زانکۆی لیستەر: ژیانکردن لە نزیک فرۆکەخانە کوالێتی خەو تێکدەدات

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی لیستەر لە بەریتانیا دەریدەخات، ئەو کەسانەی لە نزیک فڕۆکەخانەکان دەژین بەهۆی ژاوەژاوی فڕۆکە ناتوانن خەوی قوڵ بکەن. 
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، ژاوەژاوی فڕۆکە پەیوەندی بە خەوی نائارام و تێکچوونی خولەکەکانی خەو و بەئاگابوونەوە هەیە، ئەمەش ئاماژەیە کە ژاوەژاوی فڕۆکە سوڕی خەوتن و بەئاگاهاتنەوە تێکدەدات و دەبێتە هۆی ئەوەی لە کاژێرە ناڕێکەکاندا بخەون و لە خەو هەڵستن.
 
شیانگپو گۆنگ، توێژەی سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت، "بەرزبوونەوەی ژاوەژاوی فڕۆکەکانی شەوانە دەبێتە هۆی تێکچوونی کوڵێتی خەو و ناهێڵێت بگەیتە خەوی قوڵ''.
 
بەگوێرەی توێژینەوەکە، خراپبوونی کوالێتی و شێوازی خەوتن مەترسیی تووشبوون بە کێشەی دەرووندروستی و نەخۆشییە درێژخایێنەکانی وەکو شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ و قەڵەوی زیاددەکات.