ئەڵمانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەیدز داوایەک لە جیهان دەکات

رووداو - تەندروستی

سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی دەکات هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای ئەیدز.
 
لە 25ـەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئەیدز کە ئەمساڵ لە شاری میونخ بەڕێوەدەچێت، سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا داوا لە سەرکردەی وڵاتەکانی دیکە دەکات بایەخی زیاتر بە هەوڵی کۆتاییهێنان بە پەتای ئەیدز بدەن.
 
ئۆلاف شۆلز، سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا دەڵێت، ''رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێویستی بە پاڵپشتی وڵاتان هەیە، دەبێت دەستپێشخەربن لە دابینکردنی بودجەی پێویست، هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییان و گرنگی دان بە پەروەردە و زانیاریی پێویست دەربارەی نەخۆشییەکە''.
 
کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئەیدز دوو ساڵ جارێک ئەنجامدەدرێت و ئەمسال لە رۆژی 22 تا 26ـی تەمموز لە شاری میونخ لە ئەڵمانیا بە بەشداری نزیکەی 10 هەزار پزیشک، پسپۆڕانی بواری تەندروستی و چالاکوانان بەرێوەدەچێت. 
 
ئەم کۆنفرانسە یەکێکە لە گەورەترین کۆبوونەوەکانی بواری تەندروستی و تێیدا نوێترین رێگە و ستراتیژییەتی بەرەنگاربوونەوەی پەتای ئەیدز پێشنیازدەکرێن.