سەندیکای پزیشکانی ددان: هیچ پزیشکێک داشکاندن، بانگەشە و رێکلام بە ناوی ''بلاک فرایدەی'' نەکات
رووداو - تەندروستی
لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی ددانی کوردستان هۆشداری دەداتە پزیشکان، لە 'بلاک فرایدەی' هیچ داشکاندن، بانگەشە و رێکلامێک لە کلینیک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان نەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27-11-2024 دکتۆر عومەر دزەیی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی ددان بە رووداوی راگەیاند، ساڵی رابردوو و ئەمساڵیش چەند پزیشکێکی ددان لە بۆنە و رۆژە تایبەتییەکاندا داشکاندن و رێکلامی گۆڕینی نرخیان بۆ چارەسەرییە پزیشکییەکانیان کردووە، ''ئەمەش دوورە لە کاری پیرۆزی پزیشکی''.
دکتۆر عومەر دزەیی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی ددان دەڵێت: ''زۆرجار بۆ سەرنجڕاکێشانی خەڵک، نرخی پڕکردنەوەی ددان یاخود چاندنی ددان دەگۆڕێت و هاوشێوەی کەلوپەلی بازرگانی نرخیان دەستکاری دەکرێت، ئەمەش یاسایی نییە و هەر کەسێک بیکات، لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت''.
بە گوتەی دکتۆر عومەر دزەیی، رێکلام قەدەخە نییە، بەڵام ئەگەر هاتوو بۆ داشکاندن یاخود فریودانی نەخۆش بێت بە کەمکردنەوەی نرخەکان؛ ئەوا بەپێی یاسای پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە سەندیکای پزیشکانی ددان، رێگەپێنەدراوە.
هەر ئەمڕۆ د. ئامانج وەفایی، گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان بە رووداوی گوت، بۆ کردەیەکی پزیشکی، بەپێی یاسا رێکلامکردن و قۆستنەوەی خەڵک بە کەمکردنەوەی نرخ لە بواری پزیشکیدا ''بە هەموو شێوەیەک'' قەدەخەیە.
بلاک فرایدەی واتە هەیینی رەش چییە؟
ئەمریکییەکان ساڵانە وەکو نەریت، لە کۆتا هەیینی مانگی یانزەدا، داشکاندن یان هەرزانکردنی نرخ بۆ زۆرینەی کاڵا و کەلوپەلەکان دادەنێن، لەو کاتەدا هەموو شتێک هەرزانترینە. لە جلوبەرگەوە تاوەکو ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان.
فرۆشیاران بە داشکانی گەورە کاڵاکانیان دەفرۆشن و کڕیارانیش بە نزیکەی مانگێک پێش رۆژی سەری ساڵ و کریسمس دەرفەتیان هەیە بە نرخێکی هەرزانتر پێداویستییەکانیان بکڕن.