زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی: رۆنی ماسی چارەسەری وشکبوونی چاو دەکات
رووداو - هەولێر
پسپۆڕانی بواری نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی هارڤارد بەکارهێنانی رۆنی ماسی بە رێگەیەکی کاریگەر دادەنێن بۆ رێگری لە وشکبوونی چاو، هەروەها رایدەگەیێنن وشکبوونی چاو نەخۆشییەکی درێژخایەنە و چارەسەری هەمیشەیی نییە.
دکتۆر تۆماس دۆڵمان، پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو لە زانکۆی هارڤارد لە ئەمریکا دەڵێت: ''هەرچەندە وشکبوونی چاو کێشەیەکی درێژخایەنی چاوە، بەڵام پزیشکان دەتوانن بە بەکارهێنانی دەرمانی تایبەت رێگری لە وشکبوونی چاو بکەن''.
دکتۆر تۆماس روونیکردەوە باوترین هۆکاری وشکبوونی چاو بریتیین لە (تەمەن، ژینگە، کاریگەری لاوەکیی دەرمان و گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان).
ئەم پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی چاو و نەشتەرگەریی چاو پێشنیازی رێگەیەکی کاریگەری کردووە و دەڵێت: ''دەتواندرێت رۆنی ماسی وەک چارەسەرێکی سەرەکی بۆ رێگری لە وشکبوونی چاو بەکاربهێندرێت لەژێر سەرپەرشتی پزیشکی پسپۆڕ، چونکە لە هەندێک بارودۆخدا کاریگەری لاوەکی دروست دەکات بەتایبەت لەو کەسانەی خوێنیان خەستە و دەرمانی شلبوونەوەی خوێن بەکاردەهێنن.
بەپێی ئامارەکانی پەیمانگەی نێودەوڵەتی چاو زیاتر لە یەک ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکی گیرۆدەی وشکبوونەوەی چاون. کاریگەری لاوەکیی دەرمان باوترین هۆکارە بۆ تووشبوون بە وشکبوونی چاو.