پسپۆڕێک: زۆرجار شێوازی وازهێنان لە نان و برنج زانستی نییە

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی خۆراک و چارەسەری قەڵەوی ئاشکرای دەکات، قەڵەوی نەخۆشییەکی درێژخایەن و ئاڵۆزە و رێژەی تووشبوونیش لە هەرێمی کوردستان و عێراق زیادبووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 29-12-2024 د. رێباز تاهیر، پسپۆڕی خۆراک و چارەسەری قەڵەوی لە بوولتەنی کاژێر 14:00ـدا بە رووداوی راگەیاند، زۆر کەس بە شێوازی نازانستی واز لە نان و برنج دەهێنن کە زانستی نییە، چونکە لەلایەن کەسانی شارەزاوە رێنوێنی نەکراون و دەشێت چەندین خۆراکی دیکە بخۆن کە زۆر لە نان و برنجەکە خراپتر بن بۆ قەڵەوبوون.
 
چۆن دەزانیت قەڵەوی یان کێشزۆری؟
 
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بە هاوکێشەیەک دەکات کە پێی دەگوترێت ''BMI''، بەجۆرێکە کە کێش بە کیلۆگرام دابەشدەکرێت بەسەر درێژیی باڵا بە مەتر دووجا، ئەگەر هاتوو 18.5 تاوەکو 25 دەرچوو ئەوا کێشی ئاساییە؛ لە 25 تاوەکو 30 ئەوا کێشی زۆرە؛ لە 30 بەرەو سەرەوە ئەوا کەسەکە قەڵەوە.
 
د. رێباز تاهیر دەڵێت: خۆراکە خێراکان، خواردنەوە وزەبەخش و گازییەکان باوترین هۆکاری قەڵەوبوونن و دەشێت ساڵانە لە هەموو جیهاندا رێژەی قەڵەوی زیادببێت.
 
لە کۆتاییدا گوتی، بەبێ پزیشکی پسپۆڕ و کەسانی شارەزا رێژیمی خۆراکی پەیڕەو نەکرێت و بەبێ راوێژی پزیشکیش هیچ دەرمانێکی قەڵەوی بەکارنەیەت.