پیسبوونی هەوا راستەوخۆ کار لە تەندروستیی دڵ و دەروون دەکات

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەک لە زانکۆی بۆستن لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، پەیوەندیی لە نێوان پیسبوون، گوشاری دەروونی و خەمۆکیدا هەیە، بەجۆرێک ئەو کەسانەی لەو ناوچانەدا دەژین کە کوالێتیی هەوایان خراپە، مەترسیی تووشبوون بە خەمۆکی و مەترسیی مردنییان بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاترە.
 
د.شادی ئەبوهاشم، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، توێژینەوەکەمان ئاماژە بەوە دەکات ئەو هەوایەی هەڵیدەمژین کاریگەری لەسەر تەندروستیی دەروونمان هەیە، لە بەرامبەردا کاریگەری لەسەر تەندروستیی دڵ دەبێت.
 
توێژەران ئاشکرای دەکەن، مەترسییەکە "بە شێوەیەکی بەرچاو" زیاتر بووە لەو پارێزگایانەی کە ئاستی پیسبوونی هەوایان زیاترە و رێژەیەکی زۆری هەژارنشینیان تێدایە.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەبەوەدەکات، ئەم هەوا پیسە کە پڕە لە گەردیلەی ورد لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە وەکو سووتانی سووتەمەنی بەردینی، ئاگرکەوتنەوەکان و شوێنەکانی بیناسازی، مەترسیی تەندروستی بەرچاوی لەسەرە بەتایبەتی زیادبوونی مەترسیی شێرپەنجە.