توێژینەوەیەک: خانمان دەبێت لە کێشانی جگەرە دووربکەونەوە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی شاندۆگ لە چین دەریدەخات، جگەرەکێشانی خانمان لەپێش یاخود لەماوەی دووگیانیدا بێت، هۆکاری تووشبوونی کۆرپەلەیە بە چەندین کێشەی تەندروستی. 
 
لەم توێژینەوەیەدا چاودێری 12 ملیۆن کۆرپەلە کراوە و دەرکەوتووە، جگەرەکێشان لە خانمان لە هەرکاتێک بێت ئەگەری تووشبوونی کۆرپەلەکەی بە کێشەکانی کۆئەندامی هەناسە، لوولەکانی خوێن و تووشبوون بە گەشکە بەڕێژەی 32٪ بەرزدەکاتەوە. 
 
د. لیۆ یانگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''جگەرەکێشان هۆکاری چەندین کێشە و گرفتی تەندروستییە، هیچ ئاستێکی سەلامەتی لە کێشانی جگەرەدا نییە و دەبێت خانمان لێی دووربکەونەوە''. 
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، تەندروستیی کۆرپەلە یەکێکە لە گرنگترین پێوەرەکانی تەندروستیی گشتی، دەبێت هاوڵاتییان بە تایبەت خانمان ئاگاداری شێوازی ژیانیان بن.
 
بەپێی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی، دایکی دووگیان دەبێت خۆراکی تەندروست وەکو سەوزە و میوە، دانەوێڵەی تەواو، ئۆمێگا 3 و چەرەس بخوات، هەروەها بەکارهێنانی خوێ، شەکر و خواردنەوە خێراکان کەمبکاتەوە و لە بەکارهێنانی جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلە دووربکەوێتەوە.