توێژینەوەیەک: شیرپێدانی سرووشتی کێشی دایک دادەبەزێنێت

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی نەخۆشخانەی خانمان و لەدایکبوون لە سەنگاپورا ئاماژە بەوەدەکات، شیرپێدانی سرووشتی ئەگەر بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام بێت دەبێتە هۆی دابەزاندنی کێشی دایک. 
 
لەم توێژینەوەیەدا نزیکەی 400 خانم بەشداریان کردووە و دەرکەوتووە، ئەو خانمانەی پێش دووگیانی کێشیان زۆربووە و شیری خۆیان داوەتە منداڵەکەیان بەشێوەیەکی بەرچاو کێشی لەشیان دابەزیوە.
 
دکتۆر لۆی سی لینگ، سەرپەرشتاری توێژینەوەکە دەڵێت، '' شیرپێدان دەتوانێت ئەگەری تووشبوون بە قەڵەوی، شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان لە داهاتوو لە دایک و منداڵ کەمبکاتەوە".
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، شیرپێدانی سرووشتی سەرەڕای سوودە جەستەییەکانی بۆ دایک و کۆرپە، سوودی دەروونیشی هەیە و گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێی دایک کەمدەکاتەوە.