کەسێک لە دهۆک بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا

رووداو - تەندروستی

بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە دهۆک ئاشکرای دەکات، دوو تووشبووی تای خوێنبەربوون لە پارێزگاکە تۆمارکراون و یەکێکیان گیانی لەدەستدا
 
د. سەگڤان حەسەن، بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە تەندروستیی دهۆک رایدەگەیێنێت، رۆژی 18ی ئەم مانگە دوو گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون لە نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک تۆمارکراون، پشکنینەکانیان بۆ تاقیگەی ناوەند لە هەولێر و بەغدا نێرداروە و پشتراستکراونەتەوە کە تای خوێنبەربوونیان هەبووە. 
 
د. سەگڤان ‌حەسەن دەڵێت، ''یەکێ لەم تووشبووانە پیاوێكی تەمەن 48 ساڵ بوو، رۆژی 19 ی مانگ گواسترایەوە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر و هەر لەوێ گیانی لەدەستدا، تووشبووەکەی دیکە کە خانمێكی خەلکی ئاکرێیە، چارەسەریی پێویستی وەرگرت و رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە''. 
 
بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە تەندروستیی دهۆک ئاماژە بەوەش دەدات، هەر کەسێک تا و خوێنبەربوونی هەبێت وەکو تووشبووی تای خوێنبەربوون مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و داوا لە هاونیشیمانیانیش دەکات لە ئەگەری هەبوونی ئەم  نیشانانە بە زوویی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن و تێکەڵی خەڵکی دیکە نەبن. 
 
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسی هاوبەشە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا، لە رێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ بەشێوەیەکی سەرەکی دەگوازرێتەوە؛ ئاژەڵی ماڵی و کێوی وەک گوێزەرەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ دادەنرێن؛ بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا نوێ نییە و سەرەتاکەی بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە.
 
نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە ئەمانەن: تا، سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵ دەبێت.
 
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لەپێناو رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون شەش رێکارى دەرکرد.
 
رێکارەکان ئەمانەن:
 
یەکەم: پێویستە سەربڕینى ئاژەڵان لە سەربڕخانە فەرمییەکان بێت و بە پشکنین و مۆری فەرمیی ڤێتێرنێری بکەوێتە بازاڕ، سەربڕین لە سەر رێگە و شەقام و لاکۆڵانەکان قەدەخەیە.
 
دووەم: پشکنینى پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بۆ ئاژەڵەکان بکرێت بە مەبەستی دڵنیابوون لە تەندروستییان.
 
سێیەم: پێویستە رێکارە تەندروستییەکان لە پۆشینی جلوبەرگی تایبەتمەند و بەکارهێنانى کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکان رەچاو بکرێت.
 
چوارەم: پێویستە لە خاڵە سنوورى و فڕۆکەخانەکان پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکرێت کە دێنە نێو هەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی دڵنیابوون لە تەندروستییان.
 
پێنجەم: وەزارەت رێکاری پێویست دەگرێتەبەر بە مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شووشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆر (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونە لەنێوان ئاژەڵەکان و ئەم هەڵمەتە هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
 
شەشەم: کۆنترۆڵکردنی دیاردەی بازرگانیی ئاژەڵان بە شێوەی نافەرمی لە دەرەوە و نێو هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها رێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵی ئەو پارێزگایانەی کە نەخۆشییەکە تێیاندا بڵاو بووەتەوە.