UN داوا لە کۆمپانیایەکی ئەمریکی دەکات بە داهێنانی چارەسەری ئایدز 'مێژوو بنووسێتەوە'
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی کۆمپانیایەکی ئەمریکی رایگەیاند، چارەسەری نەخۆشیی ئایدزی دۆزیوەتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێدەکات چارەسەرەکە بخاتە خزمەتی جیهان بۆ ئەوەی کۆتایی بە نەخۆشییەکە بهێنرێت.
وینی بیانیما، سەرۆکی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئایدز داوا لە کۆمپانیای گیڵیادی ئەمریکی دەکات، رێگەبدات چارەسەرە نوێیەکەی ببێتە بەرهەمێکی گشتی و لەو رێگەیەوە "مێژوو بنووسێتەوە".
چارەسەرەکە دەرمانێکی دژە ڤایرۆسە بە ناوی لێناکاپڤیر و ساڵی دووجار لە رێگەی سرنجەوە لە تووشبووی ڤایرۆسی HIV دەدرێت.
خانمە بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە کۆمپانیای دەرمانسازەکە دەکات، مافی بەرهەمهێنانی چارەسەرە نوێیەکە بە ئاژانسی دەرمانەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان "MPP" بدات بۆ ئەوەی چارەسەرەکە هەرزانتر لە وڵاتانی هەژار و داهات مامناوەند بەردەستبکرێت.
بیانیما پێیوایە، خەڵاتی دارایی داهێنانی چارەسەرەکە هەر چی بێت، ناوبانگی کۆتاییهێنان بە نەخۆشیی ئایدز، بۆ کۆمپانیاکە گەورەتر دەبێت.
بیانیما دەڵێت: "گیڵیاد دەرفەتی ئەوەی لە پێشە نزیکترمان بکاتەوە لە کۆتاییهێنان بە ئایدز وەک هەڕەشەیەکی تەندروستیی گشتی،" دەشڵێت: "گیڵیاد دەرفەتی هەیە جیهان رزگار بکات."
خانمەکە هەروەها لە بارەی گیڵیادەوە دەڵێت: "ئەوان دەتوانن ببنە کۆمپانیای براوەی خەڵاتی نۆبڵ. خەڵات تەنیا بە پارە نادرێت. پێزانینیش هەیە. بیهێنە پێش چاوت شتێکی چەند مەزن دەبێت."
نزیکەی 10 ملیۆن تووشبووی ڤایرۆسی نەمانی بەرگریی یاخود HIV، لە سەرانسەری جیهان چارەسەری دژە ڤایرۆسیان دەستناکەوێت. 30 ملیۆنی دیکەیان چارەسەری جیاجیای دژە ڤایرۆسیان پێدەدرێت.