دکتۆر فاوچی تووشی نەخۆشیی تای رۆژئاوای نیل دەبێت

رووداو - تەندروستی 

وتەبێژێکی تەندروستیی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دکتۆر ئانتۆنی فاوچی، بەڕێوەبەری پێشووتری پەیمانگەی نیشتیمانی بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان و سەرۆکی پێشووتری راوێژکاریی پزیشکیی کۆشکی سپی تووشی نەخۆشیی تای رۆژئاوای نیل بووە. 
 
بەگوێرەی ئەم وتەبێژە، دکتۆر فاوچی بۆ ماوە 10 رۆژە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، نیشانەکانی وەکو 'ماندویێتی، لەرز و تا' لێی دەرکەوتوون و لە قۆناخەکانی تێپەڕاندنی نەخۆشییەکەیە. 
 
ئەم وتەبێژە ئاماژە بەوەدەکات، دکتۆر فاوچی بەهۆی پێوەدانی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە تووشی ئەم نەخۆشییە بووە. 
 
دکتۆر ئانتۆنی فاوچی وەکو سەرۆکی راوێژکاریی پزیشکیی کۆشکی سپی لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا رۆڵێکی دیاری هەبوو لە هۆشیارکردنەوە و دەرخستنی دوایین زانیارییەکان لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڤاکسینی تایبەت بە کۆرۆنا. 
 
تای رۆژئاوای نیل چییە؟ 
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، تای ڕۆژئاوای نیل نەخۆشییکی ڤایرۆسییە بە شێوەیەکی باو لە ڕێگەی پێوەدانی مێشوولەیەکی تووشبووەوە بڵاودەبێتەوە، زۆرینەی کات کەسی تووشبوو هیچ نیشانەیەکی لێ دەرناکەوێت. 
 
نیشانەکانی بریتین لە؛
 
- تا
- سەرئێشە
- ئازاری جەستە
- رشانەوە
- سکچوون 
 
چۆن دەگوازرێتەوە؟
 
- گازگرتنی مێشوولەی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە
- گواستنەوەی خوێن لە کەسێکی تووشبوو
- وەرگرتنی ئەندامی جەستە لە کەسی تووشبوو
- دایکی تووشبوو بۆ کۆرپەلە لە ماوەی دووگیانی و شیرپێدان
 
چۆن پێشگیری لێدەکرێت؟
 
- خۆپاراستن لە مێشوولە بە 'خەوتن لەژێر پەردەکوللە، بەکارهێنانی سپڕەی دژە مێشوولە و لەبەرکردنی جلوبەرگی قۆڵدرێژ'.
- نەچوونە ئەو شوێنانەی کە نەخۆشییەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە.
- هیچ ڤاکسینێک نییە بۆ پێشگیری لێی.