پسپۆڕێک: ئەوانەی لە کارەکانیان مێشکیان زۆر بەکاردەهێنن، پێویستە زیاتر بخەون
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی پزیشکیی خێزانی دەڵێت، ئەوانەی لە کارەکانیان زیاتر جەستە بەکاردەهێنن و دەجووڵێن یاخود ئەوانەی مێشکیان زۆر بەکاردەهێنن، دەبێت زیاتر بخەون بەراورد بەوانەی کە کارەکانیان بە دانیشتنەوەیە و کەمتر دەجووڵێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23-10-2024 د. رەمەزان خدر، پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی لە بەرنامەی نوورۆژدا بە رووداوی راگەیاند، باشترە هەمیشە کاژێرێک پێش دەستپێکردنی دەوام و کار لەخەوهەستیت، چونکە ئەمە وادەکات باشتر کارەکە رابپەڕێنیت و جەستە بە ئاسوودەیی زیاتر مامەڵە بکات.
د. رەمەزان خدر، پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی دەڵێت: لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما چەند گۆڕانکارییەکی جەستەیی روودەدەن کە ئەمانەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکان زیاددەکەن وەکو؛
- تەسکبوونەوەی لوولەکانی خوێن {بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن}
- ئاوسان و وشکبوونەوەی نێوپۆشی دەم و لووت
- ئەگەری ئاوسانی جومگەکان زیاددەبێت
- کەمبوونەوەی بەرگریی جەستە
- کەمبوونەوەی ڤیتامین D
ئەم خاڵانەی خوارەوەش بۆ ئامادەکاری لە وەرزی زستان پێشنیازدەکات؛
- جووڵە و چالاکیی جەستەیی رۆژانە
- خواردنەوەی پێویستی ئاو
- رێکخستنی کاتی خەو
- خواردنی خۆراکی هەمەڕەنگ لە پڕۆتین، سەوزە، میوە و پاقلەمەنییەکان
- شۆردنی بەردەوامی دەستەکان
- کوتان بە ڤاکسینی دژ بە ئەنفلەوەنزا
بە گوتەی د. رەمەزان خدر، بە گشتی لە هەموو کاتێکدا 7 بۆ 8 کاژێر خەو پێویستە و باشترین کاتیش ئەوەیە لە کاژێر 10 بۆ 11ـەوە خەوتن دەستپێبکات.
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەوەش باسدەکات کە دەکرێت کەسێک بە پێنج کاژێر خەو تێرخەو ببێت و کێشەی نەبێت، بەڵام ناکرێت ئەوە بۆ هەموو کەسێک گونجاو بێت.