لە ئەڵمانیا یەکەم تووشبووی گۆڕاوی نوێی ڤایرۆسی 'ئاوڵەی مەیموون' تۆمارکرا
رووداو - تەندروستی
بە فەرمی پەیمانگەی رۆبەرت کوخ بۆ تەندروستیی گشتی لە ئەڵمانیا یەکەم تووشبووی گۆڕاوی نوێی ڤایرۆسی 'ئاوڵەی مەیموون'ـی راگەیاند و رێکارەکانی خۆپارێزی لێی گیراونەتەبەر.
پەیمانگەی رۆبەرت کوخ بۆ تەندروستیی گشتی رایدەگەیێنێت، رێوشوێنەکانی کۆنتڕۆڵکردن بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئاوڵەی مەیموون لە وڵاتەکە گیراونتەبەر و ئێستا ئەگەری تەشەنەکردنی کەمە.
هاوکات حکومەتی ئەڵمانیا ئاشکرای دەکات، بەرکەوتنی راستەوخۆ بە پێست یان ماچکردن و پەیوەندیی سێکسی رێگەی سەرەکین بۆ گواستنەوەی نەخۆشییەکە و ئەمە وەکو کۆڤید-19 نابێتە پەتایەکی جیهانی.
لە نێوەڕاستی ئابی ئەمساڵدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی باری لەناکاوی بۆ بڵاوبوونەوەی جۆرێکی مەترسیدار و نوێی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموونی لە ئەفریقا راگەیاند و بەهۆیەوە لەمساڵدا لە ئەفریقا 42 هەزار و 400 کەس لە ئەفریقا تووشی نەخۆشییەکە بوون کە زیاتر لە هەزار کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
سەرەتا نەخۆشییەکە لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆوە سەری هەڵدا و دواتر گوازرایەوە بۆ وڵاتەکانی 'رواندا، ئۆگەندا، کینیا، پاکستان، هیندستان، فلیپین، سوێد، ئوردن و تایلاند'.
نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' چییە؟
نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و بۆ چارەسەر پێویست بە بەکارهێنانی دژەبەکتریاکان ناکات، بەڵکو خۆکارانە وەکو هەڵامەت دوای تەواوبوونی ماوەکەی لاوازدەبێت و نامێنێت.
رێگەکانی گواستنەوەی ''ئاوڵەی مەیموون''
- بەرکەوتن بە شلە و جەستەی ئاژەڵی تووشبوو
- دەستلێدان
- ماچکردن
- سێکسکردن
- بەکارهێنانی پەڕۆ، جلوبەرگ و دەرزیی بەکارهاتووی کەسی تووشبوو
نیشانە و لێکەوتەکانی ''ئاوڵەی مەیموون''
- تا و بێهێزی
- پەڵەی پێست
- سەرئێشە
- ئازاری ماسوولکەکان
- ئاوسانی لیمفەگرێیەکان
- هەوکردنی تووندی سییەکان
- هەوکردنی مێشک
- ژەهراویبوونی خوێن
رێگەکانی پێشگیریکردن لە ''ئاوڵەی مەیموون''
- وەرگرتنی ڤاکسین
- دەستشۆردنی بەردەوام
- دەستنەدان لە ئاژەڵی بێلانە
- دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو
- ئەنجامدانی سێکسی تەندروست