نوێنەرێکی دەرچووانی دانەمەزراوی تەندروستی: خۆبەخش 90٪ـی ناوەند و نەخۆشخانەکان بەڕێوەدەبات

رووداو - تەندروستی

نوێنەرێکی خۆبەخشانی کەرتی تەندروستی رایدەگەیێنێت، 15 بۆ 20 هەزار دەرچوو بە خۆبەخشی تەندروستی لە سلێمانی کاردەکەن.
 
ئەمڕۆ شەممە 21ـی ئەیلوولی 2024 لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال کە بەیانییان کاژێر 8:00 پێشکێشدەکرێت؛ سەرهەنگ سەڵاح، یەکێک لە ئەندامانی دەستەی نوێنەرانی خۆبەخش و دەرچووانی دانەمەزراوی تەندروستی گوتی، هاوشێوەی بە هەمیشەیی بوونی مامۆستایانی گرێبەست، داوای دامەزراندن دەکەن، چونکە خۆبەخشانی تەندروستی جگە لەوەی دانەمەزراون، زۆرێک لە مافەکانیشیان لێ زەوتکراوە. 
 
سەرهەنگ سەڵاح دەڵێت: تەنیا لە شاری سلێمانی 15 بۆ 20 هەزار دەرچووی دانەمەزراوی تەندروستی هەن، هەروەها ژمارەی خۆبەخشانیش دەگاتە 10 هەزار و 200 کەس.
 
بە گوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، سێیەکی سێکتەرە جیاجیاکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی، زیاتر لە 10 ساڵە وەکو خۆبەخش کاردەکەن، ئێستاش داوای دامەزراندن دەکەن، تەنانەت نزیکەی 35٪ـی دەرچووانی بەشی تەندروستی لە سێکتەرە جیاجیاکان وەکو خۆبەخش کاردەکەن.
 
هەر بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان نزیکەی 48 هەزار و 538 کارمەندی دامەزراوی هەیە، ئەوانەی خۆبەخش و گرێبەستن لە وەزارەتەکە زیاتر لە 10 هەزار کەسن.