5 بەرکەوتووی دیکەی چەکی کیمیایی نەشتەرگەریی چاندنی گلێنەیان بۆ دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، 64 بەرکەوتەی چەکی کیمیاییان هەن کە گلێنەی چاویان لەدەستداوە، بڕیارە حکومەتی عێراق نەشتەرگەری چاندنی گلێنەیان بۆ بکات. ئەمڕۆش یەکەم کاروان دەنێرینە موسڵ.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2024، د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ماوەکانی رابردوودا داواکاریمان ئاراستەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق کرد کە هاوشێوەی نەخۆشان و بەرکەوتەکانی جەنگی شارەکانی عێراق، بەرکەوتەکانی چەکی کیمیایی هەڵەبجەش سوودمەند بکرێن و چارەسەری نەخۆشییەکانیان بۆ بکرێت، بەتایبەتی ئەوانەی کێشەی لەدەستدانی گلێنەی چاویان هەیە. وەزیری تەندروستیی عێراقیش رەزامەندی لەسەر ئەو داواکارییەمان دەربڕی."
 
د. ئازاد مستەفا گوتی، لە هەڵەبجە 64 بەرکەوتەی چەکی کیمیاییمان هەن کە گلێنەی چاویان لەدەستداوە. تیمێکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ساڵی رابردوو هاتنە هەڵەبجە و ئەو بەرکەوتانەیان بینین و پشکنینیان بۆ کردن. هەرکەس خواستی لەسەربوو ناویان تۆمارکردن و ئەمڕۆش وەک یەکەم کاروان 5 لەو بەرکەوتانە دەنێردرێنە موسڵ و نەشتەرگەری چاندنی گلێنەی چاویان بۆ دەکرێت.
 
ئەو سەنتەرەی لە موسڵ نەشتەرگەرییەکەی تێدا دەکرێت، سەنتەری پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاوە و سەر بە حکومەتی عێراقە. سەرجەم خەرجییەکان، بە هاتووچۆشەوە لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە. 
 
لە 16ی ئاداری 1988 دەسەڵاتی بەعس هەڵەبجەی بە چەکی کیمیایی بۆردوومانکرد و زیاتر لە پێنج هەزار کەس شەھیدبوون و 10 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون. 
 
بە گوتەی لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، "808 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی لە هەرێمی کوردستان هەن."