پاسکیلسواری یارمەتیی کەمکردنەوەی ئازاری ئەژنۆ دەدات

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بایەخدان بە جوڵە و ئەنجامدانی پاسکیلسواری، ئەگەری ئازاری ئەژنۆ و نیشانەکانی هەوکردنی ئێسک و جومگەکان کەمتر دەکاتەوە.
 
توێژینەوەیەک لە زانکۆی هیوستن لە ئەمریکا دەریدەخات، ئەو کەسانەی لە هەر قۆناخێکی ژیانیاندا پاسکیلسوارییان کردووە، ئەگەری تووشبوونیان بە ئازاری ئەژنۆ بە رێژەی 17% کەمترە و ئەگەری تووشبوونیان بە هەوکردنی جومگەکان بە رێژەی 21% کەمترە. 
 
د. گرەیس لۆ، نووسەری سەرەکی توێژینەوەکەیە و دەڵێت: "بە پشتبەستن بە توێژینەوەکەمان، پاسکیلسواری ماسوولکەکانی دەوری ئەژنۆکان بەهێز دەکات، ئەمەش تەندروستیی ئەژنۆکان باشتر دەکات.
 
بە پێی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتیمانی لە ئەمریکا، هەوکردنی ئێسک و جومگەی ئەژنۆ نەخۆشییەکی باوە، خانمان زیاتر لە پیاوان تووشی دەبن و هۆکارەکانی ئەمانەن' زیادبوونی تەمەن، کێشی زیادە یان قەڵەوی و مێژووی خێزانی'.