لە بەریتانیا هۆشداری لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەدرێت

رووداو - تەندروستی

دەزگای ئاسایشی تەندروستیی بەریتانیا و فەرمانگەی کەشناسیی بەریتانیا هۆشداری لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەدەن لە بەریتانیا. 
 
دەزگای ئاسایشی تەندروستیی بەریتانیا و فەرمانگەی کەشناسیی بەریتانیا رایدەگەیێنن، پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بۆ 30 پلەی سیلیزی بەرزبێتەوە و بەرزترین پلەی گەرمیش لە ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە تۆماردەکرێت. 
 
لیام ئێسڵیک، زانای کەشناسی لە فەرمانگەی کەشناسیی بەریتانیا دەڵێت: ''بەپێی نوێترین ئاماژەکان ئەگەری ئەوە هەیە پلەکانی گەرما بگاتە 30 پلەی سیلیزی و پێدەچێت کاریگەرییەکەی لەسەر باشووری رۆژهەڵاتی بەریتانیا بێت بەتایبەتی لەندەن، ئێسێکس و کێنت''.
 
لیام ئێسڵیک دەشڵێت: ئاستی تیشکی سەروو وەنەوشەیی زیانبەخش بەرز دەبێتەوە و تینی گەرما توند دەبێت، بۆیە پێویستە رێکارەکانی خۆپارێزی لە گەرما بە باشیی جێبەجێبکرێن. 
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، خۆر سەرچاوەی تیشکی سەروو وەنەوشەییە کە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست زیاددەکات، 'بەکارهێنانی دژەخۆر، زۆر ئاو خواردنەوە، مانەوە لە شوێنی سارد و بەکارهێنانی چاویلکە و کڵاو' رێکارە سەرەکییەکانی خۆپاراستنن لە تیشکی زیانبەخشی خۆر و گەرمی ئەم وەرزە.