگەر ئەوان هاوکاربن بڕیارەکە بەباشی جێبەجێ دەکرێت."