دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی 27 هەزار بەشداربووی تێپەڕاند

رووداو - تەندروستی

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی، تاوەکو ئێستا ژمارەی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لە هەرێمی کوردستان 27 هەزار بەشداربووی تێپەڕاندووە.
 
دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی؛ دەرفەتێکی دیکەیە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی و دەرفەتدان بە قوتابییان، گەنجان و خۆبەخشانی کوردستان بۆئەوەی زیاتر رۆڵی خۆیان ببینن و بەشداربن لە داڕشتنی بیرۆکەی بەرنامەکە بە پێی ئەو شوێن، کولتوور و ژینگە جیاوازانەی کە لێیەوە هاتوون.
 
دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی بەجۆرێکە قوتابییان، خوێندکاران و خۆبەخشان بەشداردەبن لە پلان، جێبەجێکردن، بەرهەمهێنان و دوای بەرهەمهێنانی بەرنامەی دکتۆر ئاراس تاوەکو دەگاتە هاونیشتمانییان.
 
ئامانج لەمە رەخساندنی هەلێکە بۆ قوتابییان و خوێندکاران بۆ ئەوەی نزیکتر لە خەڵک چالاکییەکانیان ئەنجامبدەن و پەیامەکانیان لەڕێگەی پلاتفۆرمەکانی تۆڕی میدیایی رووداوەوە بگاتە زۆرترین کەس لە سەرتاسەری جیهان.
 
رۆژی شەممە، 3ـی شوباتی 2024، یەکەمین دیداری دکتۆر ئاراس لە دهۆک بە بەشداریی زیاتر لە 1000 گەنج، قوتابی و خوێندکار بەڕێوەچوو، کۆمیونیتیی دکتۆر ئاراس رادەگەیێندرا و ژمارەی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی گەیشتە زیاتر لە 12 هەزار و 350 کەس.
 
دکتۆر ئاراس برادۆستی لە یەکەم دیداریدا لە دهۆک هۆکاری راگەیاندنی پڕۆژەکەی خستەڕوو و گوتی،  "دوو ساڵە کار لەسەر ئەوە دەکەین پڕۆژەیەکی نیشتمانیی گەورە لە هەموو کوردستان دەستپێبکەین و دهۆک بکەین بە بنکەی سەرەکیی پڕۆژەکە، لەبەرئەوەی دهۆک ببێتە بناخەی هەر پڕۆژەیەک، ئەو پڕۆژەیە 100٪ سەردەکەوێت، بۆیە دکتۆر ئاراس کۆمیونیتیمان بۆ خزمەتی کوردستان دامەزراند و لە دهۆکەوە دەستپێدەکەین".
 
یەکێک لە ئامانجەکانی پڕۆژەی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی دابەزاندنی ئاستی ئەو نەخۆشییە نەگوازراوانەیە کە تووشی مرۆڤ دەبن و دەکرێ رێگەیان لێ بگیرێت. دکتۆر ئاراس برادۆستی دەڵێت، "لە دنیادا 70٪ـی هۆکارەکانی مردن نەخۆشییە نەگوازراوەکانن کە هەندێکیان بریتین لە قەڵەوی، نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە، نەخۆشییەکانی بەرزیی پەستانی خوێن و هەموو نەخۆشییە درێژخایەنەکان، لەکاتێکدا دەتوانین رێگە لە زۆرینەی ئەو نەخۆشییانە بگرین". 
 
دووەم دیداری دکتۆر ئاراس لە کەرکووک بوو، زیاتر لە دوو هەزار گەنج، قوتابی و خوێندکار بەشدارییان تێدا کرد. تەنیا لە کەرکووک زیاتر لە شەش هەزار گەنج ناویان لە کۆمیونیتیی دکتۆر ئاراس تۆمار کردووە.
 
لە دوای دیدارەکەی کەرکووک ژمارەی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لە هەرێمی کوردستان گەیشتە زیاتر لە 21 هەزار بەشداربوو.
 
دیدارەکە دڵخۆشیی گەنجان، قوتابییان و خوێندکارانی لێکەوتووەتەوە. شەهلە کەریم، خۆبەشی تەندروستییە و دەڵێت "ئێمە وەکو خوێندکارانی شاری کەرکووک، تاوەکو ئێستا دیدارەکە زۆر باش دەبینین و ژمارەیەکی زۆری گەنجانی کەرکووک بەشداربوون. لە شاری کەرکووک زۆر پێویستمان بەم ئیڤێنتانە هەیە، تاوەکو لە رێگەی ئەم دیدارانەوە بتوانین سوود بە کەرتی تەندروستی بگەیێنین."
 
رۆژی چوارشەممە، 28ـی شوباتی 2024، سێیەم دیداری دکتۆر ئاراس لە هەولێر بەڕێوەچوو، زیاتر لە سێ هەزار گەنج، قوتابی و خوێندکار بەشدارییان تێدا کرد و کۆمیونیتیی دکتۆر ئاراس راگەیێندرا. 37٪ـی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لە پارێزگای هەولێرن.
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی، تاوەکو ئێستا ژمارەی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لە هەرێمی کوردستان 27 هەزار بەشداربووی تێپەڕاندووە و لەم ژمارەیەدا؛
 
- خانمان 69٪ـی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی پێکدەهێنن.
- تەمەنی هەموو بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لەخوار 25 ساڵە.
- ٪91ـی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی تەمەنیان لە خوار 23 ساڵە.
- ٪21.3ـی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لە پارێزگای دهۆکن.
- ٪37ـی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لە پارێزگای هەولێرن.
- ٪18.7ـی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لە پارێزگای کەرکووکن.
- ٪23ـی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لە سلێمانی و هەڵەبجەن.