توێژینەوەیەک: خۆشەویستی بۆ فێربوون، قوتابی دەباتە لووتکە

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی زانکۆی کوین ماری لە بەریتانیا دەریدەخات، زیرەکیی بۆماوەیی منداڵ تاکە کلیلی سەرکەوتن نییە، بەڵکو کۆڵنەدان و خۆشەوسیتی بۆ فێربوون بە بەردەوامی دەشێت قوتابیێک بباتە لووتکەی پۆلەکەی. 
 
ئەم توێژینەوەیە بە بەشداری 10 هەزار قوتابیی تەمەن حەوت بۆ 16 ساڵ ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە، هەوڵدان بۆ فێربوون و گرنگیدانی بەردەوام بە وەرگرتنی زانیاریی دەشێت کلیلی سەرکەوتن بێت بۆ ئەو قوتابییانەی کە لە بۆماوەییەوە زیرەک نین. 
 
د. ئاندرێ ئالێگرینی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''لە سیستمی پەروەردەمان بە شێوەیەکی نەریتی گرنگی زیاتر بە قوتابییە زیرەکەکان دەدرێت، کاتی ئەوە هاتووە ئەو سەرنجە هاوسەنگ بکەینەوە و گرنگییەکی یەکسان بدەین بە پەروەردەکردنی کارامەیی هەموو ئەو قوتابییانەی ئارەزووی فێربوونیان هەیە".
 
بە گوێرەی کۆمەڵەی دەرووندروستی لە ئەمریکا، ئەمانە چەند رێگەیەکن بۆ باشترکردنی توانای زیرەکی لە منداڵ؛
 
- بوونی خشتەیەکی رێکی خەوتنی رۆژانە بەپێی تەمەن.
- گرنگیدان بە وەرزشە جیاوازەکان.
- بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی هاوڕێیەتی لە تەمەنی زوو.
- کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی.
- خوێندنەوە و بایەخدان بە فێربوونی زمانی دیکە.
- خواردنی خۆراکی تەندروست و ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا 3.