زانکۆی کوینسلاند لە ئوسترالیا: وەرزشکردن چالاکیی مێشک باشتردەکات
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی کوینسلاند لە ئوسترالیا دەریدەخات، تەنیا شەش مانگ وەرزشکردن توانای باشتر کارکردنی مێشک بۆ پێنج ساڵ زیاددەکات.
توێژینەوەکەی زانکۆی کوینسلاند بە بەشداری 150 هاووڵاتی کە تەمانیان لە نێوان 65 بۆ 85 ساڵیدایە ئەنجامدراوە، بەشداربووان بۆ ماوەی شەش مانگ لە وەرزشکردن بەردەوام بوون، دواتر بۆ ماوەی پێنج ساڵ چاودێریی چالاکیی مێشکیان کراوە.
د. پێری بارلێت، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵیت، لەگەڵ زیادبوونی تەمەنی بەشداربووان بەڵام چالاکی و کارکردنی مێشکیان هەر وەکو خۆی و بە تەندروستییەوە ماوەتەوە.
بە گوێرەی مایۆکلینیک، وەرزش یەکێکە لەو هۆکارانەی مێشک بەهێزدەکات، رۆژانە لانیکەم 30 خولەک وەرزشکردن هەبێت وەکو مەلەوانی، راکردن، بەپێ رۆیشتن، پایسکیلسواری، شاخەوانی، پەت پەتێن.