ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی پاپیلۆما ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە کەمدەکاتەوە

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی کۆمەڵەی شێرپەنجە لە ئەمریکا دەریدەخات، ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی پاپیلۆما ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان لە خانمان و شێرپەنجە باوەکانی دەم و قوڕگ لە پیاوان کەمدەکاتەوە. 
 
توێژینەوەیەکی نوێی کۆمەڵەی شیێرپەنجە لە ئەمریکا ئەوە دەخاتەڕوو کە ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی پاپیلۆما HPV لە سەرەتا بۆ رێگریکردن لە شێرپەنجەی ملی منداڵدان لە ئافرەتان پەرەی پێدراوە و بووە هۆی کەمکردنەوەی رێژەی شێرپەنجەکە، ئێستا ئەم توێژینەوە نوێیە پشتراستی دەکاتەوە ئەو پیاوانەی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە، کەمتر تووشی شێرپەنجەی دەم و قوڕگ دەبن. 
 
لە توێژینەوەکەدا هاتووە 3.4 ملیۆن کەس بەشداریان لەم توێژینەوەیە کردووە، نیوەیان ڤاکسینیان پێدراوە و لە بەرامبەردا نیوەیان کوتانیان بۆ نەکراوە، لە ئەنجامدا وەک چاوەڕوان دەکرا، ئەو خانمانەی کوتانیان بۆ کراوە، مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان کەمتر بووە، لە پیاوانیشدا ئەگەری تووشبوون بە هەر شێرپەنجەیەکی پەیوەست بە ڤایرۆسی پاپیلۆما کەمتر بووە.
 
دکتۆر جۆزێف کۆری، پزیشکی نەشتەرگەری سەر و مل لە سەنتەری شێرپەنجەی سیدنی کیمێل لە فیلادلفیا دەڵێت: "پێمانوایە زۆرترین سوودی ئەم ڤاکسینە لە دوو سێ دەیەی داهاتوودا دەردەکەوێت و داواکارم گەنجەکان پێش تووشبوون بەم ڤایرۆسە ئەم ڤاکسینە وەربگرن". 
 
بە پێێ ناوەندی کۆنتڕۆلکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا  CDC  ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤ زۆر باو و لە رێگەی سێکسەوە دەگوازرێتەوە، زۆرجار دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە، بەپێی ئامارەکانی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان، ساڵانە لە ئەمریکا نزیکەی ٣٧ هەزار تووشبووی شێرپەنجەی پەیوەست بەم ڤایرۆسە تۆماردەکرێن. 
 
بە گوێرەی ئەم ناوەندە، لە ئەمریکا ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی پاپیلۆما HPV لە ساڵی 2006-ەوە بۆ نەوجەوانی تەمەن 11 بۆ 12 ساڵان پێشنیار کراوە، لە ساڵی 2011 تا 2020  لە نێو خانماندا رێژەی کوتان دژ بەم ڤایرۆسە لە 38% بۆ 49% و لە نێو پیاوان لە 8% بۆ 36% بەرزبووەتەوە.