پسپۆڕێکی پێست: دایک و باوکان ئاگاداری رشک و ئەسپێی منداڵ بن لە قوتابخانە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری دەریدەخات، لەم وەرزەدا تووشبوون بە مێکوتە، سوورێژە، رشک و ئەسپێ لەنێو منداڵان باوە بەتایبەت لە قوتابخانەکان، رێگەی کاریگەریش بۆ چارەسەری رشک و ئەسپێ رووندەکاتەوە.
 
د. سایە سامی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری بە رووداوی راگەیاند، نیشانەی سەرەکیی نەخۆشییە گوازراوەکانی پێست 'تا'یە و لەماوەی ئەو چەند رۆژەی کە منداڵ تووشیدەبێت، ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بۆ دەوروبەر زیاددەبێت.
 
هەر بۆیە رێنوێنیی مامۆستا و دایباب دەکات کە لەگەڵ دەرکەوتنی تا یاخود هەر پەڵەیەکی پێست، ئاگاداری منداڵەکانیان بن و تێکەڵاوی منداڵی دیکەیان نەکەن.
 
دەقی وەڵامەکانی د. سایە سامی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لەبارەی بەشێک لە نەخۆشییە گوازراوەکانی نێو قوتابخانەکان؛
 
رووداو: باوترین ئەو نەخۆشییە گوازراوانەی پێست چین کە لەنێو قوتابخانەکاندا هەن؟
 
د. سایە سامی: چەند نەخۆشییەکی باو هەن کە لەم وەرزەدا زیاتر دەگوازرێنەوە بەتایبەت لەنێو قوتابخانە وەکو؛
 
- دڕکەومێکوتە
- رشک و ئەسپێ
- نەخۆشیی دەم، دەست و پێ
- سوورێژە
 
رووداو: چ نیشانەیەک لە قوتابییەک بینرا، ئیتر نابێت تێکەڵاوی قوتابی دیکە بێت؟
 
د. سایە سامی: نیشانەی سەرەکیی نەخۆشییەکان 'تا'ـیە و لە ماوەی ئەو چەند رۆژەی کە منداڵ تای تووشدەبێت، ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بۆ دەوروبەر زیاددەبێت، سێ بۆ چوار رۆژ دوای دەرکەوتنی نیشانەکان لەسەر پێستی، دەشێت بگوازرێتەوە بۆ دەوروبەر. بۆیە منداڵ لە دڕکەومێکوتە 7 بۆ 10 رۆژ پشووی پێویستە، لە سوورێژە 3 بۆ 5 رۆژ و ئەوانی دیکەش نزیکەی هەفتەیەکیان پێویستە.
 
رووداو: رشک و ئەسپێ چۆن دەگوازرێنەوە؟
 
د. سایە سامی: دەشێت لەنێوان دوو منداڵ بە بەرکەوتنی سەریان بە یەکدی بگوازرێنەوە.
 
رووداو: بەشێکی زۆری شامپۆ لەنێو بازاڕدا لە دووکانەکانی جوانکاری دا هەن کە بە ناوی دژەئەسپێ دەفرۆشرێن، ئایا ئەمانە بەکاربهێندرێن؟
 
د. سایە سامی: ئەوانەی لە بازاڕدا هەن، بەشێکی زۆریان بازرگانین، بۆیە باشترە شامپۆکان لە دەرمانخانە بکڕدرێن و نرخیشیان هەرزانە، بەڵام دەبێت بە زانستی بەکاربهێندرێن بەم شێوەیە؛
 
1- لەسەر قژێکی وشک و پاک بێت واتە شۆردرابێت و خاوێن بێت.
2- یەک قوتوو بەکاربهێندرێت بۆ هەموو بەشەکانی سەر بەتایبەت پشتەمل و پشتەگوێ.
3- ماوەی 15 بۆ 20 خولەک شامپۆکە بمێنێتەوە.
4- پاشان بەو شانەیەی لەگەڵ شامپۆکەیە، لە بێخی سەرەوە تاوەکو بەشەکانی خوارەوەی قژ، شانە بکرێت، دواتر پێویستە شانەکە پاکبکرێتەوە و ئەم کردارە دووبارە بکرێتەوە.
5- پێویستە 15 بۆ 20 خولەک قژدابهێنرێت، ئینجا ئاوی پێدابکرێت.
6- بۆ رۆژی دواتر ئینجا ئاساییە کەسەکە خۆی بشوات و قژیشی بشوات.
 
رووداو: رێگەی گواستنەوەی نەخۆشییەکانی پێست چین لەنێو قوتابخانەکان، بیانژمێرە؟
 
د. سایە سامی: نەخۆشییەکانی دڕکەومێکوتە، سوورێژە و نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی دیکە دەکرێت لە رێگەی هەناسەوە بگوازرێنەوە یاخود لە رێگەی بەرکەوتن و بەکارهێنانی کەلوپەلی کەسی دیکە.
 
رووداو: باوترین نیشانەکانی سوورێژە چییە؟
 
د. سایە سامی: سەرەتا بە 'تا، سووربوونەوەی چاو، تەڕبوونی لووت' دەستپێدەکەن، دوای سێ رۆژ پەڵەی پێست لە مەڵاشوودا دەردەکەوێت و پاشان سەرتاپای سینگ، سک و دەموچاو دەگرێتەوە.
 
رووداو: منداڵان چۆن خۆیان لە سوورێژە بپارێزن؟
 
د. سایە سامی: ڤاکسین باشترین رێگەیە و پێویستە دایک و باوکان دڵنیاببنەوە لەوەی کە منداڵەکەیان بە ڤاکسینەکە کوتراوە.