توێژینەوەک: کەمخەوی زیان بە دڵ و تەندروستی دەگەیێنێت

رووداو - تەندروستی 

زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیویۆرک رایدەگەیێنێت، کەمخەوی کاریگەری لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونی هەیە و مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاددەکات.
 
توێژینەوەیەک لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیویۆرک ئاشکرای دەکات، لە دەستدانی کاژێرەکانی خەوتن دەبێتە هۆی زیادبوونی مادە ئۆکسێنەرەکان لە نێو سووڕی خوێندا و ئەمەش ئەگەرەکانی هەوکردن و تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاددەکات. 

دکتۆر فو چێن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "خەوتن بۆ تەندروستیی جەستەیی و دەروونی پێویستە و کەمخەوی کاریگەری لەسەر تەندروستی هەیە بە جۆرێک لە دەستدانی یەک کاژێری خەوتن ئەگەری جەڵتەی دڵ بە رێژەی 20% بۆ 24% زیاددەکات'' . 

توێژینەوە نوێیەکە  ئاماژە بەوەش دەکات، خەوتنی رێکی شەوانە کاریگەری دژە ئۆکسێنەری هەیە کە مەترسی تووشبوون بە هەوکردن، شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە.
   
بە پێی مایۆکلینیک کاژێرەکانی خەوتن کە مرۆڤ پێویستیەتی، بە گشتی بە تەمەنەوە بەندە، بە شێوەیەک:

لە تەمەنی 0-3 مانگ، 14-17 کاژێر خەوتن پێویستە لە رۆژێکدا.
لە تەمەنی 4-11 مانگ، 12-15 کاژێر خەوتن پێویستە لە رۆژێکدا.
لە تەمەنی 1-2 ساڵ، نزیکەی 11-14 کاژێر خەوتن پێویستە لە رۆژێکدا.
لە تەمەنی 3-5 ساڵ، 10-13 کاژێر خەوتن پێویستە لە رۆژێکدا.
لە تەمەنی 6-13 ساڵ، 9-11 کاژێر خەوتن پێویستە لە رۆژێکدا. 
لە تەمەنی 14-17 ساڵ، نزیکەی 8-10 کاژێر خەوتن پێویستە لە رۆژێکدا.
زۆربەی کەسانی پێگەیشتوو پێویستیان بە 7 بۆ 9 کاژێر خەوتن هەیە.
تەمەنی 65 ساڵ و سەرووتر پێویستی بە 7-8 کاژێر خەوتن هەیە لە رۆژێکدا.
خانمانی دووگیان پێویستیان بە کاژێری زیاتری خەوتن هەیە بە بەراورد بە ئاستی ئاسایی.