کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر: 12.5٪ـی خانمان لە فەرەنسا شێرپەنجەی مەمکیان هەیە

رووداو - تەندروستی

لەم مانگەدا کە ناسراوە بە 'ئۆکتۆبەری پەمەیی' کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر دەڵێت، فەرەنسا زۆر بایەخ بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی لەبارەی پێشگیری لە شێرپەنجەی مەمک دەکات، ''چونکە 12.5٪ـی خانمان لە فەرەنسا شێرپەنجەی مەمکیان هەیە''.
 
رۆژی چوارشەممە 23-10-2024 پەیمانگەی فەرەنسی لە هەولێر بۆ هۆشیارکردنەوە و بایەخدانی زیاتر بە پێشگیری لە شێرپەنجەی مەمک چالاکییەکی کرد و یان برایێم، کۆنسوڵی فەرەنسا لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، لە فەرەنسا لەکۆی هەشت خانم، یەکێکیان شێرپەنجەی مەمکی هەیە.
 
یان برایێم، کۆنسوڵی فەرەنسا لە هەولێر گوتی، ''ئێمە بە فەرەنسی دەڵێین (ئۆکتۆبغۆ غوز) واتا ئۆکتۆبەری پەمەیی، هەڵمەتێکی زۆر گرنگە و لە ساڵی 1985ـەوە بەردەوامە، فەرەنساش لە پەرەپێدانی ئەو هەڵمەتە زۆر چالاک بووە. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێمان دەڵێت، ساڵانە 2.3 ملیۆن تووشبووی نوێ لە جیهاندا دەستنیشاندەکرێن. 2.3 ملیۆن کەس واتا 2.3 ملیۆن ژن و پیاو، هەرچەندە رێژەی پیاوان 1٪ـە. شێرپەنجەی مەمک کاریگەریی لەسەر هەموومان هەیە. نەخۆشییەکە هۆکاری یەکەمی گیانلەدەستدانی ژنانە بەهۆی شێرپەنجەوە. لە فەرەنسا لە هەموو هەشت خانمێک، یەکێکیان شێرپەنجەی مەمکی هەیە''.
 
د. یوسف عەلی، پزیشکێکی بەشداربووە لە فەرەنساوە هاتووەتە هەولێر و لەنێو چالاکییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پشکنینی پێشوەختە باشترین رێگەیە بۆ دڵنیابوونەوە و ئاسانکردنی چارەسەرەکان لە ئەگەری بوونی شێرپەنجەی مەمک.
 
ئەوەش دەڵێت کە پشکنینی پێشوەختە بۆ خانمانی سەروو 40 ساڵان کاریگەرە و بە پێویستی دەزانێت بایەخی پێبدەن.
 
مانگی 'ئۆکتبەری پەمەیی' لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە بۆ هۆشیارکردنەوە، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی پشکنینی شێرپەنجە و بایەخدان بە خودپشکنینی مەمک دانراوە.