توێژینەوەیەک: بەکارهێنانی ئینتەرنێت بەشێوەیەکی زانستی مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە کەمدەکاتەوە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی نیویۆرک لە ئەمریکا دەریدەخات، ئەوانەی بەشێوەیەکی زانستی ئینتەرنێت بەکاردەهێنن مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە کەمترە.
 
توێژەرانی کۆلێژی پزیشکیی کۆمەڵ لە زانکۆی نیویۆرک دەڵێن، بەکارهێنانی ئینتەرنێت بەشێوەیەکی زانستی مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە بۆ نیو هێندە کەمدەکاتەوە و توانای بیرهاتنەوەی زانیارییەکانیان باشتردەکات. 
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری کۆمەڵەی بەساڵاچووانی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە و تێیدا 18 هەزار هاووڵاتی تەمەن 50 بۆ 65 ساڵ بۆ ماوەی دوو ساڵ بەشداریان تێدا کردووە و دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی رۆژانە 'گەڕان بەدوای زانیارییەکانی نێو ئینتەرنێت، ناردنی ئیمێڵ و نووسین بە کیبۆرد'ـیان ئەنجامداوە، درەنگتر تووشی لەبیرچوونەوە و ناڕێکییە دەمارییەکانی مێشکیان بوون.  
 
دکتۆر گاون چۆ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''تێبینیمان کرد ئەوانەی بەشێوەیەکی نازانستی و بۆماوەیەکی زۆر ئینتەرنێتیان بەکارهێناوە زیاتر نیشانەکانی لەبیرچوونەوەیان لەسەر دەرکەوتووە.''
 
سەرپەشتیاری توێژینەوەکە دەشڵێت، ئەو بەشداربووانەی نیشانەکانی لەبیرچوونەوەیان لەسەر دەرنەکەوتبوو بە شێوەیەکی سنووردار و زانستییانە ئینتەرنێتیان بەکارهێناوە.
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، رۆژانە بەکارهێنانی زیاتر لە شەش کاژێر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی لەبیرچوونەوە زیاددەکات؛ هەروەها دەڵێت، کەسانی سەروو 45 ساڵ مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە زیاترە. 
 
پەیمانگەی نیشتمانیی بەساڵاچووان لە ئەمریکا دەڵێت، 'چالاکیی جەستەیی، خواردنی خۆراکی تەندروست، خەوی پێویست، ئەنجامدانی یارییە هزرییەکان' مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە کەمدەکەنەوە.