زانکۆی تافتس: خواردنی فستق تەندروستیی چاو باشتردەکات
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی تافتس لە ئەمریکا دەریدەخات، رۆژانە خواردنی 50 گرام فستق یارمەتی باشترکردنی تەندروستیی چاو دەدات.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، فستق بڕێکی پێوانەکراوی مادەی لوتینی تێدایە کە یارمەتیدەر دەبێت لە دواخستنی لاوازبوونی بینایی بەهۆی هەڵکشانی تەمەن، هەروەها زیادکردنی چڕی بینایی رەنگی چاو، بەمەش رووناکی زیانبەخەش باشتر دەپاڵێورێت.
د. تامی سکۆت، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''خواردنی فستق دەبێتە هۆی باشتر وەرگرتنی ماددەی لوتین کە زۆر گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستیی چاوەکان''.
بە گوێرەی توێژینەوەکە، ئاستی بەرزی لوتین پەیوەندی بە باشترکردنی ئاستی هزریی هەیە و بیرەوەری باشتردەکات، هەروەها هۆکارێکی پێشگیریکردنە لە زوو پیربوون بە گشتی.