رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەستووری مافەکانی سەلامەتیی نەخۆش دادەڕێژێت

رووداو - تەندروستی

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، ئامادەکردنی دەستووری مافەکانی سەلامەتیی نەخۆش لە لووتکەی وزاریی جیهانی دەستپێدەکات و پشتگیری لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات لە داڕشتنی یاسا و رێنمایی پێویست بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی نەخۆش.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO دەڵێت، دەستوورەکە 10 مافی سەلامەتیی نەخۆش دەگرێتەوە و مافەکان گرنگن بۆ کەمکردنەوەی مەترسی و رێگریکردن لە زیانگەیاندن بە نەخۆش، هەروەها کوالێتیی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیش بۆ نەخۆش باشتردەکات.
 
د. روودی ئێگەر، بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: ''دەتوانرێت سەلامەتیی نەخۆش وەک نیشاندەرێک بۆ پابەندبوونی فراوانتری وڵاتان بۆ رێزگرتن، پاراستن و بەدیهێنانی مافەکانی مرۆڤ سەیر بکرێت''.
 
تەندروستیی جیهانی ئاشکرای دەکات، زیانگەیاندن بە نەخۆش لە چاودێریی تەندروستیدا ئاڵنگارییەکی جیهانییە و لە سەرجەم وڵاتەکاندا روودەدات، بەجۆرێک لە هەر 10 نەخۆشێک یەک نەخۆش لە چاودێریی تەندروستیدا تووشی زیان دەبێت کە 50٪ـیان دەتوانرێت رێگری لێبکرێت.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێی وایە، سەلامەتیی نەخۆش ئاماژەیە بۆ ئەو رێکار و کولتوورانەی لە سیستمی تەندروستیدا دامەزراون، سەلامەتی بەرەوپێش دەبەن و مەترسیی زیانگەیاندن بە نەخۆشەکان کەمدەکەنەوە. هەر تاکێک مافی ئەوەی هەیە چاودێریی تەندروستیی سەلامەتی هەبێت بێگوێدانە 'تەمەن، رەگەز، نەتەوە، زمان، ئایین، باری ئابووری و کۆمەڵایەتی یاخود هەر پێگەیەکی دیکە'.
 
مافەکانی سەلامەتی نەخۆش کە لە لایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاوکراونەتەوە ئەمانەن؛
 
1- چاودێریکردنی نەخۆش لە کاتی خۆی، بە شێوەیەکی کاریگەر و گونجاو
2- دابینکردنی پرۆسە و پراکتیکەکانی چاودێریی تەندروستیی سەلامەت
3- دابینکردنی کارمەندی تەندروستیی شارەزا و لێهاتوو
4- دابینکردنی بەرهەمی پزیشکیی سەلامەت و بەکارهێنانیان بە رێگەی زانستی
5- هەبوونی دامەزراوەی تەندروستیی سەلامەت و پارێزراو
6- جیاوازینەکردن و پاراستنی تایبەتمەندی و نهێنیی نەخۆش 
7- پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بەشداربن لە پێدانی زانیاری و پاڵپشتیی نەخۆش
8- بنیاتنانی تۆماری پزیشکی تایبەت بە نەخۆش
9- نەخۆش بە باشی گوێی لێبگیرێت و مافی خۆی پێبدرێت
10- هاوئاهەنگیکردنی نێوان نەخۆش و خێزان