پسپۆڕێکی چاو: 30٪ـی تووشبووانی نەخۆشییەکانی چاو گیرۆدەی وشکبوونی چاوەکانن

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکان و نەشتەرگەریی چاو رایدەگەیێنێت، 30٪ـی ئەوانەی سەردانی پزیشکی پسپۆڕی چاو دەکەن بەهۆی وشکیی چاوەکانەوەیە.
 
دکتۆر ئەبوبەکر زاهیر بە رووداوی گوت، کاتێک چاو بەپێی پێویست فرمێسک دروستناکات، تووشی خوران و وشکبوونەوە دەبێت.
 
بە گوتەی دکتۆر ئەبوبەکر، ئەو حاڵەتانەی وشکیی چاویان هەبووە هەستیان بە خوران، سووتانەوە، هەستیاری بە رووناکی و تیشکی خۆر و سووربوونەوە کردووە، تەنانەت پسپۆڕەکە دەڵێت: بەشێکی تووشبووانیش ئەوانەن کە هاوێنەی دەستکردی جوانیی بەکاردەهێنن. 
 
پسپۆڕەکەی چاو سەبارەت بە قەترەی فرمێسک رایدەگەیێنێت، قەترەی فرمێسکە دەستکردەکان ئاساییە بەبێ راوێژی پزیشک بەکاربهێندرێن، بەڵام لەکاتی بەکارهێنانی قەترەی دژە بەکتریاکان و دەرمانە ستیرۆیدییەکان، پێویستە راوێژ بە پزیشک بکرێت.
 
لە بارەی هەستیاریی چاو، دکتۆر ئەبوبەکر دەڵێت: ''تووشبوون بە هەستیاری، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر وشکبوونی چاو دەبێت، چونکە هەستیاری دەردانی فرمێسک کەمدەکات.''
 
دکتۆر ئەبوبەکر کاوانی چەند رێنوێنییەکی پێشگیریکردن لە وشکبوونی چاوەکان پێشنیازدەکات وەکو 'زۆر خواردنەوەی ئاو، خواردنی سەوزە و میوەکان، هەروەها بایەخدان بە خواردنی ماسی'، هاوکات دکتۆر ئەبوبەکر گوتیشی، ''نابێت راستەوخۆ هەوای فێنککەرەوەکان لە چاو بدات و لەکاتی بەکارهێنانی شاشەی ئامێرەکان، پێویستە کەمێک لەخوار چاوەوە بێت بۆ ئەوەی چاویان بە نیمچە کراوەیی بمێنێتەوە و ئەگەری وشکبوونەوە کەمببێتەوە.
 
هاوکات دکتۆر ئەبوبەکر بەکارهێنانی چاویلکەی دژەخۆریش بە رێگەیەکی ناڕاستەوخۆ دادەنێت بۆ پێشگیریکردن لە وشکبوونی چاوەکان و دەڵێت: ''بەهۆی چاویلکەکەوە کەسەکە هەوا و تیشکی زیانبەخشی خۆر کەمتر لە چاوی دەدات.''