لە ئەمریکا کار لەسەر بەرهەمهێنانی جۆرێكی جیاوازی دەرمانی دژەبەکتریا دەکرێت
رووداو - تەندروستی
زانکۆی ئیڵینۆیس لە ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کار لەسەر دەرمانێکی نوێی دژە بەکتریا دەکرێت کە بە دوو شێوە هێرش دەکاتە سەر بەکتریاکان.
بە گوێرەی ئەم زانکۆیە، دەرمانە نوێیەکە بە ناوی 'ماکرۆلۆن' لە دوولاوە بەکتریاکان تێکدەشکێنێت و بەمەش بەکتریاکان ناتوانن بەرگری دژ بەم دەرمانە دروستبکەن.
ئەلکساندەر مانکین، پرۆفیسۆری زانستی دەرمانسازی دەڵێت، '' ئەم دەرمانە بە هەمان چڕی، هەردوو ئامانجەکە دەپێکێت، بەمەش بەکتریاکان توانای بەرگریکردنیان لەدەست دەدەن''.
ئەم پرۆفیسۆرە ئاماژە بەوەدەکات 'Macrolone' تایبەتمەندی هەردووک دەرمانی Erythromycin و Ciprofloxacinـی هەیە کە پرۆتین و ئەنزیمی بەکتریاکان تێکدەشکێنێت.
بە گوێرەی مایۆکلینیک، زۆر بەکارهێنانی دەرمانی دژە بەکتریا یاخود هەڵە بەکارهێنانیان، وادەکات بەکتریا بەرگری دژ بە دەرمانەکە دروست بکات، بەجۆرێک کە دەرمانەکە کاریگەری نەمێنێت بۆ چارەسەر.