لە ئەمریکا لە ئاوەڕۆ پیسەکاندا نموونەی ڤایرۆسی باڵندە دەدۆزرێتەوە

رووداو - تەندروستی 

ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC رایدەگەیێنێت، لە سەرانسەری ئەمریکا چەندین نموونە لە ئاوەڕۆکان وەرگیراون و شوێنەواری ئەنفلوەنزای باڵندەی H5N1 دەرکەوتووە. 
 
ناوەندەکە ئاماژە بەوەدەکات، نموونەی ئاو لە 41 ویلایەتدا وەرگیراوە و لە نۆ ویلایەت ڤایرۆسی ئەنفلوەنزای باڵندە H5N1 لە ئاوەڕۆکاندا دۆزراوەتەوە، شوێنەکان زیاتر نزیک ئەو ناوچانەیە کە ئاژەڵە تووشبووەکانی تێیدا دۆزراونەتەوە.
 
سۆسی لویس، لێکۆڵەر لە CDC دەڵێت، ''دوو لەم نۆ ویلایەتە 'کۆلۆرادۆ و میشیگان' حاڵەتی پشتڕاستکراوی مرۆڤی تووشبوو بە ڤایرۆسی ئەنفلوەنزای باڵندەی تێدا تۆمارکراوە''. 
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC، زیاتر لە 100 ملیۆن تووشبووی ئەنفلەوەنزای باڵندە لە نێو ئاژەڵ و پەلەوەرەکاندا تۆمارکراون و 14 کەسیش لە رێگەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو ڤایرۆسەکەیان بۆ گوازراوەتەوە.