پزیشکێکی کورد دەبێتە ئەندامی کۆنفرانسی ئەوروپیی دڵ و لوولەکانی خوێن
رووداو - تەندروستی
بۆ یەکەمجار پزیشکێکی کورد دەبێتە ئەندامی کۆنفرانسی ئەوروپیی پزیشکانی پسپۆڕی نەخۆشییەکان و نەشتەرگەریی دڵ و لوولەکانی خوێن.
پڕۆفیسۆر ئەمین موسا لە کۆنفرانسی ئەوروپیی پزیشکانی پسپۆڕی دڵ و لوولەکانی خوێن لە فەرەنسا، چوار توێژینەوەی پێشکێشکرد؛ ئەو وەکو یەکەم پزیشکی کوردیش بووە ئەندامی کۆنفرانسەکە.
بە گوتەی پڕۆفیسۆر ئەمین موسا، زیاتر لە 12 هەزار کەس ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون و دەڵێت، ''ئەمە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ شاری دهۆک، زانکۆ و تەندروستیی دهۆک و هەرێمی کوردستان کە پسپۆڕێکی کورد لە کۆنفرانسێکی جیهانیی گشتگیردا سیمینار پێشکێشبکات و ببێتە ئەندام.''
پڕۆفیسۆر ئەمین لەبارەی سوودی بەئەندامبوون لە کۆنفرانسەکە بە رووداوی راگەیاند، هەر کەسێک بڕوانامەی بەئەندامبوون وەربگرێت، پێویستە رابردوویەکی لەگەڵ کۆنفرانسەکە هەبێت؛ هەروەها دەشڵێت، "ماوەی پێنج ساڵە بەردەوام لەگەڵ توێژەرانی کۆنفرانسەکە لەپەیوەندیداین بۆ پیشکێشکردنی نوێترین توێژینەوەکان و هەڵسەنگاندنیان لە بواری نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.''
پڕۆفیسۆرەکە گوتیشی، "هیوادارم ئەمە ببێتە هیوایەک بۆ پزیشکانی دیکەی کور کە رۆڵێکی کاریگەرییان لە تەندروستیی جیهانیدا هەبێت و بتوانن زانیاریی پزیشکیی توێژینەوە و کەسە لێهاتووەکانی جیهان بە کەرتی تەندروستیی عێراق و هەرێمی کوردستان بدەن، لەپێناو باشترکردنی کوالێتیی چارەسەرییەکان لە بەرژەوەندیی چارەخوازاندا.''
رۆژانی 16 تاوەکو 19ـی ئایاری 2023، کۆنفرانسی ئەوروپیی دڵ و لوولەکانی خوێن لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەچوو کە گەورەترین کۆنفرانسە لە بواری قەستەرە، نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.
دکتۆر ئەمین موسا، پرۆفیسۆری نەخۆشییەکانی دڵە لە زانکۆی دهۆک و سەنتەری نەخۆشییەکانی دڵ لە دهۆک؛ ئەو ساڵی رابردوو وەکو ئەندامێکی چالاک بەشداری لە کۆنفرانسی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن لە کەنداو کرد و ئەمساڵیش وەکو یەکەم پسپۆڕی کورد توانیویەتی ببێتە ئەندامی چالاکیی کۆنفرانسیی ئەوروپیی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.