پسپۆڕێک: ڤایرۆسێکی مەترسیدار تووشی خانمان دەبێت و شێرپەنجە دروستدەکات
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون رایدەگەیێنێت، ئێستا تووشبوویەکی زیاتری شێرپەنجەی ملی منداڵدان دەبینن کە بەهۆی ڤایرۆسێکەوە دووچاری نەخۆشییەکە بوون، ئەو دەڵێت: ''ڤاکسینی ڤایرۆسەکە لە عێراقدا نییە''.
د. پەروین جەبار خانی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون بە رووداوی راگەیاند، ئەو ڤایرۆسەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان زیاددەکات ناوی HPVـیە و پەیوەندیی سێکسیی ناتەندروست رێگەی سەرەکیی گواستنەوەیەتی.
بە گوتەی د. پەروین، 90٪ـی تووشبووانی ڤایرۆسەکە بێ نیشانەن، هەر بۆیە باشترە هەر خانمێک سێ ساڵ جارێک، پشکنینی پێشوەختە بکات؛ لە خوارەوە پشکنینەکانی روونکردووەتەوە.
دەقی وەڵامەکانی د. پەروین جەبار خانی، لەبارەی ڤایرۆسە مەترسیدارەکەی شێرپەنجەی ملی منداڵدان؛
رووداو: ئەو ڤایرۆسە چییە کە شێرپەنجەی ملی منداڵدان دروستدەکات؟
د. پەروین جەبار: ڤایرۆسێکە ناوی HPVـیە و تووشی پێستی شوێنە هەستیارەکانی جەستە دەبێت، زۆر جۆری هەیە، بەشێکیان مەترسیدارن و بەشێکی زۆریشیان ئاسایین، ئەوانەی کە مەترسیدارن دەشێت لە درێژخایەن ببنەهۆی شێرپەنجەی ملی منداڵدان و زێ لە خانمان و شێرپەنجەی چووک لە پیاوان.
رووداو: چۆن کەسێک تووشی ڤایرۆسی HPV دەبێت؟
د. پەروین جەبار: سەرەکیترین رێگە بەرکەوتنە بە پێستی کەسی تووشبوو، بەتایبەت لە رێگەی سێکس یاخود بەرکەوتن لەگەڵ ئەو پێستەی کە تووشی ڤایرۆسەکە بووە.
رووداو: نیشانە سەرەکییەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە چین؟
د. پەروین جەبار: 90٪ـی تووشبووانی ڤایرۆسەکە بێ نیشانەن، هەر بۆیە باشترە هەر خانمێک سێ ساڵ جارێک، پشکنینی پێشوەختە بکات بە ناوی Pap Smear و پشکنینی ڤایرۆسی HPV کە ئێستا لەنێو تاقیگەکان هەیە.
رووداو: چۆن خانمان و پیاوان خۆیان بپارێزن لە ڤایرۆسی HPV؟
د. پەروین جەبار: ئەگەر خانمان شێوازی ژیانیان ناڕێک بێت، ئەوا ئەگەری تووشبوونیان یاخود دەرکەوتنی نیشانەکانی ڤایرۆسەکەیان زیاددەبێت؛ دەکرێت بەم شێوەیەش خۆیان بپارێزن لە تووشبوون؛
- بەکارهێنانی کۆندۆم لەکاتی سێکس
- ئەنجامدانی سێکسی تەندروست
- ئەنجامنەدانی سێکس لەکاتی هەبوونی نیشانە
- پشکنینی پێشوەختە بۆ زوو وەرگرتنی چارەسەر
رووداو: ئەگەر خانمێکی دووگیان تووشبووی ڤایرۆسەکە بوو، مەترسیی لەسەر دووگیانییەکەی دروستدەبێت؟
د. پەروین جەبار: پەیوەندیی راستەوخۆی نییە و کاتێک کاریگەریی دەبێت کە ڤایرۆسەکە بگاتە قۆناخی شێرپەنجە و خانمەکە تووشی خوێنبەربوون ببێت.
رووداو: لە هەرێمی کوردستان ڤاکسینی پێشگیری لە ڤایرۆسەکە هەیە؟
د. پەروین جەبار: لە هەرێمی کوردستان نییە و دەبێت نەخۆش بە ناچاری بچێتە وڵاتانی دراوسێ بۆ کوتان بە ڤاکسینەکە، پێویستە حکومەت هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ پشکنینی پێشوەختە دابنێت، هەروەها ڤاکسین دژی ڤایرۆسەکە بەردەستبکات، چونکە ئێستا لە بەریتانیا بۆ خانمانی سەروو 13 ساڵان لێدەدرێت.