لە دانیمارک پشکنینێک ئەگەری لەبارچوونی منداڵ دەردەخات

رووداو - تەندروستی 

پزیشکانی نەخۆشخانەی هڤیدۆرڤی دانیمارک پشکنینێک دەدۆزنەوە بۆ دەستنیشانکردنی جینی کۆرپەلە و دەیانەوێت ناڕێکییەکانی کۆرپەلە و ئەگەری لەبارچوونی دەربخەن.
 
پشکنینەکە لە هەفتەی پێنجەمی دووگیانییەوە مەترسیی لەبارچوونی کۆرپەلە دەستنیشان دەکات و پزیشکی سەرپەرشتیار دەڵێت: ''دەتوانرا ئەم پشکنینە وەکو پشکنینەکانی دیکەی دووگیانی بەکاربێت، بەڵام تاوەکو هەفتەی 10ـی دووگیانی بەکارنەدەهات، ئێمە دەرمانخستووە کە دوای هەفتەی پێنجەمی دووگیانی دەتواندرێت بەکاربێت، ئێمە دەتوانین بە پشکنینی خوێنی دایکەکە جینی کۆرپەلەکە و ئەگەری لەبارچوون دەربخەین.''
 
بە گوێرەی ناوەندی خانمان لە ئەمریکا، 'ناهاوسەنگیی هۆرمۆنەکان، نەخۆشیی کوێرەڕژێنەکان، خوێن مەیین و ناڕێکیی شێوازی ژیان' دەکرێت هۆکار بن بۆ لەبارچوونی منداڵ.
 
مایۆکلینیکی پزیشکیش رایدەگەیێنێت، 10٪ بۆ 20٪ـی ژنانی دووگیان دووچاری لەبارچوون دەبن و لە دانیمارک لە 10 ژن یەکێکیان منداڵی لەباردەچێت، هاوکات پشکنینە نوێیەکە پێشنیازکراوە بۆ ئەو خانمانەی سێ جار منداڵیان لەبارچووە، یاخود لەدوای هەفتەی دەیەمەوە منداڵیان لەبارچووە. 
 
پزیشکان نموونەی خوێنەکان دەخەنە نێو ئامێری تاقیگەییەکان و دواتر ناڕێکیی جینی منداڵەکەیان بۆ دەردەکەوێت. 
 
خانمان دڵخۆشن کە هیوایەکیان هەیە لە سەرەتاکانی هەفتەی دووگیانی دەتوانن تەندروستیی منداڵەکانیان بپشکنن و ریکێ هێمینگسن، خامێکە کە گیرۆدەی لەبارچوونی منداڵ بووەتەوە و دەڵێت: "پێم وایە پڕۆژەکە هەموو خەم و پەژارەی لەبارچوونی مناڵ کەمدەکاتەوە، چونکە بۆ هەر لەبارچوونێک هەست بە خەمێکی زۆر دەکرێت؛ بۆیە دەتوانین خەمەکانمان بڕەوێنینەوە، بۆیە پێم وایە ئەو پڕۆژەیە هیوایەکم پێدەبەخشێت.''
 
پزیشکان دەیانەوێت چیدیکە خانمان لەژێر گوشاری لەبارچوونی کۆرپەلەکانیان نەبن و لە سەرەتاکانی دووگیانیدا پێشگیری لێ بکەن و ئاگاداری تەندروستیی کۆرپەلەکانیان بن.