توێژینەوەیەک: ڤیاگرا ئەگەری تووشبوون بە ئەلزەهایمەر کەمدەکاتەوە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی نوێ لە بەریتانیا ئاشکرای دەکات، ئەوانەی دەنکۆڵەی ڤیاگرا بەکاردەهێنن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر کەمدەبێتەوە.
 
توێژەرانی زانکۆی کۆلێژی لەندەن لە بەریتانیا دەریدەخەن، دەرمانی ڤیاگرا کە بۆ بەرزەپەستانی خوێنی سییەکان و زیادبوونی توانای سێکسی بەکاردێت، خانەکانی مێشک زیاتر چالاکدەکات، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە ئەلزەهایمەر کەمدەکاتەوە.
 
توێژینەوەکە لەسەر 260 هەزار پیاو بۆ ماوەی پێنج ساڵ کرا و دەرکەوت، ڤیاگرا 18٪ ئەگەری تووشبوونی بە ئەلزەهایمەر، باوترین نەخۆشیی لەبیرچوونەوە؛ کەمکردووەتەوە، چونکە زۆرینەی ئەوانەی ڤیاگرایان بەکارهێناوە، تووشی نەخۆشییەکە نەبوون.
 
د. رووس براوەر، نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: ''لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستن بۆ زانینی کاریگەرییەکانی ڤیاگرا، چونکە خراپ بەکارهێنانی دەرمانەکە دەشێت ژیانی بەکارهێنەران بخاتە مەترسییەوە''.
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەلزەهایمەر باوترین نەخۆشیی لەبیرچوونەوەیە کە خانەکانی مێشک دەپووکێنەوە و لاوازدەبن، بەمەش چەند نیشانەیەک بە کورتخایەن و درێژخایەن دەردەکەون.

ئەو کەسانە کێن کە هەرگیز نابێت ڤیاگرا بەکاربهێنن؟